سەرەکی » کەلتوور » ژنە فەرمانڕەواکان لەناو کەنیزەک و شاژنەکاندا

ژنە فەرمانڕەواکان لەناو کەنیزەک و شاژنەکاندا

د. یەحیا وهەیب ئەلجبووری‌

و: د. فەیسەڵ عارەب بڵباس

یەکەم:
کۆمەڵێک لەکەنیزەکەکان بوونەتە فەرمانڕەوا و بە(سوڵتانە) ناودێربوون. لەوانە:(شەجەرەت ئەلدوڕ) شاژنی‌ میسر، ئەوەی‌ کە لەساڵی‌ 648ی کۆچیدا دەستی‌ بەسەر فەرمانڕەوایی داگرت و وەکو هەر سەرکردەیەکی‌ سەربازی‌، بەهەستێکی‌ ستراتیجیەوە خۆی‌ سەپاند و سوپای‌ موسڵمانانی‌ لەشەڕەکانی‌ خاچپەرستەکان لەسەرکەوتنێکەوە بۆ سەرکەوتنێکی‌ دیکە برد و سوپای‌ فەڕەنسای‌ شکاند و(لویسی‌ نۆیەم)ی‌ پاشاکەیانی‌ بەدیل گرت.

هەر لەو ژنە فەرمانڕەوایانە (خەیزەران) ئەوەی‌ سیاسەتی‌ کردە پیشە و رۆڵێکی‌ جیاوازی‌ لەناو ژنانی‌ حەرەمسەرا گێڕا و لەسەردەمی‌ چەند خەلیفەیەکیشدا سیاسەتی‌ بەڕێوەدەبرد لەوانە(میرۆس) و کوڕەکانی‌ و فەرمانڕەوایەتیی‌ تەواوی‌ ئیمپراتۆرییەتێکی‌ دەکرد.

هەروەها کەنیزەک(شەغەب)ی‌ دایکی‌ خەلیفە(ئەلموقتەدیر)یش فەرمانڕەوایی‌ کرد و لەساڵی‌ 322ی کۆچیدا مرد کە بەبنەچە رۆمی‌ بوو.

ژیانی‌ ئەو ژنە فەرمانڕەوایانە پڕ بووە لەستەم و توندوتیژی‌ و پیلانگێڕان و کوشتن. ئەگەر بەخێرایی‌ چاوێک بە سەربردەی‌ ژیانیاندا بخشێنین، ئەمانە دەبینین:

(بەڵقیس)ی‌ شاژنی‌(سەبەء) چاوی‌ بەسلێمان پێغەمبەر کەوتووە و لەقورئانیشدا هاتووە. باوکی‌ پاشایەک بووە لەپاشایەکانی‌ یەمەن کە مرد هیچ وەسیەتێکی‌ نەکردووە، بۆیە برازایەکەی‌ حوکمڕانیی‌ یەمەنی‌ گرتۆتە دەست کە پیاوێکی‌ بێهێز و ناوبانگ خراپ بووە. بەڵقیس فێڵی‌ لێدەکا و داوێکی‌ بۆ دادەنێتەوەو دەیکوژێ و بەخۆی‌ حوکمڕانی لەیەمەن دەگرێتە دەست.

هەرچی‌(ئەلزەباد)ی‌ شاژنی‌(تەدمور)یشە، ئەوا راوێژکاری‌ مێردەکەی‌ بووە، پاشان بووە سەرپەرشتیاری‌ (وصیه‌) منداڵەکانی‌ و حوکمڕانیی‌ گرتە دەست و فەرماندەییی‌ سوپای‌ دەکرد و شەڕی‌ لەگەڵ دوژمنان دەکرد، هەتا ئەو رۆژەی‌ بەدیل گیرا و بەخواردنەوەی‌ ژەهر کۆتایی‌ بەژیانی‌ خۆی‌ هێنا. (دەلووکە)ی‌ کچی‌ (ئەلزەباد) شانشینێکی‌ سەربەخۆی‌ بۆ ژنان دامەزراند کە هیچ بەشێکی‌ بۆ پیاوان تێدا نەبوو.

