سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ـی٢ـی٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە کلێمێنس زێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەركەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی بوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی گشتی و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی ئەڵمانیا کرد لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو ئەرکەی کە هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە بینیویەتی لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش و پێزانینی خۆی دووپاتکردەوە بۆ گەل و حکومەتی ئەڵمانیا کە هاوکاریی هەرێمی کرد لە دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازیی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکان کرد بۆ رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هانی هەردوولا دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێکەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قووت و بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم نەکرێتە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان.

وتیشتی رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە، بەڵکو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ ئازادیی رادەڕبڕین کرد لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەو رووەوە جەختیکردەوە لەسەر فەراهەمکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە پێناوی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا.

لە بارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا، لاهور شێخ جەنگی دوپاتیکردەوە کە یەکێتیی پێی وایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر رێگەی سەربازیی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.

کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و تێڕوانینە واقیعییەکانی لەبارەی ئەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کراو و هاوڕایی خۆی بۆ دووپات کردەوە.

 783 جار بینراوە