سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پەیوەندییەكانی ئەوروپا ‌و ئەمریكا لەگەڵ روسیا بەرەو كوێ؟

پەیوەندییەكانی ئەوروپا ‌و ئەمریكا لەگەڵ روسیا بەرەو كوێ؟

یەكێتیی ئەوروپا بە نیازە لە كۆتاییەكانی ئەم مانگەدا دەربارەی سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا لە برۆكسل كۆببێتەوە ‌و ئیدارەی كۆشكی سپی-ش كە سیاسەتی نزیكبوونەوە لە ئەوروپا پەیڕەو دەكات ‌و لەگەڵ سیاسەتی یەكێتییەكە تەبایە، هەمان هەنگاو دەنێت، لای خۆشیەوە روسیا هەڕەشە دەكات، بۆیە پێدەچێت پەیوەندیی نێوان مۆسكۆ ‌و برۆكسل ئاڵۆزیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ ‌و لێدوانەكانی مۆسكۆ لە بەرامبەر یەكێتییەكە توندتر بووە، تا گەیشتۆتە ئەوەی ئاماژە بە بڕینی پەیوەندیی لەگەڵیاندا بكات.

بەرەو ئاڵۆزی ‌و تەنگژەی زیاتر
پێشبینی دەكرێت بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی لووتكە لە 25 ‌و 26ی ئەم مانگەدا، یەكێتیی ئەوروپا یەكەم هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی پێشتر ‌و لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا پەسەندی كرد، كە رێگە دەدات بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە بەرامبەر پێشێلكارانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا.

ئەوروپا داوا لە مۆسكۆ دەكات ناڤالنی ئازاد بكات، كە لەكاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا، لە مانگی كانونی دووەمی رابردووەوە دەستگیریكردووە، هەروەها روسیا بەوە تۆمەتبار دەكات كە لێكۆڵینەوە لە دۆسێی ژەهرخواردكردنی ناڤالنی رەتدەكاتەوە، كە مانگی ئاب-ی رابردوو ژەهرخوارد كرا.

وێڕای پەیوەندیی ستراتیژی ‌و دووقۆڵیی تۆكمەی روسیا لەگەڵ چەند وڵاتێكی ئەوروپادا، بەڵام پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتییەكە وەكو گروپێكی یەكگرتوو، بەهۆی سزادانییەوە، بەرەو ئاڵۆزی ‌و تەنگژەی زیاتر دەچێت. لە پێشهاتێكیشدا كە بە ئاڵۆزتركردنی پەیوەندیی ئایندەی نێوان هەردوولا وەسف دەكرێت، روسیا چەند دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی لە وڵاتەكەی دەركرد.

ئەمریكا ‌و روسیا
ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی كە سیاسەتێكی جیاواز لە ئیدارەی پێشوو پەیڕەو دەكات، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەوروپا ئاسایی بكاتەوە، چونكە زۆرجار بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ روسیا یەكناگرێتەوە.

تۆڕی هەواڵی CNN ی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، بەهۆی دۆسێی ناڤالنی-یەوە، واشنتۆن ئامادەكاریی دەكات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا هاوئاهەنگیی دەكات.

كرملین لای خۆیەوە، ئیدانەی سزاكانی یەكێتیی ئەوروپا ‌و ئەمریكا دەكات بەسەر ژمارەیەك لە لێپرسراوانی روسیا، بەهۆی دۆسێی ناڤالنی-یەوە، ئەو هەنگاوەی بە توندی رەتكردەوە.
وتەبێژی كرملین رایگەیاند: ئەو سزایانە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتییەكە ‌و ئەمریكاش خراپتر دەكات، كە خۆی لە بنەڕەتدا خراپە.

هەر بە دۆسێی ناڤالنی-یەوە ناوەستێت
لە راپۆرتێكی پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ‌و مێژووی جیهانیی لە زانكۆی لۆباچیڤسكی حكومی روسیادا روونكراوەتەوە، پەیڕەوكردنی سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن ئەوروپاوە بەسەر روسیادا، پەیوەندییەكانی نێوانیان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات ‌و هەر بە دۆسێی ناڤالنی-یەوە ناوەستێت، چونكە یەكێتییەكە وایدەبینێت كە روسیا وەكو هاوبەشێكی ستراتیژییان نەماوە، مۆسكۆ-ش وایدەبینێت كە پەیوەستبوونی ئەوروپا بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەریدا، شێوازێكی دوژمنكارانەیە ‌و دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر گەلی روسیا.

رێگە لەبەردەم دیالۆگ ‌و گفتوگۆ دادەخات
وەك چاودێران ئاماژەی پێدەدەن، ئەو پێشهات ‌و یەكتر تۆمەتباركردنە، رێگە لەبەردەم دیالۆگ ‌و گفتوگۆی نێوان روسیا ‌و یەكێتیی ئەوروپا دادەخات، لێدوانی جۆزیپ بۆریل وەزیری دەرەوەی یەكێتییەكەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو پێشهاتە، كاتێك مۆسكۆی تۆمەتبار كرد بەوەی هیچ گرنگییەك بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتییەكە نادات ‌و جەختیشیكردەوە، كە دیالۆگ لەگەڵ روسیادا گەیشتۆتە رێگەیەكی داخراو. وتیشی: هەنگاوەكانی داهاتووی یەكێتیی ئەوروپا، رەنگە سەپاندنی سزای نوێ بێت بەسەر ئەو وڵاتەدا.

ئاماژەكان
بە بڕوای چاودێران، گوشاركردن لە روسیا لە رێی سزاكانەوە، هۆكاری نەمانی متمانەیە لە نێوان هەردوولادا، كە هەموو دۆسێ گرنگە هاوبەشەكانی نێوانیان دەگرێتەوە، وەكو دۆسێی ئۆكرانیا، تەنگژەی سوریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تا دەگاتە دۆسێكانی داماڵینی چەك ‌و مسۆگەركردنی سەرچاوەی وزە بۆ كیشوەری ئەوروپا، شانبەشانی زیانی گەورە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان.

لە كاتێكدا روسیا چاوی لەو دەنگانەی یەكێتیی ئەوروپایە كە پشتیوانیی لە دیالۆگی گونجاو ‌و بەرهەمدار دەكەن، رووداوەكانی وەك شكستی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ مۆسكۆ ‌و دەركردنی چوار دیپلۆماتكاری ئەوروپی لەلایەن روسیاوە ‌و راگەیاندنی یەكێتییەكە بە سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەك لێپرسراوی روسیادا، ئاماژەن بۆ ئەوەی دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بچێت، بەتایبەتی ئەگەر لە كۆبوونەوەی باڵای یەكێتیی ئەوروپا، بڕیار لە دژی روسیا بدات.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 571 جار بینراوە