کەوتۆتە داوی‌ ئەڤینیەوە
(نەزیرە)ی‌ کچی‌(ئەلساتڕوون)یش شەڕی‌ لەگەڵ کیسرای‌ شاپوور کردووە، بەڵام کە بینیویەتی‌ جوان و مێرخاسە، کەوتۆتە داوی‌ ئەڤینیەوەو ناپاکیی‌ لەگەڵ نەتەوەکەی‌ کردووە و شووی‌ پێکردووە. چارەنووسیشی‌ وەکو چارەنووسی‌ ئەوانەی‌ لێهاتووە کە ناپاکی‌ لەگەڵ کەسوکاریان دەکەن. ئەوەبوو شاپوور لێی‌ دڵنیا نەبوو، بۆیە لەژێر چەپۆکی‌ ئەسپەکانی‌ کوشتی‌.

(سەججاحی‌ تەمیمیە)ش داوای‌ پێغەمبەرایەتیی‌ کردووە و نەتەوەکەی‌ رەدووی‌ کەوتوون و سەرکردایەتیی‌ هۆزەکەی‌ لەشەڕەکاندا کردووە، بەڵام کە کەوتە داوی‌(موسەیلەمەی‌ درۆزن) مێردی‌ پێکرد و موسەیلەمەش شەڕی‌ لەگەڵ موسڵماناندا کرد تا کوژرا، ئەوجا سەججاح بە سەرلێشێواوی‌ مایەوە تا بەناچاری‌ موسڵمان بوو.

(خەیزەران)ی‌ کەنیزەک و ژنی‌ خەلیفە(ئەلمەهدی‌) و دایکی‌ (هاڕوون ئەلڕەشید) لەسەردەمی‌ کوڕەکەیدا دەسەڵاتی‌ گرتە دەست و هەموو فەرمانێکی‌ کردن و نەکردن بەدەستی‌ خۆیەوە بوو. هەر ئەو بەسەر (ئەلمەهدی)ی‌ سەپاندووە کە کوڕەکانی‌ بکاتە جێگرەوەی‌ خۆی‌ لەحوکمڕانی‌، نەک ئەو کوڕانەی‌ کە لە(ڕیتە)ی‌ ژنە ئەریستۆکراتیەکەی بوون. کاتێکیش کە(موسا ئەلهادی‌) بووە جێگرەوە، بەسیاسەتەکانی‌ قایل نەبوو، بۆیە بەکوشتنی‌ دا و(هاڕوون ئەلڕەشید)ی‌ کوڕی‌ خۆی‌ لەجێ دانا. بەم شێوەیە رێگەی‌ بۆ چۆڵ بوو و هەر بەخۆی‌ فەرمانڕەوا و فەرماندەرکەر بوو، هاڕوون ئەلڕەشیدی‌ کوڕی‌ هەر بەناو حوکمڕان بووە هەتا مرد.

(بەدوونە)ی‌ ژنی‌(تەوقیل)ی‌ پاشای‌ رۆم فەرمانڕەواییی‌ کردووە و دژی‌ موسڵمانان جەنگاوە، چونکە خاچپەرستێکی‌ دەمارگیر بوو و شانازیی‌ بەوەوە دەکرد کە شەشسەت ژنی‌ موسڵمانانی‌ بەدیل گرتووەو ژمارەیەکی‌ زۆریشی‌ لەپیاو و منداڵان کوشتووە. هەرچی‌(فەزڵ)ی‌ شاعیر و کەنیزەکی‌(ئەلمتەوەکیل)ە، ئەوا هەمیشە بەئامادەبوونی‌ ئەلمتەوەکیل لەرێزی‌ پێشەوەی‌ کۆبوونەوەکاندا دادەنیشت و کێبڕکێی‌ شیعریی‌ دەکرد و قسەکانیشی‌ دەبیستران و رەت نەدەکرانەوە.

هەروەها(قەبیحە)ی‌ کەنیزەکی‌ ئەلمتەوەکیل و دایکی‌ (ئەلموعتەز) لەهەموو ژنەکان بەدەسەڵاتتر و توندتر بووە. کاتێک کە زانی‌(ئەلموستەعین) بەبێ کوڕەکەی‌ خەلافەت وەردەگرێ، بۆ(ئەحمەد بن تۆڵۆن)ی‌ نووسی‌ کە سەری‌(ئەلموستەعین) ببڕێ و بۆی‌ بنێرێ، ئەویش لەوە دوودڵ بووە بۆیە تورکەکان کوشتیان.

