سەرەکی » مانشێت » شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران

شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران

شێخ سەعیدی پیران (١٨٦٥-٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە ئامەد) شۆڕشگێڕێکی کورد بوو کە لە ١٩٢٥دا بە یارمەتیی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە دژ بە حکومەتی کۆماری تورکیا شۆڕشی کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەمارۆی شاری ئامەدیان دا بەڵام ھێزەکەیان تێکشکا و پاشان لەگەڵ چەندین هاوەڵیدا لە سێدارە درا.
شێخ سەعید ساڵی ١٨٦٥ لە ناوچەی (پاڵوو) لەدایکبووە. یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی نەقشبەندی. لە پاش مردنی (شیخ عەلی) باپیرەی، باوکی ناوچەی پاڵووی جێهێشتووە و ڕووی کردۆتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی دینیی لەو شارە تەواو کردوە، پایە ‌و ڕیزی کۆمەڵایەتی شێخ و زیرەکی و لێھاتوویی و دەوڵەمەندیی بووەتە ھۆی سەرەکی بۆ ئەوەی حیزبی تەعالی کوردستان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بکات. لە کۆتایی ھاوینی ١٩٢٣ دا یوسف زیبا کە سەرۆکێکی بزووتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی تورکیادا، چووەتە خنیس بۆ خزمەتی شێخ سەعید و لەسەر بڕیاری ھەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ ڕێککەوتوون. لە زستانی ١٩٢٣ تا ١٩٢٤ سەرۆک ھۆزەکان و ئەندامە چالاکەکانی حیزبی تەعالی کوردستان کۆبوونەوەی فراوانیان لە ناوچەی (پاڵوو) بەست کە تێیدا باس لە فراوانکردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاکی کردن لە پێناو بزووتنەوەی نهێنی و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئەم کارو بڕیارەش تا ڕادەیەکی بەر فراوان بە یارمەتیی شێخ مەحموودی حەفید و سمکۆی شکاک بوو. هاوکات بڕیاردرا یاداشتێک دەربارەی پشتگیریی نەتەوەی کورد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبە الامم) بنێرن، خالید جەبری و یوسف زیبا چالاکترین ئەندامانی حیزبی تەعالی کوردستان بوون کە ھەموو بڕیارە گرنگەکانی حیزبی تەعالی کوردستانیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان و ئامادەییەکی ھەمیشەییان لە نێوان سەرۆک ھوزەکاندا پەیدا کردبوو. بەڵام بەھۆی خیانەتکاری سەرۆکی ھۆزی خورمیک کە دەنگوباس و خوئامادەکردنی گەیاندە ڕژیمی تورکیا، بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، یوسف زیبا و خالید جەبری بەگ گیران و ڕەوانەی زیندانی بەتلیس کران، لە پاش گرتنی ئەم دوو سەرکردەیە حیزبی تەعالی کوردستان وەک پێویستیەکی گرنگ بە پەلە بڕیاریدا کە شێخ سەعیدی پیران ھەڵبژێردرێت و بکرێت بە سەرۆک.
ڕاپەڕینی شێخ سەعید
شێخ سەعید بەپشتیوانیی حیزبی تەعالی کوردستان بڕیاری ھەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەکە مۆرکی کوردستانی گەورەی پێوە دیاربێت لەبەر ئەوە عەلیڕەزای کوڕی ناردە شارەکانی ئامەد و حەڵەب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی سوریا و عیراق و ئیران بۆ زیاتر ڕێککەوتن لەسەر کاتی گشتی ڕاپەڕینەکە.
لە پاش کۆبوونەوەیەکی گەورە لە شاری حەڵەب، ھەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد بەبێ شۆڕشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت. پاشان، ڕوژی ٢١ ئازاری ساڵی ١٩٢٥ دەستنیشانکرا بۆ یەکەم ڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕش. لە نیوەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٥ دا شێخ سەعید گەشتێکی بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد، دەچووە ھەر ناوچەیەک بە کومەڵ لایەنگر و دۆست ڕوویان تێدەکرد. لە ٥ ی شوباتی ١٩٢٥ شێخ سەعید خانی‌ی جێھیشت لەگەڵ (١٠٠) سوارە بەرەو گوندی پیران بەڕێکەوتن بۆ ماڵی عەبدول ڕەحیمی برای. لە هەمان شەودا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتی حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم ھاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان، بەڵام شێخ سەعید ڕازی نەبوو کە کەس دەستگیربکرێت. ئەم هەڵوێستەی شێخ سەعید بووە ھۆی ئەوەی کە ھەردوولا سەنگەر لەیەکتر بگرن. لەپاش شەڕ و تەقەکردن چەندەھا کەس لە مەفرەزەکەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بە دیل گیران.
