سەرەکی » وتار » پێویستمان بە هەڵمەتێکی نیشتمانیی چڕە بۆ خۆکوتان

پێویستمان بە هەڵمەتێکی نیشتمانیی چڕە بۆ خۆکوتان

ئەرسەلان پەرۆش

تادێت بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ و ئامارەکانی دەمەزراوە تەندروستییەکان ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە نێویشیاندا عیراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و لە هەندێک لە وڵاتانیش توشبوون و مردن بەو هۆیەوە رۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات. بۆ نموونە لە هیندستان ژمارەی توشبوونی رۆژانە نزیک دەبێتەوە لە 400 هەزار کەس و مردنی رۆژانەش نزیکەی چوار هەزار کەس دەبن، بەڵام لە بەرامبەریشدا وڵاتێکی وەک بریتانیا کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدانی بە کۆرۆنا راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ کوتانی بەشی هەرەزۆری هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بە ڤاکسینی کۆرۆنا گەڕاندەوە.

بێگومان جیاوازیی تاڕادەیەک زۆر لە تێڕوانین و بیرکردنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتێکی وەک بەریتانیا و وڵاتێکی وەک عیراق بۆ رووداو و پێشهاتە لەناکاوەکان و کۆی بوارە جیاوازەکانی ژیان هەیە، بۆ نموونە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جیهان بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی تایبەتی ڤایرۆسەکەیان دەکرد بۆئەوەی بتوانن خۆیانی پێ بکوتن و لە مەترسی ئەو بەڵایە رزگاریان ببێت و هەر واش بوو، ئێستا لە بەریتانیا تەنها بەشێکی کەمی هاووڵاتیان نەبێت زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی خۆیان بە یەکێک لە ڤاکسینەکان کوتاوە، هەر ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی توشبوون و مردن و وڵاتەکەش لە حاڵی ئەوەدایە کە سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر کۆرۆنادا رابگەیەنێت.

لە لایەکی تریشەوە لە عیراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە تادێت ژمارەی رۆژانەی تووشبوون روو لە هەڵکشانە و هاووڵاتیانیش چەندین رای جیاواز و ترسیان لا دروست بووە لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە و هەر ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆر کەمی هاووڵاتیان سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و ڤاکسینەکە وەربگرن، چونکە دەنگۆی جیاواز لەبارەی کاریگەرییە نەرێنی و لاوەکیەکانیەوە بڵاو بووەتەوە، بەجۆرێک دوای گەیشتنی بڕێک لەو ڤاکسینە بۆ هەرێم تا ماوەیەکی زۆر و بەئێستاشەوە لە بنکە تەندروستییەکاندا ماوەتەوە و زۆر کەس ئامادە نین خۆیانی پێ بکوتن، بەڵام دوای ماوەیەک و هاتنی ڤاکسینی دیکە بەشێک لە هاووڵاتیان سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان دەکەن و داوای کوتانیان بەو ڤاکسینە دەکەن نەک جۆرێکی دیکە.

ئەم ترسەی هاووڵاتیان تائێستا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەش وای لێکردوون دوودڵییەکی زۆریان لا دروست ببێت و نەتوانن خۆیان بە ڤاکسینە جیاوازەکانی تریش بکوتن، هەربۆیە ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات، ئەوا چاوەڕێی ئەوە مەبن کە کۆتاییهاتنی کۆرۆنا لە عیراق و بەتایبەتیش لە هەرێم بەهۆی وەرگرتن یان کوتان بە ڤاکسینەوە بێت، بەڵکو دەکەوێتە سەر رەحمی ‌پەروەردگار و ئاستی خۆپارێزیی هاووڵاتیان کە ئەمەی دواتریان هەر نییە.

ماوەتەوە بڵێین ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤاکسینەکە و حاڵەتەکانی چاکبوونەوە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی کە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کاریگەریی لاوەکی و خراپی ئەوتۆی نابێت و سوود و قازانجەکانی زۆر زیاترە لە زیانەکانی، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی کە تائێستا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، بەڵام ملیۆنان کەس بەهۆی ڤاکسینەکەوە لەمەترسی رزگاریان بووە. هەربۆیەش پێویستمان بە هەڵمەتێکی نیشتمانیی چڕ هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە.

 376 جار بینراوە