تورکەکان داوای‌ مووچەی‌ خۆیان لە(ئەلموعەتز)ی‌ کوڕی‌ کرد، ئەویش ئەوەندەی‌ نەبوو بەشیان بدا، بۆیە داوای‌ لەدایکی‌ کرد پارەی‌ بداتێ، بەڵام لەبەر قرچۆکی‌ لەدەستی‌ نەهات بیداتێ، هەتا کوڕەکەیان کوشت و گەنجینەکەی‌ ئەویش هەر بەپڕی‌ مایەوە.!

(شەغەب)ی‌ کەنیزەک ژنی‌(ئەلموعتەزید) کە مێردەکەی‌ مرد و(موقتەدیر)ی‌ کوڕیشی‌ هێشتا منداڵ بوو، بەخۆی‌ کاروباری‌ وڵاتی‌ بەڕێوە دەبرد و لەگەڵ زانایان(فقها) و قازییان لەکۆبوونەوە دادەنیشت و لەسکاڵای‌ خەڵکی‌ دەکۆڵیەوە. هەر بەخۆی‌ وەزیری‌ دادەنا و کێی‌ بەدڵ نەبوایە لایدەدا. سامانی‌ وەزیر و پیاوماقووڵانی‌ دەست بەسەردا دەگرت و وەزیرەکان بەرتیلیان دەدایێ بۆ ئەوەی‌ لەدەسەڵات بمێننەوە.

(سەبیحە)ی‌ توونسیش ژنی‌(ئەلحەکەم ئەلموستنەسیر)یش وەکو ئەو، کاروباری‌ وڵاتی‌ بەڕێوە دەبرد، لەکاتێکدا کە مێردەکەی‌، خۆی‌ تەرخان کردبوو بۆ زانست و متمانەی‌ بە یارمەتیدەرەکەی‌(محەمەد بن عامر) هەبوو. کاتێکیش کە مێردەکەی‌ مرد،(هیشام ئەلحەکەم)ی‌ کوڕی‌ جێی‌ گرتەوە کە هێشتا منداڵ بوو. بۆیە کاروباری‌ فەرمانڕەوایەتیی‌ گرتە دەست و یەکەم کارێکی‌ کە کردی‌ کوشتنی‌(ئەلموغیرە) بوو کە رکابەری‌ کوڕەکەی‌ بوو لەفەرمانڕەواتیدا. پاشانیش(سوڵتان بن ئەبی‌ عامر)ی‌ لەناوبرد چونکە پشتی‌ تێکردبوو.

(ست ئەلمولک ئەلفاتمیە)ش توندترین و دڵڕەقترین ژن بووە.(ئەلحەکەم بیئەمریلا)ی‌ برای‌ خۆی‌ کوشت. ئەو کەسەشی‌ کوشتەوە کە کوشتبووی‌ و یارمەتیی‌ دابوو. بەخۆی‌ وەزیری‌ دادەنا و لایدەبرد و لەوڵات تەنیا قسەی‌ ئەو دەڕۆیی‌.

دڵڕەقیی‌(تیڤانۆ)ی‌ شاژنی‌ رۆمی‌ گەیشتە ئەو ئاستەی‌(ئەرمانۆس)ی‌ مێردی‌ خۆی‌ کوشت، ئەوجا مێردی‌ بە(نیقفۆر)ی‌ پاشا کرد. ئەویش ویستی‌ کوڕەکانی‌ بخەسێنێ بۆ ئەوەی‌ فەرمانڕەوایەتیان بۆ نەمێنێتەوە. بۆیە ژنەش یەکێکی‌ بۆ نارد و کوشتی‌. پاشان مێردی‌ بەپاشا(یانس) کرد. لەویش دڵنیا نەبوو بۆیە ژەهرخواردی‌ کرد.

