سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » لۆنا دڵشاد مەریوانی: دەمەوێت کتێبی باش بنووسم و خوێنەریان هەبێت

لۆنا دڵشاد مەریوانی: دەمەوێت کتێبی باش بنووسم و خوێنەریان هەبێت

لۆنا دڵشاد مەریوانی نووسەرو وەرگێر و مامۆستای زانکۆ هەروەها کچی شەهید دڵشاد مەریوانی شاعیرو نووسەر و شیرین ک ی ئەدیب و نووسەرە و لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و خوێندوێتی، زانکۆی لە سلێمانی لە کۆلیژی زمان بەشی ئینگلیزی تەواو کردووە و ماستەرنامەکەی لە بەریتانیا لە بواری نووسینی داهێنەرانە بە پلەی نایاب وەرگرتووە و ئێستا لە زانکۆی سلێمانی مامۆستای بەشی زمانی ئینگلیزییە، هەروەها خوێندکاری خوێندنی دکتۆرایە، لە دیدارێکی تایبەت بە کوردستانی نوێ-دا لەسەر ژیان و کار و بەرهەمەکانی قسە دەکات:

سازدانی: یەکەی دیدارو چاوپێکەوتن

*سەرەتا چۆن پێناسەی خۆت دەکەیت؟ یاخود حەزدەکەیت خەڵکی زیاتر چۆن بتناسن؟
– قورسترین و ناواقیعیترین شت لای من ئەوەیە پێناسەی خۆت بکەیت یان هەر مرۆڤێکی تر، بۆیە ناتوانم خۆم لە قاڵبی هیچ کامێک لەو ناوانە بدەم، کاتێک دەچمە زانکۆ یان وانە دەڵێمەوە یان ئەرکێکی پیشەیی جێبەجێ دەکەم، مامۆستای زانکۆم، کاتێک دەنووسم یان هەوڵی نووسین دەدەم و بەچاوی نووسەرێک و ئەقڵی نووسەرێکەوە لە جیهان دەڕوانم، نووسەرم و لە کاتی وەرگێڕانیشدا وەرگێڕم، هەندێکجاریش هیچیان نیم!

*ئەگەر باسی منداڵی بکەین وەکو لە زۆر چاوپێکەوتندا باست لەوە کردووە کە خولیات خوێندنەوە بووە هەرگیز وێنات کردبوو رۆژێک لە رۆژان تۆش ببیتە نووسەر یان هەر لە منداڵییەوە ئەوەت لە خەیاڵتدا داناوە و کارت بۆ کردووە؟
– بەمنداڵی زیاتر خۆم وەک نیگارکێش دەهاتە بەرچاو وەک لە نووسەر، هەرچەندە ئێستا تێدەگەم بۆ وەک منداڵی تر نەبووم و زیاتر چێژم لە کێشانی وێنە دەبینی وەک لە رەنگکردنی، ئەمەش چونکە بە وێنە چیرۆکم دەگێڕایەوە، بەڵام بەمنداڵی زۆر خەیاڵم لای ئەوە نەبوو دەبم بە چی، تەنیا دەمزانی دەمەوێت شتێک بکەم جێدەستم دیار بێت، هەڵبەت ئەمە شتێکە هێشتا نەهاتووەتە دی!

* لە نێو ئەو کارانەی دەیکەیت کامیانت لەلا خۆشەویستترەو زیاتر حەزدەکەیت بیکەیت؟ بۆچی؟
– بێگومان نووسینم لا خۆشەویستترە، چونکە نزیکترە لە کەسایەتیی خۆمەوە، چێژێکی تایبەتی هەیە تۆ شتێک لە عەدەمەوە بخوڵقێنیت، ئەگەرچی بە وشەش بێت، بەڵام وەرگێران وا نییە، ئەگەر نووسین منداڵی خۆت بێت، لای من وەرگێڕان منداڵی کەسێکی ترە و من تەنیا بەئەمانەت لامە و ئاگام لێیەتی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە نووسین خودی خۆی چێژبەخش بێت، دەکرێت کارێکی زۆر تاقەت پڕووکێن بێت و زۆر ئازارت بدات، بۆیە زۆربەی نووسەران ئەگەر بۆیان بگونجێت زوو زوو خۆیان لە نووسین دەدزنەوە و تەمبەڵی تێدا دەکەن.

