سەرەکی » زانست » هەرزانترین كرێ خانوو لە ئەڵمانیایە

هەرزانترین كرێ خانوو لە ئەڵمانیایە

ئامادەكردنی: بورهان ئەمین

گوندی فوگەری Fuggerei سەربە شاری Augesburgی باشووری ئەڵمانیایە، بریتیە لە كۆنترین و نایابترین گوند لەسەر ئاستی جیهان كە تا ئیستاش خەڵكی بەهەمان سیستمی كۆن لێی نیشتەجێن، ئەو گوندە پێكهاتووە لە 140 شوقەی 60 مەتری و 67 خانوی گەورە و بچووك، لەسەدەی پانزەهەم لەلایەن «جاكوب فۆجەر» گەورە دەوڵەمەند و خانەدانی ئەڵمانی، تایبەت بۆ خەڵكی دەستكورت و پیشەوەر و دەستگێڕ و ئەو كەسانە دروستكراوە كە خێزانداران و زیاتریش ئەوانەی كاری رۆژانەی دەستی دەكەن، هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوانە دروستكراوە كە كاسبكارن‌ و نەیانداوە بە سواڵكەر و بێكارەكان، ئەوەی ئەو خانو و شوققانەی دەدرێتی، دەبێت كاسۆلیكی بێت و ناوبانگێكی جوان و خاوەنی رەوشتێكی بەرز و شایستە بێت.

خاوەن موڵك ئەوكاتە بۆ یارمەتیدانیان تەنها كرێیەكی رەمزیی بۆ یەك ساڵ یەك ماركی لێ وەردەگرتن، لەدوای مردنی ئەو پیاوە ناودارەش، نەوە یەكلەدوایەكەكانی هەمان ئاراستەیان گرتۆتەبەر و یارمەتی خەڵكی هەژار دەدەن، بەجۆرێك تائێستا كرێی ئەو خانوو شوققانە هەر وەك خۆی ماوەتەوە و ئێستاش كرێی سارد بۆ ساڵێك 88 سەنتە، واتە مانگانەی تەنها 7 سەنتە، لە 2003 وە ساڵانە بڕی 85 یۆرۆ هەقی گەرمیی دەدەن، ئەو خانوانە 150 خێزانی لەو جۆرەی تێدا دەژی و ئێستا بۆتە موڵكدارێتی دەزگای Jakob Fugger و ئەم دەزگایەش كە بەناوی خاوەنەكەیەوە كراوە، دەزگایەكی خێزخوازی لۆكاڵییە و یارمەتی و باربۆی كەسانی هەژاری شاری ئاوگسبۆرگ و دەوروبەری دەدات.

تەمەنی 500 ساڵە
گوندی فوگەری، سێ كۆڵانی لێیە و لە سێ حەساری لەناو یەك پێكهاتووە، شەوانە ئیشكگری هەیە و تا بەرەبەیان دەرگای حەوشە گەورەكەی دادەخەن، ئەو شوێنە لەساڵی 1521 دروستكراوە و خانووەكان هەر لەسەر دیزاینی خۆیان ماونەتەوە، لە ناوەڕاستی حەسارەكەش نافورەیەكی بازنەیی تێدایە کە سەرەتا لە دارو دواتر لە سەدەی حەڤدەیەمدا بە ئاسن نۆژەن كراوەتەوە.

جاران تەلی كارەبا و دارتەلەكانی بەدەرەوە بوون، بەڵام ئێستا خراونەتە ژێر زەوییەوە، كڵێسا و خوێندنگە و نەخۆشخانەی تێدایە، لە1880 نوێ و فراوانتر كراونەتەوە، لە میانی جەنگی دووەمی جیهان لە ساڵی 1944 نزیكەی سێیەكی خانوەكانی لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای بەریتانیاوە بۆردومان كراون و روخێندراون، بەڵام لە 1945 لەسەر ئەرك و خەرجی دەزگاكە لەسەر هەمان دیزاین و شێوازە كۆنەكەیان نوێكراونەتەوە و خەڵكی هەژاری لێ نیشتەجێ كراوەتەوە.

لە ساڵی 1973شدا جارێكی دیکە شوێنە خراپ و كۆنەكانیان چاك كردۆتەوە و شوققەی تریان بۆ زیادكردووە.

وەك شوێنێكی گەشتیاریی لەم ساڵانەی دواییدا گوندی فۆگەری بۆتە شوێنیكی گەشتیاریی و شارستانی جگە لە ئەڵمانیا لە وڵاتانی ئەوروپایی تریشەوە خەڵكی سەردانی دەكەن.

لە 2008 ەوە خانویەكیان لێ كردۆتە مۆزەخانەو وێنەو كەلو پەلی كۆن و مێژووی ئەو بنەماڵەیە و شمەكەكانی سەدەی هەژدەم و سەردەمانی هەردوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی تێدا نمایش دەکرێت، لەگەڵ كەرەستە و ئیكسسوار و پێداویستی و کەرەستە تایبەتییەكانی «جاكوب فۆگەر» لەگەڵ مۆنۆمێنتێكی تایبەتی ئەو كەسایەتییە.

دەزگای خێرخوازیی Jakob Fugger لە میژووی دێرینی خۆیەوە تائیستا سەرۆكی هەیە كە بە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكە دەستنیشان دەكرێت و هەموو ئەندامەكانیش سەربە بنەماڵە و نەوەی ئەو پیاوە خانەدانەن كە سەرمایەكەی بۆ خزمەتی خەڵكی هەژارو كاسبكاردا تەرخان كردوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕیFuggerei

 726 جار بینراوە