سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » یەکێتی سەروەری شۆڕشی نوێ، شانازیی راپەڕین و…

یەکێتی سەروەری شۆڕشی نوێ، شانازیی راپەڕین و…

یەکێتی سەروەری شۆڕشی نوێ، شانازیی راپەڕین و حکومڕانی دیموکراسی و لامەرکەزی

– 2 –

لە ئەڵقەی رابردوودا ئاماژە درا بە رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راپەڕیندا، دیارە راپەڕینی ساڵی 1991 هەر دەرهاویشتەی راپەڕینی یەکەمە کە یەکێتی شەرەفی سەروەرییەکەی پێبڕاوە، کە ئەویش هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێیە لە دوای هەرەسی شۆڕشی چەکداریی لە ساڵی 1975، بۆیە هەر هێزێک و دەستەیەکی فیکریی و پێشمەرگەیی بوێریی ئەوەی هەبووبێت لە ساڵی 1975دا بە ژمارەیەکی کەم لە تێکۆشەرانی ئازادیخواز و بەبێ پشتیوانییەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و رەفتار فاشی و پشتیوانیکراو لەهەردوو جەمسەری خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی جیهانەوە، شۆڕشێکی نوێ دوای شکستی شۆڕشێکی گەورە لەڕووی جەماوەریی و سەربازیی و پشتیوانیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە هەڵبگیرسێنێتەوە، زۆر بۆی ئاسانترە کە سەرکردایەتیی خەباتێکی پێشمەرگەیی گرێدراو بە خەباتێکی جەماوەریی سەرتاسەریی بکات لە قۆناغێکدا کە زۆربەی هاوکێشەکان و هاوسەنگییەکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتبێت.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سازدانی پێشمەرگە و رێکخستنەکان و خەڵکی کوردستان بۆ راپەڕین، بە بەرچاوڕوونییەوە ئەو هەنگاوەی نا کە رەنگە چۆن لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێدا هەندێک کەس و لایەن بە سەرکێشی و خۆکوژیی پێناسەیان دەکرد، بەڵام چۆن شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند بەر لە 16 ساڵ لە راپەڕین و بە راپەڕین و سەرکەوتنی گەیاند، راپەڕینیشی بە بەرچاوڕوونییەوە گەیاندە سەرکەوتن و لەوەش زیاتر گەیاندییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکردووە سەرەڕای ئەو دۆخ و تەنگژە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییانەی کە لە 30 ساڵی رابردوودا بوونەتە لەمپەر لەبەردەم بەدیهێنانی بەشێک لە ئامانجەکانی راپەڕین، بەڵام هەر بۆخۆی بە بنیاتنانی ئەزموونێکی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی فەزای ئازادیی سیاسیی و رێکخراوەیی و رۆژنامەنووسی، (لانیکەم لەو ناوچانەدا کە یەکێتی تێیدا نفوزی هەیە)، توانیوێتی ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانی نەوەیەک لە دوای راپەڕینەوە کە ئازایانە و بوێرانە رەخنە بگرن و پەنجە بخەنە سەر کەموکوڕییەکان.

وەک چۆن دیدی یەکێتی بۆ حکومڕانی لە وڵاتێکی وەک عیراقدا عیراقێکی دیموکراسیی و فیدراڵ و فرەییە، بۆ هەرێمی کوردستیانیش هەمیشە لە هەوڵی چەسپاندنی ئەو چەمکانەدا بووە بۆ حکومڕانییەکی رەشید و دیموکرات و وەک چۆن لە دوو دەیەی رابردوودا یەکێتی بووە ئاڵاهەڵگر و خەباتکاری سەرسەختی چەمکی فیدراڵ و بە ئۆپۆزسیۆنی پێشووی عیراق حکومەتی نوێی عیراقیشی سەلماند و لە دەستووری هەمیشەییشدا چەسپاندی، ئێستاش یەکێتی بەهەمان وزەو لێبڕاوییەوە بۆتە ئاڵاهەڵگری خەبات لە پێناوی چەسپاندنی چەمکی لامەرکەزیی لە هەرێمی کوردستاندا و لە سۆنگەی بڕوا بوونییەوە بەوەی کە ئەو شێوازە لە حکومڕانی پایەکانی ئەزموونی دیموکراسی بەهێزتر دەکات و لەبری شەڕی ئیعلامی و تۆمەتبارکردنی یەکتریی حزبەکان و پەککەوتنی خزمەتگوزاریی، شەڕی نموونە و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی شوێنی دەگرێتەوە.

 849 جار بینراوە