سەرەکی » ئاراستە » ژنانی گوند و دەستڕەنگینی لە نانی تیریدا

ژنانی گوند و دەستڕەنگینی لە نانی تیریدا

زەردەشت محەمەد

ساڵانە ژنانی کورد چ لە گوند یاخود لە شار، جیاواز لە هەر مانگێکی دیکە پێشوازیی لە مانگی رەمەزان دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی بەشێک لە ئیشوکارەکانیان زیاتر و زووتر دەخەنەگەڕ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە چوونە نێو قورسایی ژیان و کاروباری گوندەوە رەنگە وایان لێ بکات نەتوانن وەک رۆژانی ئاسایی لە رەمەزاندا کارەکانیان رابپەڕێنن، بەتایبەتیش ئەرکی نانکردن لە رۆژانی رەمەزاندا گرانترە.

هەر بەم هۆیەشەوە ژنان بەتایبەتی لە گوندەکان بەشێوەی هەرەوەزی نانی مانگەکە ئامادە دەکەن ئەو ئەرکەش لە گەرمیان جیاوازترە لە لە ناوچەکانی دیکە، چونکە ژنان لە گەرمیان زیاتر گرنگی بە نانی(تەنووری و ساجی) دەدەن کە پێیشی دەوترێت نانی هەورامی، بەڵام لە گوند و شارەکانی ناوچەی شارەزوور بەشێکی زۆر لە ژنان زیاتر ئارەزووی نانی (تیری) دەکەن.

لەو رووەوە جیهان نەجم کەریم، وەک یەکیک لە ژنانی ناوچەی شارەزوور بۆ هەفتەنامەی گوندستانی نوێ دەڵێت: زۆرجار هەفتەیەک بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان ژنانی گوند دەست دەکەین بە نانکردن و لەو مانگەدا زیاتر نانی تیری دەکرێت.

روونیشیکردەوە: زۆر و کەمی نانکردنەکە بەپێی ژمارەی خێزانەکان دەگۆڕێت و بۆ خێزانێکی وەک ئێمە کە پێنج کەسین چوار هێڵەک ئارد بەشی دوو هەفتەمان دەکات، ئەگەر بێت و هەموو ئێوارانێک تەنها نانی تیرییەکە بخۆین.

وتیشی: یەکێک لە خۆشییەکانی ئەم کارە ئەوەیە جیاواز لە مانگەکانی دیکە، زۆرجار ژنان بە هەرەوەزیی نان دەکەن و لێرەش زیاتر نانی تیری دەکرێت.

چەند ساڵێک بەر لەئێستا ژنانی کورد بۆ دروستکردنی نان تەنها پشتیان بە توانا و لێهاتوویی خۆیان دەبەست، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی لە شارەکاندا لەلایەن ژنان و پیاوانەوە نانەواخانەی تایبەت دروست کراوە، ئەمە بووە بە هۆکارێک بۆئەوەی بەشێک لە ژنان واز لە پیشەی نانکردن بهێنن و ببنە کڕیاری نان.

گەشاو ئەحمەد یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی کە هەر لە منداڵییەوە لە گوند، لەبەر دەستی دایکیدا فێری نانکردن بووە و توانایەکی باشی هەیە لە دروستکردنی ناندا، بە گوندستانی نوێ-ی راگەیاند: دروستبوونی نانەواخانە کوردەوارییەکان وایکردووە بەشێک لە ژنان واز لە نانکردن بهێنن و رووبکەنە نانەواخانەکان بۆ کڕینی نان.

وتیشی: راستە ئەو نانەی کە لە نانەواخانە کوردەوارییەکاندا دروستدەکرێت لە شێوەدا هەمان ئەو نانەیە کە لە ماڵاندا دروست دەکرێت، بەڵام لەتامدا جیاوازییان هەیە، چونکە ئەو نانەی کە خۆمان دروستی دەکەین، بەپێی ئارەزووی خۆمان خوێ و کەرەستەکانی دیکەی تێدەکەین و ئەمەش وادەکات ئەو نانەی کە خۆمان دەیکەین تەندروستتربێت لەچاو ئەو نانەی کە لە نانەواخانەکاندا دروست دەکرێن.

گەشاو ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەرچی دروستکردنی نان ماندوبوونی زۆری دەوێت، بەڵام باشترە ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان نان دروست بکەن، چونکە زیاتر دڵنیان لە پاک و خاوێنی نانەکە.

 142 جار بینراوە