(تەرکان خاتوون)یش کە مێردەکەی‌ مرد و کوڕەکەی‌ هێشتا منداڵ بوو، مردنی‌ مێردەکەی‌ شاردەوەو سوپایەکانی‌ کۆکردەوە بۆ ئەوەی‌ دەنگ بدەنە کوڕەکەی‌. کاروباری‌ وڵاتیشی‌ بەڕێوەدەبرد و فەرماندەییی‌ سوپاشی‌ دەکرد لەشەڕی‌ دوژمنەکانیدا.

(زوومەڕەدخاتوون)یش(شەمسول ملووک ئیسماعیل)ی‌ کوڕی‌ خۆی‌ کوشت بەوەی‌ ژەهری‌ بۆ لەناو خواردن کرد، چونکە پێی‌ وابوو ستەمی‌ لێکردووە. ئەوجا مێردی‌ بە(عیمادەددین زەنگی‌) کرد و ئەویش دوایی‌ تەڵاقی‌ دا و بەهەژاری‌ مایەوە، بۆیە مێردی‌ بە(باقللانی‌)یەکی‌ گێلۆکە کرد و زۆری‌ چەوساندەوە.

کچی‌ پاشایەک بوو
(زوومەڕەد خاتوون)ی‌ ژنی‌(تەغتەکین) لەپیلانی‌ کوشتنی‌ (ئەلموعیز ئیسماعیل)ی‌ کوڕی‌ دەستی‌ هەبووە و دوایی‌ مێردی‌ بە(غازی‌ بن جوبریل) کرد و ئەویش بەژەهر مرد و رێی‌ بۆ خۆشبوو و (زوبەید)ی‌ بەدەست هێنا و (سلێمان بن شاهنشاهـ)ی‌ لەشاری‌ مەککەوە هێنا کە هەژار بوو و مێردی‌ پێکرد و یەمەنی‌ رادەست کرد، بەڵام زۆر ستەمکار بوو مافی‌ زوومەڕەدی‌ رەچاو نەدەکرد.

بەڵام(رازیە) کچی‌ پاشایەک بوو بەناوی‌(ئەلتەتموش) ئەوەی‌ کە کچەکەی‌ خۆی‌ بەجێگر دانا، هەرچەندە سێ کوڕیشی‌ هەبوو. (روکنەددین)ی‌ لەباوکەوە برای‌ حوکمڕانیی‌ کرد و هەڕەشەی‌ کوشتنیان لێکرد، ئەویش هاواری‌ بۆ گەل برد و ستەمەکانی‌ نیشاندان و بەسەریدا سەرکەوت و فەرمانی‌ کوشتنی‌ دا. ئەوجا بەتەنیا بۆ ماوەی‌ چوار ساڵان موڵکی‌ گرتە دەست. پاشان بەوە تۆمەتبار کرا کە گوایە دەستی‌ لەگەڵ کۆیلەیەکی‌ حەبەشی‌ تێکەڵ کردووە، بۆیە خەڵکەکە رێککەوتن کە لەدەسەڵاتی‌ لاببەن و لەیەکێک لەخزمەکانی‌ مارە بکەنەوە.

(شەجەرەت ئەلدوڕ) شەڕی‌ لەگەڵ فەڕەنسیەکان کردووەو بەسەریشیاندا سەرکەوتووە و فەرمانڕەوایەتیی‌ بۆ کوڕەکەی‌، دوای‌ مردنی‌ باوکی‌، رێکخستووە، بەڵام لەبەر ئەوەی‌ بێتوانا بووە، هەر خۆی‌ فەرمانڕەوایەتیەکەی‌ وەرگرتووە، بەڵام مەمالیکی‌ دەریاوانی‌ ناچاریان کردووە واز لەدەسەڵات بێنێ بۆ قایلکردنی‌ خەلیفەی‌ بەغدایێ. ئەویش کە ئەو سەرکردەیەی‌ ناسیووە کە بۆ فەرمانڕەوایەتی‌ دەستنیشان کرابوو، خێرا شووی‌ پێکرد و فەرمانی‌ دا وتاری‌ مزگەفتەکان بەناوی‌ خۆی‌ و مێردەکەی‌ بخوێنرێتەوە و پارەش هەر بەو دوو ناوە دابڕێژرێ. دوای‌ مردنی‌ مێردیشی‌، موڵکەکەی‌ وەرگرتەوە، پاشان مێردی‌ بە (عیزەددین ئایبێگ) کرد. کە زانیشی‌ مێردەکەی‌ کچی‌ (بەدرەددین لوئلوئـ)ی‌ مارە کردووە، بڕیاری‌ دا بیکوژێ و فەرمانی‌ بەکەنیزەکەکانی‌ کرد لەناو گەرماودا بیکوژن. (بێرخان)یش برایەکەی‌ خۆی‌ کوشت و فەرمانی‌ بە لووسکەکانی‌ (غیلمانەکانی‌) دا بەشمشێر لەسەری‌ بدەن. دوایی‌ برایەکەی‌ دیکەی‌ ستەمی‌ لێکرد و کوشتی‌.