* یەکێک لەو کارانەی تۆ وەرگێڕانە لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی و هەروەها وەرگێڕان لە عەرەبیشەوە ئەگەر بکرێت باسی ئەزموونی خۆت بکەیت لە وەرگێڕاندا؟ هەروەها چی وات لێدەکات تێکستێک یان کتێبێک وەربگێڕیت؟
– ئەزموونی من لە هەرزەکارییەوە بە کتێبێکی منداڵان دەستی پێکرد بەناوی «دەستەکانی نەنە» کە لە ئینگلیزییەوە کردبووم بە کوردی، تەمەنم شانزە بۆ حەڤدە ساڵ دەبوو، ئەو کاتە خانەی سمۆرە کتێبەکەیان بۆ چاپ کردم، پاشان کە چوومە زانکۆ و بەشی ئینگلیزی ئینجا کورتە چیرۆکم وەردەگێڕا، لەکۆتاییشدا ساڵی 2016 یەکەم کتێبم کە رۆمانێکی هارپەر لی بوو بەناوی «کوشتنی باڵندەی لاساییکەرەوە» چاپ بوو و دواتر دوو کتێبی تری بەناوی «تەنیا یەک رۆژی تر» و «کاتپێو» ی بەدوادا هات کە هی رۆماننووسی ئەمریکی میچ ئەڵبومن، بەڵام بەردەوام ئەگەر وەک ئیش یان بۆ من چێژی خۆم بووبێت دەقی ئینگلیزی و عەرەبیم وەرگێڕاوە و لە پەیجەکەی خۆم دامناون، شتەکە بۆ من تەنیا ئەوەیە، کە شتێک دەخوێنمەوە و لام زۆر جوان یان گرنگە، پێم خۆشە کەسە نزیکەکانیشم لێی تێبگەن و سوود یان چێژیان لێ ببینن، بۆیە بەو رۆحیەتەوە ئیشەکە دەکەم و دەتوانم بڵێم خۆشەویستی بۆ تێکستەکە و بۆ خوێنەر گەورەترین پاڵنەرمن.

* هێنانی ماستەرنامەکەت لە بەریتانیا و ئەو ئەزموونی ژیانە لە دەرەوە و بینینی وڵاتانی ئەوروپی چی بۆ تۆ زیاد کردووە وەکو نووسەر و وەکو مرۆڤیش؟
– ژیان لە خۆرئاوا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی وا دەکات زیاتر لەمانای پێکەوەژیان و قبوڵکردنی بەرامبەر و ئازادییەکانی تاک تێبگەیت، بەتایبەت بۆ ئێمەی ژنان، ئەو ئازادییەی لە دەرەوە ئەزموونی دەکەین زۆر جیاوازە لەوەی لەوڵاتی خۆمان بەردەستە، ئەو جۆرە ئازادییەی کە وا دەکات زیاتر هەست بە مرۆڤبوونی خۆت بکەیت و کەمتر بەهۆی رەگەزەکەتەوە جێی سەرنج بیت و ئازادانە بچیت بۆ شوێنە گشتییەکان و کەس پەیوەندی نەبێت بەوەوەی تۆ کێیت و بۆچی بەتەنیا لەوێیت و هتد… ئەمەش خۆی بۆ نووسەر زۆر گرنگە، چونکە ئێمە تەنیاییمان خۆش دەوێت و پێویستمان پێیەتی و پێویستمان بەوەیە بەتەنیا بگەڕێین و جیهان ببینین و ئەزموونی بکەین، بەڵام لەم کۆمەڵگەیەدا بۆ مێینە ئەمە شتێکی زۆر قورسە.

وەک نووسەریش بەهۆی خوێندنەکەم و تێکەڵبوونم لەگەڵ زۆر نووسەر و کەسانی خاوەن ئەزموون، زۆر شت لەسەر نووسین فێر بووم و زۆر شێوازی نووسینم تێپەڕاند کە ئێستا لە دونیادا کۆن بوون و کەس پێیان نانووسێت، توانیشم نووسیەنەکانم لەگەڵ نووسەری بەناوبانگی بەریتانیا و کەسی بەئەزمووندا بەش بکەم و بۆچوونی شارەزایانەیان لەسەر کارەکانم وەرگرم، بەمەش ئەزموونێکی باشتر و متمانەیەکی زیاترم بەتواناکانم بەدەست هێنا.

