سەرەکی » ئاراستە » یادی سەركردەی نەمر خەلیل دۆسكی

یادی سەركردەی نەمر خەلیل دۆسكی

ئاوات كۆكەیی

سەركردەی كۆچكردوو خەلیل نیعمەت دۆسكی، لە تافی لاویدا وەك پیشە ئەفسەر بوو لە دەوڵەتی عیراقدا، بەڵام كوردێكی بە بیروباوەڕی كوردانەو خاوەن هەستێكی خاوێنی نیشتمانی و رۆحێكی كوردپەروەرانەی یاخی، یاخی لە زوڵم و زۆری دەوڵەت بەرامبەر نەتەوەكەی.

كاتێك شۆڕشی ئەیلول شكست دەهێنێت لە ساڵی 1975دا، سەیدا خەلیل رێك لەوكاتەدا خولی ئەفسەری تەواو دەكات و لە دەزگای پۆلیسی دەوڵەت دەستبەكاردەبێت، ئەوكاتە بارودۆخی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر سەخت و كەشێكی بێهیواییدا تێدەپەڕێت، شۆڕش ئاشبەتاڵی لێكردو تێكۆشەرانی شاخیش بەناچاری رێگەی گەڕانەوەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتیان گرتەبەر، هەر بۆیە خەلیل دۆسكیش لەو بارودۆخەدا بەناچاری دەمێنێتەوە، بەڵام وەك كوردێكی هۆشیارو بەئاگا هەڵسوكەوتی كردووەو هەركە یەكێتیش دامەزراو كوورەی شۆڕشی جۆشدایەوە، بەزوویی كەوتە خۆو چووە نێو كۆڕی تێكۆشانی شۆڕشی نوێوە، واتا هەر لەو سەروەختەی كە ئەفسەربووە پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوەو خولیای ئەوەی هەبووە رۆژێك دابێت حكومەتی كورد درووستببێت و ئەویش بتوانێ لە سوپاو لە دەزگاكانی حكومەتی كوردستاندا خزمەت بكات.

ئەفسەرێكی شارەزاو بەدیسپلین و خاوەن زانستی پۆلیسی و سەربازی بوو، هەمیشە جدی بووە لە كارەكانیدا، زانست و جدیبوونی ئەو لە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جوانی رەنگیدایەوە.

بێگومان وەك ئەفسەرێكی شارەزا، بەزانیاری و زانستی سەربازییانەی خۆی كەلێنێكی گەورەی لەقۆناغی شۆڕشی شاخ و دوای راپەڕینیش، پڕكردەوە.

ژیاننامەكەی
سەركردەی نەمر خەلیل نیعمەت دۆسكی، ساڵی 1954 لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەریی شاری دهۆك لە دایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە دهۆك تەواوكردووە، ساڵی 1975 سەركەوتووانە كۆلێژی پۆلیسی عیراقی تەواوكردووەو بۆتە ئەفسەر، لەساڵی 1978 چۆتە كۆڕی خەباتەوە لە ڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، دڵسۆزانە كاریكردووەو لە میانی خەباتیدا ئازایی و بوێریی زۆری نواندووە.

لە ساڵی 1985دا پەیوەندیكردووە بەشۆڕشی نوێوەو بووە بەپێشمەرگە لە بارەگای سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كراوەتە ئەندامی مەكتەبی عەسكەری.

لە زۆربەی شەڕو داستانەكان دژی سوپای رژێمی بەعسی داگیركەر بەشداربووە، بەتایبەت لە شاڵاوەكانی ئەنفال بۆسەر دۆڵی جافایەتی و بارەگای سەركردایەتی شۆڕش و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

خەلیل دۆسكی، لە خەباتی شاخدا كەسێكی خۆگرو بەبیروباوەڕ بوو، هەرزوو توانی جێگەی خۆی بكاتەوەو ببێتە یەكێك لەوتێكۆشەرانەی كەبۆ ئازادی گەلەكەی، ژیانی تایبەتی خۆی بكاتە قوربانی، ئەو بۆ گەلەكەی و بۆ یەكێتییەكەی دڵسۆزێكی راستەقینەبوو، تا دواهەناسەشی سپارد هەربە دڵسۆزی و بەگیانی پێشمەرگەیی مایەوە.

ئەو پێشمەرگەیە، سەركردەیەكی قارەمان و فەرماندەیەكی ئازاو بەتواناو بوو، لەراپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان كاریگەرانە بەشداریكردووەو لێپرسراوی سەربازیی ناوچەی بادینان بووە، رۆڵی ئەو سەركردەیە لەراپەڕینی ئەوناوچەیەدا، دیارو بەرچاو بوو.

لە ساڵی 1993شداو دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كرایە لێپرسراوی ئاسایشی گشتیی پارێزگای دهۆك، لەوبوارەشدا ئەركەكانی بەسەركەوتوویی جێبەجێ دەكردو نمونەیەك بوو لە سەركەوتنی كارو ئەركی نوێ، هاوكات ئەندامی مەڵبەندی چواری یەكێتی بوولە بادینان.

پاش ماوەیەك كرایە ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لەمانگی 7/1996 یش پلەی سەربازیی بەرزكرایەوە بۆ لیوا.

بەو زانستە سەربازییەی هەیبوو لەهەموو كەس زیاتر پەی بەوەدەبرد كەدەبێت هێزی پێشمەرگە لەسوپایەكی یەكگرتوودا رێكبخرێت و ببێتە سوپای كوردستان، بەردەوامیش لەهەوڵی ئەوەدا بوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكاتە هێزێكی نیزامی و لەبنكەكانی مەشقدا سەربازو جەنگاوەری بەدیسپلین بۆ پارێزگاری لەخاكی كوردستان پەروەدە بكات.

ساڵی 2001 لەكۆنگرەی دووەمی ی.ن.ك بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، هەمان كات پۆستی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی پێشووی سلێمانی) پێدراوە.

بەداخەوە، رۆژی 29/2/2004 لەنەخۆشخانەی ئازادیی شاری دهۆك كۆچی دوایی كردو رۆژی دواتر لە گۆڕستانی (شاخكێ) بەخاك سپێردرا.

 127 جار بینراوە