ئەم ڕووداوە لەناکاوە بووە ھۆ و ڕێگرێکی سەرەکی و ناوەخت لە کامڵ ‌نەبوونی خۆئامادەکردنی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید. کاتێک شێخ تایەری برای شێخ سەعید ئەم ھەواڵەی بیست، بێ وەستان و چاوەڕوانی ڕۆژی ١٠ ی شوباتی ١٩٢٥ کونترۆڵی شارۆچکەی (لیچە)ی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە ‌و تەلەگرافی نهێنی ڕژێمدا گرت. لە ڕۆژی ١١ی شوباتدا، لەگەڵ دوو ھەزار سوار چوونە خزمەت شێخ.
ئەم ڕوودا و ھۆکارانە بوون بەھۆی سستبوونی ھەندێک کاری گرنگ و ڕێگەیان لە دوا خستنی ڕاپەڕین گرت، هەر بۆیە شێخ سەعید بە ناچاری پێشوەخت بڕیاری دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکەی دا. لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنی‌یشی تێدابوو، ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵم لێکراوی ژێر دەسەڵاتی تورک بوون، بۆیە زۆربەیان لە ڕاپەڕینەکەدا بەشدار بوون و شێخ سەعید سەروکایەتی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ ھۆزی مەستان و بۆتانی باشووری چیای کۆچەرانی دەکرد. ھێزی ساڵح بەگی خانی ھێزەکانی شێخ شەمسەدین‌یش ھاتنە ناوچەی مادن و شێخ ئەیوب‌یش لەگەڵ ھەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ڕیزەکانی شێخ عەبدولڕەحیمی برای شێخ سەعید.
بەرەو ڕزگارکردنی شاری ئامەد ڕۆیشتن، شیخ سەعید لە سەرەتاوە ھەستیکرد کە ھێزەکانی لە توانایاندا نییە ئامەد ڕزگار بکەن، ناچار بیری لە ڕیگایەکی تر کردەوە. بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکومەتی تورک تا بوارێکی لەبار بۆ ڕاپەڕینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێت. ھەر چەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی ‌ھیچ جۆرە چەکێک بۆ خەڵکی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا ڕازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن. لە سەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە ھێرشی دەستپێکرد بەڵام خۆڕاگریی سوپای تورک زۆری خایاند، لە دەرگای ماردینی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەڵکی شار یەکتریان گرتەوەو کەوتنە پەلامار بۆ سەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لێدابوو، لە ھەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەرکەوتنیان زیاتر بوو، لە پاش شەرێکی قورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ھەردوولا، کەرتی ھێرشبەری پێشمەرگە و خەڵک ملیاندایە بەر پاشەکشەکردن و گەڕانەوە دواوە لە پاش دوو سێ ھێرش پێشمەرگەکان کە تێدا سەرنەکەوتن، بە تەواوی بڕیاری وازھێنان لە گەماروی شارەکە درا.
ڕیزەکانی شۆڕش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو شپرزەیی و پەرشوبڵاوی دەچوو، بە تایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکوور و باشورەوە بە ھێزی زۆر ھێرشیان ھێنا و گەمارۆکەیان پێچەوانە کردەوە. لە کۆتایی مانگی نیساندا بە ھۆی خیانەتی سەرۆکی ھۆزی جبران و قاسم بەگی جبرانەوە، شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، ڕەشید ئاغا و ٢٦ شۆڕشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیل گیران. لەدوای دادگاییکردنی شێخ سەعید و ھاوڕێکانی لە کۆتایی مانگی ئایاردا دەستیپێکرد و ماوەی یەک مانگی خایاند، پاشان شێخ سەعید و٤٧ تێکۆشەری کورد بڕیاری لەسێدارەدانیان درا و ڕۆژی (٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥) لە ئامەد لە سێدارە دران.

سەرچاوە، بەدەستکارییەوە:

https://ckb.wikipedia.org

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*