* کتێبی «من ئەمەم» یەکەم کتێبی چاپکراوە نووسینی خۆت بێت چۆن پێناسەی دەکەیت؟
– «من ئەمەم» خۆی لە خۆیدا کتێبێکە دژی پێناسەکردنە، بەتایبەت پێناسەکردنی ژن کە لەوەتەی هەیە بە پێناسەکان لەقاڵب دەدرێت، بۆیە کتێبەکە کۆمەڵێک چیرۆک و وتار و چەند تێکستێکی شیعری و نووسینی ئەدەبی کورتە کە باس لە کێشە و ئازار و بەسەرهات و خۆشی و ناخۆشیی و زۆربەی ئەو شتانە دەکەن کە پەیوەندییان بە ژنەوە هەیە، ئەمەش بۆ پێناسەکردنی نا، بەڵکو بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک لەسەر ژیان و بوونی ئەو مرۆڤە کە پێی دەوترێت ژن.

ناونیشانەکەش لە یەکێک نووسینەکانی ناو کتێبەکەوە وەرگیراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا مەبەستم ئەوەیە منی ژن (بەناوی هەموو ژنانەوە) هەموو ئەمانەم، دوور لە هەموو پێناسەکان ئەم مرۆڤەم بە هەموو باشی و خراپی جوانیی و ناشیرینیی و ئاڵۆزیی و سادەییەکانمەوە.

* نووسین و دەرکەوتن وەکو ژنێک لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا تا چەند بۆ تۆ قورس بووە؟
– تا رادەیەکی زۆر قورسە، چونکە خۆم لە دەستبردن بۆ هەندێک بابەت دەپارێزم، چونکە لێرە تۆی ژن بەتەنیا هێرش ناکرێتە سەر خۆت، بەڵکو تۆ وەکو هەڵگری شەرەف و ئابڕووی بنەماڵەکەت دەبینرێیت، بۆیە هەندێکجار خۆم لە دەربڕینی هەندێک بۆچوون دەپارێزم، چونکە قورسە بەرگەی ئەو هەموو تانە و قسە نەشیاوانە بگرم کە دڵنیام رووبەڕوویان دەبمەوە.

کێشەکە ئەوەیە ئەگەر هیچیشت نەکردبێت، ئامادەبوونت وەک ژنێک لە جیهانی نووسیندا و دەرکەوتنت خۆی لەخۆیدا یەکسەر دەتکات بە تۆمەتبار، لەبیرمە ئەو کاتەی لە فەیسبووک ریکلامم بۆ چاپی دووەمی «من ئەمەم» دەکرد، کەسانێکی زۆر تەنیا بە بینینی وێنەی خۆم و ناونیشانی سەر بەرگی کتێبەکە هێرشیان کردبووە سەرم و دەیانوت تۆ ژنەکانمان فێری بێئابڕوویی دەکەیت!

گرفتێکی تر ئەو پیاوانەن کە بۆ مەرامی تر خۆیان بە جیهانی نووسین و ئەدەبدا هەڵواسیووە و بەبیانووی ئەوەی خوێنەرن یان رۆژنامەنووسن یان هەر شتێکی تر دەیانەوێت خۆیان لێت نزیک بکەنەوە، ئەمەش چونکە پێیان وایە بوونت لەم بوارەدا واتا تۆ کەسێکی بێئابڕوویت و تەنیا دوای حەز و ئارەزوو دەکەویت، لە یەکێک لە نووسینەکانی «من ئەمەم» دا باسی نموونەیەکی لەم جۆرەشم کردووە کە ئەزموونێکی شەخسی خۆمە بە کەمێک ترشوخوێی ئەدەبییەوە.

*گەورە بوون بەبێ باوک وایکردووە ئەو برینە بۆ نووسین بخەیتە گەڕ یان هیچ جۆرە ئیلهامێکی پێ بەخشیوویت؟
– فرۆید دەڵێت هەموو کارێکی هونەری و ئەدەبی جۆرێکە لە نورۆسس، واتا شێتگیری، بێگومان ئەمە کەمێک زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام هەموو هونەرێک، بە نووسینیشەوە، جۆرێکە لە هەڵهاتن لەو برینە دەروونیی و رۆحییانەی ئێمەی مرۆڤ بەدەستیانەوە دەناڵێنین، لە کاتێکدا دەشێت کەسێک هانا بۆ توندوتیژی بەرێت، کەسێکی تر فڵچەیەکی وێنەکێشان بەدەستییەوە بگرێت، هەمووشی لە کۆتاییدا بۆ ئەوەیە کەمێک لە تەنیایی خۆمان هەڵبێین، لەو نامۆییە ئەبەدییەی کە لەم گەردوون و جیهانە فیزیکییەدا هەستی پێ دەکەین، هەر ئەمەشە دەبێت بە ئیلهام و بەرگی تری بەبەردا دەکەین، باسی خۆشەویستی و جەنگ و مەرگ و سەرکەوتن و چەندین بابەت دەکەین، بەڵام دواجار هەر دەمانەوێت بۆشاییەک بۆ خۆمان و خوێنەران دروست بکەین، کە تیایدا ئیدی هێندە هەست بە نامۆیی و تەنیایی نەکەین.

