سەرەکی » هەواڵ » لە رێوڕه‌سمێكی پڕ شکۆدا سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد له‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان

لە رێوڕه‌سمێكی پڕ شکۆدا سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد له‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان

ئەمڕۆ ھەینی 5-3-2021 د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق له‌ كۆشكی به‌غداد له‌ رێوڕه‌سمێكی پڕ شکۆدا پێشوازیکرد له‌ قه‌داسه‌ی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و سه‌باره‌ت بە پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان و کۆتایی ھێنان بەگرژییەکان و ھێنانەکایەوەی ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم گەلانی دنیا گفتوگۆکرا.

لەمیانی رێوڕه‌سمەکەدا کە بۆ قەداسەتی پاپا رێکخرابوو، سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح رایگه‌یاند، مایەی بەختەوەرییەکی مەزنمانە، کەدەبینین لەنێومانی، لێرە لە عێراق..لەوڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە، لەوڵاتی پەیامبەران و ئاینە ئاسمانییەکان، ئێوە بەخێربێن بۆ بەغداد، ماڵی ئاشتی، بەخێربێن بۆ نەجەف و موسڵ و ھەولێر و قەرەقوش، بەخێرھاتنتان دەکەین بۆ ئوور، یەکەمین شارمان، کەنووسینی تیاداھێنرا و پیرۆزی لەدایکبوونی باوکی پەیامبەران (حەزرەتی ئیبراھیم)ی ھەیە، درودی خوای لێبێت. ئەو شارەی، کەلێیەوە دڵی مرۆڤەکان بە کۆی ئاینە ئاسمانییەکانەوە بەندبوو.

لە وتارەکەیدا سه‌رۆك كۆمار بەگرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی گەورەی پاپای ڤاتیکان کرد لە بانگەواز بۆ ئاشتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، رووبەڕووبوونەوەی ھەژاری، ڕۆڵێکی بەرچاوە. تێکۆشانی بێوچانتان، لەپێناو بەدیھێنانی دیالۆگ و پێکەوەژیانی برایانەی مرۆڤایەتی، مایەی ستایش و پێزانینە، ڕۆڵی ئێوە پەیامێکە بۆ ھەمووان، کەتیایدا بەڕونی بەرپرسیارێتی بێگەرد بەرامبەر ژیان و مرۆڤ بەرجەستەیە.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕه‌سمەکەدا قەداسەتی پاپا فرانسیس، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانیکردنی عێراق و بەتایبەتی سوپاسی سەرۆک بەرھەمی کرد بۆ بانگێھشتنامەکەی بۆ سەردانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی تەواو بکەن لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە مەسیحیەکانی عێراق خەڵکی رەسەنی ئەم خاکەن و بەشداری بەرچاویان ھەبووە لە مێژوو و بەھای ئەم وڵاتە.

 

 354 جار بینراوە