سەرەکی » کەلتوور » بۆ ئامانجەکەت ناپێکی؟

بۆ ئامانجەکەت ناپێکی؟

مەحمود شێرزاد

ئێمە بۆ هەموو خەون و خولیاکانمان ئاستێک، سنور و چوارچێوەیەک دیاری دەکەین. هەر ئەم ئاستە، هەر ئەم سنوور و چوارچێوەیە ناهێڵێ بە خەون و خولیاکانمان بگەین یان ئەگەر بە خەوەن و خولیاکانیشمان بگەین، گەوهەری شتەکە یان بوارەکەمان نەپێکاوە. بۆ نمونە هەوڵمانداوە ببین بە دکتۆر، بازرگان، مامۆستای یۆگا و…هتد، دوای هەوڵێکی زۆر، دوای ماندووبوون و سووتاندنی وزەیەکی زۆر، دوای خۆ بە فیڕۆدانێکی زۆر و…هتد گەیشتووین بەو شتەی کە دەمانەویست، بەڵام گەوهەری رەسەنی ئەو شتەمان، ئەو بوارەمان نیە، واتە ئێستا دکتۆر و بازرگان و یۆگی و…هتدین، بەڵام دکتۆر و بازرگان و یۆگی راستەقینە نین! بۆئەوەی هەم بەخەون و خولیاکانت بگەی و هەم گەوهەری راستەقینەی بوارەکەت هەبێ، واتە گەوهەر و رۆحی ئەو شتە بەدەست بێنی کە خەون و خولیاتە، بە هیچ شێوەیە ئاست و سنوور و چوارچێوە دیاریی مەکە، مەڵێ دەمەوێ ببم بە دکتۆر، بازرگان یان یۆگی و…هتد، بەڵکو لەم ساتەدا با هۆشت بەس لەسەر ئەو وانەیە و ئەو کارە و ئەو راهێنانە بێ کە دەیکەی، وا نغرۆبە تێیدا نە ئاگات لە ئامانجەکە و نە ئاگات لە خۆت نەمێنێ، ئینجا دەتوانی ئامانجەکەت و گەوهەری ئامانجەکەت بپێکی و بەدەستی بێنی. هەمووتان ئەم حاڵەتەتان ئەزموون کردووە، زۆرجار خەریکی کارێک بوون نە ئاگاتان لە خۆتان و نە لە کارەکە نەماوە، کە وەئاگا هاتوونەتەوە کارەکەتان بە باشترین شێوە کردووە و زۆریش چێژتان بینیوە لەکارەکە و کردنی کارەکە. ئەم ساتە، ساتی کووژانەوەی بیرکردنەوەی تاکەکەسییە لەسەر بابەتێک و داگیرسانی زەینی گەورەی گەردوونییە لەسەر بابەتەکە، هەر بۆیەش زۆر بە کامڵی کردووتە. زەینی تاکەکەسی، ئەقڵی تاکەکەسی، خودئاگامان هەمیشە سنوردار و دیلی دوانێتی راست و هەڵە، بە توانایی و بێ توانایی و…هتدە، هەربۆیەش کاتێ شتێک دەکا بەهەڵکەوت یان بە باشی یان بە خراپی دەیکا. بەڵام زەینی گەردوونی، ئەقڵی گەردوونی، ئاگایی گەردوونی هەمیشە بێسنوورە و هەمیشە لە ناوەندی کامڵی خۆیدایە، هەمیشە کامڵە، بۆیە هەر شتێک بکا هەمیشە بە کامڵی دەیکا. جا مرۆڤ بە هەڵکەوت هەندێجار وەسڵ دەبێتەوە بە زەین و بە ئەقڵ و بە ئاگایی گەورەی گەردوونییەوە و لە بواری جیاجیادا داهێنان دەکا. مرۆڤ بەشی هەرە زۆری ژیانی وەسڵە بە زەین و ئەقڵ و خودئاگای ناکامڵ و دەستکردی خۆیەوە. بەڵام یۆگا وادەکا مرۆڤ ئاگایانە هەمیشە لەگەڵ زەین و ئەقڵی گەورەی گەردوونی لە وەسڵدا بێ. دەستەواژەی لە ئێستادابوونیش لە یۆگادا بەو مانایەیە، ئاماژە بەو حاڵەتە دەکا، یانی ئەگەر کەسێک وەسڵ بێ بە زەین و ئەقڵ و ئاگایی گەردوونییەوە، ئەوا لەم ساتەدایە، لە ئارادایە، کامڵە و لەهەموو ئاستەکان و بوارەکانی دوانێتی و ناتەواوی دەربازی بووە. ئاست و سنور و چوارچێوە بە خەون و چالاکییەکانت دامەنێ، لەم حاڵەتەدا وەک چۆلەکەیەک وای لە ژوورێکدا، چۆلەکەکە توانای هەڵفرینی زۆرە، بەڵام چوارچێوەی ژوورەکە نا‌هێڵێ زۆر بڕوا، چۆلەکەکە هەڵفڕێوە، بەس هەڵفڕین رووی نەداوە.

 493 جار بینراوە