* لە خێزانێکدا گەورە بوویت دایکت «شیرین ک» ی نووسەرە و باوکت شاعیرو نووسەر شەهید «دڵشاد مەریوانییە» ئەوە هیچ پاڵنەر یان زیادکردنێکی بە تۆ داوە لە ژیانی نووسیندا؟
– بێگومان کاتێک لە ژینگەیەکی وادا گەورە دەبیت، راستەوخۆ کتێب و ئەدەب و نووسین دەبن بە بەشێکی ژیانت و زیاتر بەرکەوتنت لەگەڵ ئەدەب و نووسین و ئەو کەشەدا دەبێت، بۆ منیش ئەمە زەمینەیەکی باش بووە، لەهەمان کاتدا دایکم کەسێک بووە کە بە سەرنج و رێنماییەکانی وەک نووسەرێک و کوردی زانێک زۆر یارمەتی داوم، بەڵام باوکم تەنیا لە رێگەی ئەو کتێبانەوە ئامادە بووە کە دوای خۆی جێێ هێشتوون لەگەڵ ئەو بەهرەیەی لەگەڵ دایکمدا لە مندا جێیان هێشتووە، کە ئەوەش خۆی هەموو شتێکە!

* وەکو کچە شەهیدێک چۆن دەڕوانیتە ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان پێی گەیشتووە؟
– بەڕاستی هێندە وتراوە لەسەر ئەم بابەتە، شتێکی وا نییە ئارەزوو بکەم بیڵێم، تەنیا دەڵێم، دەکرا قوربانییەکەی باوکم و هەموو شەهیدەکانی رێگای ئازادی شتێکی زۆر جوانی لێ شین ببووایە، بەڵام لەوانەی ئەمانەتەکەیان درایە دەست، شایەنی ئەو ئەمانەتە نەبوون و خەونەکەیان لەبار بردن.

* کارت وەکو مامۆستای زانکۆ و ئێستاش خوێندکاری دکتۆرایت و ساڵانە نەوەیەک لە ژێر دەستی تۆدا گەورە دەبن ئەو کارە تا چەند هەستی بەرپرسیارێتیت دەداتێ ؟
– درۆی ئەوە ناکەم بڵێم خەونی من بوو ببم بە مامۆستای زانکۆ یان خوێندکاری دکتۆرا، بەڵام من باوەڕی تەواوم هەیە بەوەی بۆیە لەم پیشەیەدام چونکە دەبێت لەوێ بم، گەردوون لێرە و لەم شوێنەدا منی دەوێت و کاری پێمە، بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدەم بەوپەڕی ئەمانەتەوە و سەرەڕای قەیران و بێمووچەیی و هەموو شتێک کاری خۆم بەجوانی بکەم و تا دەشتوانم لەگەڵ خوێندکارەکاندا میهرەبان بم و ئەو کەسە بم کە لەگەڵیدا هەست بە بەهای خۆیان بکەن، چونکە ئەم نەوەیە زۆر تەنیان و زۆر متمانەیان بەخۆیان لاوازە و ئەوەی دەیانەوێت ئەوەیە ببینرێن و ببیسترێن و دانیان پێدا بنرێت، منیش هەوڵ دەدەم ئەوەیان لەگەڵدا بکەم.

* وەکو خوێنەرێک چی واتلێدەکات کتێبێک بخوێنیتەوە ناوبانگیی کتێبەکە یان نووسەرەکە یان شتێکی تر؟
– ناوبانگی نووسەرەکە گرنگە لەگەڵ ئەوەی کێن ئەو کەسانەی ئەو کتێبە پێشنیار دەکەن، چونکە ناوبانگ تا ناوبانگ دەگۆڕێت، بۆ نموونە کتێبی پۆلیسی یان ترسناک یان خەیاڵی زانستی لە جیهاندا پڕفرۆشترینن، بەڵام لەهەمان کاتدا زۆر لەو کتێبانە ئەدەبێکی بەرز پێشکەش ناکەن، بۆیە دانپێدانانی رەخنەگر و کەسانی بەئەزموون و خوێنەری جددی زیاتر بەهەند وەردەگرم وەک لە ناوبانگی کتێبەکە لەناو خەڵکدا. بەڵام دەشکرێت لەخۆمەوە دەست بدەمە کتێبێک و بزانم بەکوێم دەگەیەنێت!