تێبینی‌ دەکرێ کە ستەم و پیلانگێڕی‌ رەفتاری‌ ئەو ژنانە بووە کە گەیشتوونەتە دەسەڵات و چارەنووسی‌ زۆریشیان کوشتن یان لابردن و لەبیرکردن بووە.

زۆریی‌ کەنیزەک لەناو کۆشکی‌ خەلیفە و میرەکاندا:
بەشی‌ زۆری‌ دانیشتووانی‌ ئەو وڵاتانەی‌ کە دەستیان بەسەردا دەگیرا وەکو (سبی) دەڕفێنران. کۆشکەکان پڕبوون لەو کەنیزەکانەی‌ کە بەکلتوور و شتی‌ سەیروسەمەرەوە پێشکەش دەکران. لەوانە تێیاندا بووە: فارس، کورد، رۆمانی‌، ئەرمەن، ئەسیوپی‌، سوودانی‌، هیندی‌ و بەربەریش..! هاڕوون ئەلڕەشید هەزار کەنیزەکی‌ هەبووە. هەرچی‌ ئەلمتەوەکیلە کە لەنێوان ساڵانی‌ 232 و 247ی کۆچیدا فەرمانڕەواییی‌ کردووە، چوار هەزار کەنیزەکی‌ هەبووە.

ئەو ژنانەی‌ کە جوان بوون
هەبوونی‌ ژن(حەریم) لەناو هەموو کۆشکەکاندا مایەی‌ رابواردن و خۆشی‌ بووە، چونکە جوانترین ژنانی‌ جیهان بەڕۆشنبیریی‌ جیاوازەوە لەوێ بوونە و زانیاریی‌ جۆراوجۆریان زانیووە و خۆیان نمایش کردووەو خەلیفە و وەزیرەکانیان بۆ لای‌ خۆیان راپێچ کردووە. لەبەر ئەوەی‌ راکێشانی‌ ئەو پیاوانە تەنیا بەتیچاوێکی‌ دڵڕفێنیەوە نەبووە، بەڵکو دەبوو لەو بوارانەشدا سەرنجیان رابکێشن کە پێی‌ شاگەشکە دەبوون، لەوانە: فەلەکناسی‌ و زمانزانی‌ و مێژوو.. سەرباری‌ شیعر و گۆرانی‌ چڕینیش.

