سەرەکی » وتار » فه‌لاح كه‌ریم‌ » هه‌مووان خاوه‌نی عیراقن خۆیان نه‌بێتپەڕە 27

هه‌مووان خاوه‌نی عیراقن خۆیان نه‌بێت

پێگه‌ی‌ جیۆسیاسی عیراق و نه‌بوونی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عیراقی له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانه‌وه‌، دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی ناسه‌قامگیری وڵاتن، له‌لایه‌ك هه‌میشه‌ شوێن ده‌ستی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان دیاره‌ و له‌لایه‌كی‌ تریش پێكهاته‌كانی عیراق چاوه‌ڕوانی ده‌ست له‌پشتدانی ده‌ره‌كین و له‌نێوان خۆیاندا ناكۆكی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، خواستیان له‌پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی دیكه‌یه‌، هێنده‌ خه‌میان له‌وڵاتی خۆیان نیه‌، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر وڵاتێكی وه‌ك سویسرا به‌نموونه‌یه‌كی فره‌ پێكهاته‌ ته‌ماشا بكه‌ین سه‌ره‌ڕای بوونی هاوسنووریی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانه‌كانی سویسرا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیاش له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی خۆیان له‌و وڵاته‌، ئه‌مجۆره‌ له‌ده‌ستوه‌ردان و په‌لكێشكردن نابینرێ.

ئێران خاوه‌ن نفوزێكی به‌هێزه‌ له‌ عیراقی كۆن و نوێدا و ئه‌م تێكه‌ڵییه‌ هی سه‌رده‌می ئێستا نییه‌ و له‌گه‌ڵ فراوانبوونی ئیمپراتۆرێتی ئیسلام ئێرانییه‌كان كه‌ نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م سوپا به‌هێزه‌كه‌یدا خۆڕاگربن، له‌رووی سیاسییه‌وه‌ زیاتر خۆیان له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئیمپراتۆرێته‌ نوێیه‌كه‌ نزیك كرده‌وه‌، به‌جۆرێك له‌بری ژێرده‌سته‌یی بوون به‌ خاوه‌ن راو بۆچوون و به‌مجۆره‌ش ناوچه‌كانی نفوزی ده‌وڵه‌تی ئێرانییان دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیسلام فراوانتركرد، ئێران ئێستا نه‌ك دراوسێی عیراقه‌، به‌ڵكو خۆی‌ به‌خاوه‌نی زیاتر له‌ عیراق ده‌زانێت و ئه‌م چه‌مكه‌ی‌ بیری سیاسی له‌زووه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتداریی ئێراندا ریشه‌ی‌ داكوتاوه‌.

هه‌رچه‌ند لێدوان و كرده‌وه‌ی‌ ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی‌ وڵاتان له‌كاروباری‌ یه‌كتر پێچه‌وانه‌ی‌ یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی‌ و په‌یماننامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌، به‌ڵام به‌ئاشكراو به‌بێ په‌رده‌ باسكردنی سه‌روه‌ری عیراق له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێیه‌وه‌، مه‌ترسییه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردان تێئه‌په‌ڕێنێ و له‌داهاتوودا چاوه‌ڕوانی گرفتی زیاتر ده‌كرێ، گرفته‌كانی له‌ده‌ستدانی ته‌واوه‌تی سه‌روه‌ری و رووه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ چوون.

له‌ بینای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ شه‌ڕی دیپلۆماسی له‌سه‌ر بڕ و رێژه‌ و چۆنێتی ده‌ستوه‌ردان له‌ عیراق ده‌كرێ و حکومەتی عیراقیش بێده‌نگ و مات و مه‌لول.

 366 جار بینراوە