سەرەکی » راپۆرت » زۆرترین هاوردەی بازرگانی بۆ شمەکی کوالێتی نزمە

زۆرترین هاوردەی بازرگانی بۆ شمەکی کوالێتی نزمە

به‌دواداچوونی/ رێزه‌ حسێن

بە دوای هەرزانترین نرخدا دەگەڕێم لە کاتی بازاڕکردنم، چونکە گیرفانم توانای کڕینی شمەکی هەرزانی هەیە، ئەمە قسەی سیما ئالان ی تەمەن (25) ساڵ بوو، کاتێک سەرقاڵی کڕینی پێداویستی کەمالیات بوو، سیما وتیشی»نرخ گران بێت یان هەرزان، هەر کوالێتیەکەی باش نییە، بۆیە منیش هەرزانترینیان دەکڕم».

بازاڕ ئەو ژینگە فراوانەیە کە شمەکە جۆر بە جۆرەکانی لە چوارچێوەی ( دوکان یان سوپەرمارکێت و مۆڵ) بێت تیادا دەفرۆشرێت، هەریەک لەو شوێنانە بەپێی پلان و بەرنامەی خاوەنەکەی کەلوپەل و ئەو شمەکانەی پێداویستی خەڵکن تێدا دادەنرێت کە هەندێکیان شمەکی کوالێتی بەرز و هەندێکی تریان مامناوەند و نزمترینیان هەیە.

کڕیار بە گرانفرۆش وەسفی دەکات
خاوەنی کەمالیاتی سەرخێڵ بۆ شمەکی جوانکاری بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ وتی: هەر کەسێک یەکەم جار بێتە دوکانەکەم، من وەک فرۆشیارێکی گرانفرۆش پێناسە دەکات، بەڵام ئەوانەشی کە مەبەستیانە پارێزگاری لە خۆیان بکەن، کڕیاری هەمیشەی ئێمەن و زۆریش نرخەکانیان بەلاوە باشە، هەروەک من کام شتەی کوالێتی باشە، ئەوە هاوردە دەکەم، هەرکات دەچمە دەرەوەی کوردستان بۆ کڕینی شمەک، بە زۆرترین پارە، کەمترین شت هاوردە دەکەم، چونکە تەنها ئەو شتانە دەکڕم کە کوالێتیان زۆر باشە، وتیشی: کڕیار هۆکارە بۆ بوونی شتی کوالێتی نزم و خراپ، چونکە خواستی کڕینی ئەو جۆرەیان زیاترە، بۆیە بازاڕیش پڕە لە شمەکی بێ کوالێتی.

بەپێی ئەو زانیارییەی دەست کوردستانی نوێ کەوتووە، بە پلەی یەک کڕیار یەکەم هۆکاری هێنانی هەموو جۆرەکانی کەلوپەل و شمەکی کوالێتی نزمە، چونکە خەڵک ئامادە نییە هیچ شتێک بە نرخی گران بکرێت، هەربۆیە بازاڕ خواستی چی بێت، بازرگان و خاوەن دوکانەکان، ئەو جۆرە هاوردە دەکەن.

بازرگانی بۆ شمەکی کوالێتی نزمە
هیوا ئەحمەد خاوەنی دوکانی ئاوات بۆ شمەکی کۆ(جوملە)، بۆ کوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، فرۆشگاکەی تەنها ئەو شتانەی تێدایە کە نرخیان زۆر هەرزانە لە بازاڕدا، وتیشی: دوکاندارەکان کە دێنە لای ئێمە بۆ شمەک کڕین، هیچ کات داوای شتی ئۆڕجیناڵ و کوالێتی باش ناکەن، بۆیە ئێمەش بەپێی داوای ئەوان، کەلوپەل هاوردە دەکەین، هاوکات زۆرترین کاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، بۆ شمەکی کوالێتی نزمە، بازاڕیش شایەت حاڵی ئەو راستیەیە.

لە میانەی ئەم بە دواداچوونەدا، زۆرینەی کڕیاران لە هەردوو رەگەز (ژن و پیاو) ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد خواستی کڕینی ئەو جۆرە کاڵایەیان هەیە کە نرخیان زۆر هەرزانە، تەنانەت دەرمان و پۆشاک و کەمالیاتی ناوماڵ و پێداویستیە جوانکارییەکانیش، هاوکات بەپێی قسەکانی کڕیار، خەڵک زۆرینە هەژارە و داهاتی راستەقینەیان سنووردارە، بەشی ئەو شمەکانە ناکات کە ئۆرجیناڵ و نرخیان
بەرز بێت.

رێگری لە شمەکی نا تەندروست دەکرێت
بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە هاوردە کردنی کەلوپەلی خراپ و مەترسیدار بۆ تەندروستی، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بەردەوام سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زۆر شمەکی نا تەندروست دەستی بەسەردا گیراوە و دواتر لە لایەن تیمی تایبەت و پەیوەندارەوە لە ناوبراوە، هاوکات خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، بە مەبەستی سزای یاسایی، هەر لەوبارەیەوە لەشکر حەمید سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێی رایگەیاند: لیژنەکانیان چاودێری هەموو بازاڕ دەکەن، هەر کەلوپەلێک پەیوەنداربێت بە ژیانی خەڵکەوە، بە وردی پشکنینی بۆ دەکەن، بۆ زانینی جۆرەکەی و ماوەی بەسەرچوونی و هاوکات ئەو مادەیەی لێی بەرهەمهێندراوە، راشیگەیاند: هەرشتێک کوالێتی بە جۆرێک بێت، مەترسی بۆ تەندروستی دروستبکات، یاخود ماوەی بەسەر چووبێت، راستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگرین و خاوەنەکەشی روبەڕووی سزاو دادگا دەکرێتەوە.

بەپێی زانیاری کوردستانی نوێ 75% ی بازاڕ، لە هەمە چەشنی جۆرەکان لە شمەک وەک (خواردن و خواردنەوە و دەرمانی پزیشکی و دەرمانی خۆراکی یاریدەدەر، پۆشاک، شمەکی جوانکاری و کەمالیاتی ماڵ تا دەگاتە ئۆتۆمبێل شمەکی بیناسازی)، لەو جۆرانەیە کە نرخیان هەرزانە و خواستی کڕینیان زۆرترینە لای هاووڵاتی، هەروەک شتی ئۆرجیناڵ و کوالێتی باش تەنها لە چەند مۆڵێکی دیاریکراودا، کاری فرۆشتنی پێوە دەکرێت کە ئەویش کەمترین هاووڵاتی کڕیارێتی زیاتر ئەوانەن باری دارایان لە ئاستی بەرزدایە.

 141 جار بینراوە