ئەو ژنانەی‌ کە جوان بوون و خەریکی‌ دەمەتەقێی جددی‌ دەبوون، نەیاندەتوانی‌ شتێک بەشتێک بکەن و لەو جیهانەدا بەردەوام بن. ئەوەی‌ کە کەنیزەکە بەختەوەرەکان زانیوویانە مامۆستای‌ بەتوانایان لەدەورەی‌ خۆیاندا کۆکردۆتەوە. لەوانە (ئەلخەیزەران) کە زانستی‌ زمانی‌ (فیقهـ)ی‌ لەسەر دەستی‌ بەناوبانگترین قازیی‌ سەردەم خوێندووە بۆ ئەوەی‌ لەلای‌ (ئەلمەهدی‌) بەختی‌ هەبێ. سەرباری‌ ئەوەش شارەزایی‌ لەسێکسکردن و نەرمونیانی‌ لەهەستیشدا بوارێک بووە کە کەنیزەکەکان پەرەیان پێداوە، بەجۆرێک هەریەکەیان شێوازێکی‌ رووناکبیریی‌ خۆی‌ بەکاربردووە، بەڵام ژنە عەرەبە ئەریستۆکراتەکان ئەو توانایەیان نەبووە لەبەرامبەر ئەو رکابەرانەیاندا بووەستن، بەتایبەتیش لەو بوارەی‌ دواییدا، چونکە بەڕەفتار و پەروەردەیێکی‌ توند پەرژین کرابوون، لەوەی‌ کە توێژی‌ حوکمڕانان دەیانخستە سەر ژنەکانیان، ئەو رەفتارانەی‌ کە ژنە کەنیزەکەکان ناچار نەبوون پێیانەوە پەیوەست بن، بۆیە پابەندبوونی‌ گەورەکان پێیانەوە بەرەو ئەوەی‌ دەبردن وردە وردە شارەزای‌ ئارەزووە نێرینەیی‌ و حەزەکانیان ببن.

کاتێکی‌ زۆری‌ نەبرد تا هەر ناوچەیەک لەجیهانی‌ ئیسلامی‌ بەجۆرە تایبەتمەندیەکی‌ ژنەکانیان ناوبانگی‌ دەرکرد. لەوەدا ژنانی‌ (مەغریبی‌) لەپێشەوەی‌ هەموواندا بوون: (ئەوەی‌ کەنیزەکێکی‌ بۆ چێژوەرگرتن بووێ با بەربەریەک بێنێ، ئەوەی‌ هەڵگر و پارێزکاری‌ دەوێ با رۆمی‌ بێنێ، ئەوەی‌ بۆ کوڕی‌ دێنێ با فارس بێ، ئەوەی‌ بۆ شیردانی‌ دەوێ قولەڕشێک بێنێ، ئەوەشی‌ بۆ گۆرانیی‌ دەوێ ئەوا مەککیەک بێنێ).

ئەو توێژینەوەیەی‌ جێی‌ سەرسوڕمانە
ئەو ئامۆژگاریانە لەلایەن شارەزایەکی‌ ئەو بوارەوە گوتراوە کە پزیشکێکی‌ بەئایین دیان (مەسیحی‌) بووە بەناوی‌ (ئیبن بوتڵان) (لەساڵی‌ 144ی کۆچی‌ مردووە) و لەبەغداد بەتوانایەکانی‌ بەناوبانگ بووە. ئەو کاتەش زۆر ناوبانگی‌ دەرکردووە کە توێژینەوەیەکی‌ لەسەر کڕینی‌ کۆیلە(رەقیق) نووسیوە. ئەو توێژینەوەیەی‌ جێی‌ سەرسوڕمانە، چونکە ئامۆژگاریەکی‌ کردەیی‌ پێشکەش دەکا بۆ شکست پێهێنانی‌ فێڵەکانی‌ کۆیلە فرۆشان (النخاسین) ئەوانەی‌ کە کەنیزەکی‌ نەخۆشکەوتوویان دەڕازاندەوەو شتی‌ سادەیان بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی‌ وایان نیشان بدەن کە تەندروستیان باشە. یان رەنگی‌ قژ و دەموچاویان دەگۆڕین بۆ ئەوەی‌ پتر بەرچاو بن و خەڵک بیانکڕێ: (لەوانەی‌ کە دەیکەن بۆ رەنگ گۆڕینیان دوو شتە: یان رەشتاڵەیە دەیکەنە رەنگ زێڕین، یان گەنم رەنگیە دەیکەنە سپی‌، لەوانەشە قژی‌ زەردبێ کە رەش دەکرێ، یان قژی‌ لوولە خاو دەکرێتەوە، لەکارەکانی‌ کەنیزەک فرۆشان درێژکردنی‌ قژیانە بەهیدیکەی‌ لەجۆری‌ خۆی‌..).

لەوانەیە ئەو ئامۆژگاریانە تەنانەت بۆ ئەوڕۆشمان بەکەڵک بن. بەم شێوەیە دەبێ ئاگاداری‌ ئەوانە بین کە چاویان فراوانە، رەنگە لەبەر تەمبەڵیان بێ یان لەڕێیان لاداوە. بەڵام ئەوانەی‌ چاویان قووڵە بەغیلن و چاوی‌ شینیش واتە هیچ و پووچ، بەڵام ئەوەی‌ هەردوو گۆی‌ چاوی‌ خێرا دەجوولێنێ، ئەوە ناشیرینی‌ بەرجەستە دەکا.! بەڵام ئەگەر تووشی‌ یەکێک هاتی‌ رەشێتیی‌ چاوەکانی‌ بەسەر سپێتیەکەیدا زاڵبوون ئەوە هیچ مەکە و قاچەکانت شلکە و تا تێنت تێدایە راکە، چونکە تۆ لەبەرامبەر کەسێکی‌ ئەحمەقی‌. قژی‌ تەنک نیشانەی‌ گێلیە لەکاتێکدا قژی‌ چڕوپڕ نیشانەی‌ ئازایەتیەکی‌ گەورەیە.

ئامۆژگاریی‌ کڕینی‌ تورک دەکا
هەر لەلای‌ (ئیبن بوتڵان) هەوڵدان بۆ پەیوەندی‌ کرد بەکەسی‌ لووت زل، واتە ماندووبوون بەفیڕۆ دان، چونکە لووتی‌ گەورە نیشانەی‌ گەمژەییە. هەرچی‌ کەسی‌ تەوێڵ پانە تەمبەڵە و نێوچاوان تەسکیش ئاکارێکی‌ زۆر جوان نیە، چونکە نیشانەی‌ نەزانیە. دەمی‌ گەورە نیشانەی‌ ئازایەتیە، بەڵام لێو و لچی‌ ئەستوور نیشانەی‌ گێلیە.

(ئیبن بوتڵان) لێرەدا لەهەموو ژمارەیەکی‌ پێوانەییی‌ تێپەڕاندووە کاتێک کە رێ نیشانی‌ کڕیار دەدا بۆ کڕینی‌ ئەوانەی‌ بەرگە دەگرن و ناسکن، بەڵام دەڵێ ئەوانە کێشەیان ئەوەیە کە لەتەمەنێکی‌ گچکەدا دەمرن. ئامۆژگاریی‌ کڕینی‌ تورک دەکا چونکە خاوەن ئاکارن و جوانن، بەڵام قەڵەون. بەدەگمەن دەبینی‌ کەنیزەکێکی‌ تورک بەژن و باڵای‌ رێک بێ. هەرچی‌ رۆمانیەکانە کەنیزەکی‌ نایابن و بەزۆریش کاری‌ دەستی‌ دەزانن. ئەوانەی‌ کە دەبێ لێیان دوورکەویەوە ئەوا ئەرمەنیەکانن، چونکە ناپاک و دزن و دەبێ داریان بۆ بەکار بێنی‌ بۆ ئەوەی‌ بگەیە ئامانجەکانت.

ئەوەی‌ جێی‌ حەپەسانە لەو هەموو نووسینانەدا ئەوەیە کە وڵاتە ئیسلامیەکان بەپێی‌ پەیامی‌ پێغەمبەر و رێوشوێنەکانی‌ قورئان، ئامانجیان نەهێشتنی‌ کۆیلایەتی‌ بووە، کەچی‌ بەپێچەوانەوە ئەوان لەپێشەوەی‌ ئەوانەوە بوون کە کۆیلایەتیان تێدا بووە. ئەوەش هەر بەردەوام بووە تا وڵاتە ئاوڕووپاییەکان لەسەتەی‌ نۆزدەدا وازیان لەو دیاردەیە هێنا. ئەوەتە لەناوەڕاستی‌ سەتەی‌ دوازدەی‌ کۆچی‌ و سەتەی‌ هەژدەی‌ زایینیدا دەبینین کەسێکی‌ موسڵمان روونکردنەوەیەک دەنووسێ تێیدا رێکارەکانی‌ پشکنینی‌ کۆیلە نیشان دەکا بۆ ئەوەی‌ نەکەویتە داوی‌ کۆیلەفرۆشان. (لەفتوڵڵا ئەلغەزالی‌) کە هاوڵاتیەکی‌ میسری‌ عوسمانی‌ بووە، بەجۆرێک ناونیشان بۆ توێژینەوەکەی‌ دادەنێ کە خواپەرستیەکی‌ توندی‌ تێدایە: (هدایه‌ المرید فی تقلیب العبید = رێ نیشاندانی‌ کڕیار بۆ هەڵگێڕو وەرگێڕکردنی‌ کۆیلە).

لەبەر ئەوەی‌ سنووری‌ ئیمپراتۆریەتی‌ ئیسلامی‌ لەسەردەمی‌ هاڕوون ئەلڕەشیدەوە دیاری‌ کرا و دوای‌ ئەوە فراوانکردن نەما، بگرە خۆی‌ کەوتە بەر هێرشی‌ بێگانە، دەکرێ بپرسین ئایا سەرچاوەی‌ ئەو کۆیلانە چی‌ بووە. ئەوانە موسڵمان بوون، بۆیە دەپرسین: بۆچی‌ دەسەڵاتی‌ ئایینی‌، کە بایەخ بەئیسلام و پرەنسیپە بنەڕەتیەکانی‌ دەدا، هەڵمەتی‌ دژی‌ کۆیلایەتی‌ رێکنەخستووە.؟ ئەو پرسیارەی‌ کە چارە نیە دەبێ لەهەموو کات و ساتێکدا بیکەین…

زۆریی‌ ئەو خەلیفانەی‌ کە کوڕی‌ کەنیزەکەکانن
ژمارەی‌ ئەو خەلیفانەی‌ کە لەدایکێکی‌ کەنیزەکەوە پاشکەوتوون لەمێژووی‌ ئیسلامدا مایەی‌ حەپەسانە. ئەم دیاردەیە هی‌ ئەوەیە توێژینەوەیەکی‌ قووڵی‌ لەسەر ئەنجام بدرێ، چونکە بەڵگەی‌ زۆر گرنگمان نیشان دەدا بۆ ئەو ململانێیە چینایەتی و رکابەریە کلتووریەی‌ کە لەسەردەمی‌ زێڕینی‌ ئیسلامدا هەبووە، ئەویش رەهەندە سێکسیەکەیەتی‌. (ئیبن حەزم) تێبینی‌ دەکا کە تەنیا سێ خەلیفە لەناو هەموو خەلیفەکانی‌ عەباسیاندا هەبوون کە لەدایکێکی‌ رەسەن پاشکەوتبوون. هەرچی‌ خەلیفە ئەمەویەکانی‌ ئەندەلوسە، ئەوا تاکە یەک خەلیفەشیان نەبووە کە لەدایکێکی‌ ئازادەوە بووبێ. (سەلمە)ی‌ دایکی‌ خەلیفەی‌ عەباسی‌ (ئەلمەنسوور ئیبن ئەلمەهدی‌) کەنیزەکێکی‌ بەربەری‌ بووە. دایکەکانی‌ مەئموون و ئەلمونتەسیر و ئەلموستەعین و ئەلموهتەدی‌ کەنیزەکی‌ رۆمی‌ بوونە. دایکی‌ ئەلمتەوەکیلیش تورک بووە.

هیچ سنوورێک بۆ ژمارەی‌ کەنیزەکەکان نەبووە. (تەبەری‌) لەتەفسیرەکەیدا دەڵێ: (ئەرکەکانی‌ بڕوادار بەرامبەر کەنیزەکەکانی‌، هەمان ئەو ئەرکانە نیە بەرامبەر ژنە ئازادەکانی‌، چونکە کەنیزەکەکان دەچنە خانەی‌ ئەوەی‌ پێی‌ دەگوترێ «ما ملكت ایمانكم» واتە تا ئەوەندەی‌ باوەڕتان هەڵیدەگرێ..!

سەرچاوە: بەشی‌ یەکەم لەکتێبی‌ (النساء الحاكمات من الجواری والملكات) دانانی‌ (الاستاذ الدكتور یحیی‌ وهیب الجبوری) چاپی‌ یەکەم ساڵی‌ 2010 – 2011. (لەئینتەرنێتpdf ).

 157 جار بینراوە