* نووسەر بە خوێندنەوە هزری خۆی دەوڵەمەند دەکات یان جگەلەوە شتی تر هەیە پێویستە بیکات؟
– پێم وابێت خوێندنەوە خەریکە گرنگی خۆی لەدەست دەدات، جاران خەڵک بۆ ئەوە دەیانخوێندەوە تا باشتر ئاگاداری جیهان بن، بەڵام ئێستا جیهان لە لەپی دەستمانایە، بۆ نووسەریش ئەوەی ئاگاداری جیهان بێت و لە ژیان رابمێنێت و هەوڵ بدات بۆچوون و تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆی لەسەری دروست بکات زۆر گرنگە، بەڵام ئەگەر بۆ خەڵکی ئاسایی خوێندنەوە شتێکی سەرەکی نەمابێت، بۆ نووسەر گرنگە بۆچوون و شیکردنەوە و تێڕوانینی نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوف و رەخنەگرەکان لەسەر ئەو جیهانە بزانێت کە تێیدا دەژی نەک تەنیا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سکرینی مۆبایلێکی زیرەکەوە لێی بڕوانێت. بۆ نموونە هەموو دەزانین لە ئەمریکا پۆلیسێکی سپیپێست رەشپێستێکی بەناوی جۆرج فلۆیدەوە بەهەڵە کوشت، بەڵام ئەوە تەنیا نووکی ئەو شاخە سەهۆڵینەیە کە لەپشت ئەو بابەتەوەیە، بابەتی رەگەزپەرستی هێندە قووڵە چەندین توێژینەوە و کتێبی لەسەر نووسراوە، بەڕای من نووسەر دەبێت هیچ نەبێت ئاگاداری هەندێک لەو تیۆر و دیبەیتانە بێت ئەگینا لەگەڵ کەسێکی ئاساییدا هیچ جیاوازییەکی نابێت.

* تا چەند ئەم قەیرانەی چەند ساڵێکە بەرۆکی کوردستانی گرتووە ئینجا کۆرۆناش کاری لە چاپ و دواکەوتنی بەرهەمی نووسەران کردووە بەگشتی و لۆنا بە تایبەتی؟
– بێگومان ئەم قەیرانە کاری لە فرۆشی کتێب کردووە، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی کتێب زۆر گرانە و لە کڕین نایەت، بەڵکو لەبەر ئەوەی تا ئێستا کەلتوری خوێندەوە لای ئێمە هێندە بەهێز نییە کە لەکاتی قەیراندا ئامادە بین ئەو بڕە پارەیەی لە کافتریایەک دەیدەین بە نێرگەلە یان پەرداخێک شەربەتی فرێش، بیدەین بە کتێبێک، هەر بۆیە فرۆشی کتێب کەمی کردووە و دەزگاکانی چاپیش لەگەڵ رێزمدا، بۆ ئەوەی قازانجی خۆیان بکەن ئامادەن بە کەمترین پارە کتێب بۆ نووسەر یان وەرگێڕێک چاپ بکەن و کاتێکیش چاپی دەکەن تا ساڵ و دووانیش تەواوی پارەکەی نادەنێ و بگرە هەندێکیان دەچن بێ پرسی ئەو چاپی دەکەنەوە، بەمەش تۆی نووسەر یان وەرگێڕ ناتوانیت تەواوی خۆت بە کارەکەت ببەخشیت، ئەمەش چونکە ناتوانیت وەک سەرچاوەی دارایی سوودی لێ ببینیت و بۆ پێویستییەکانی ژیان ناچار دەبیت کاری تر بکەیت کە لە کاتی نووسین و وەرگێڕانەکەت دەبەن.

بێگومان لەملاشەوە ئەو دۆخی قەیران و نانپەیداکردن و راکەڕاکی ئیش و کار لە توانای داهێنانت دەکات و ئەو پشوودرێژیی و ئارامییە دەروونییە لەدەست دەدەیت کە بۆ نووسین یان وەرگێڕان گرنگن، بەمەش بە ساڵێک نووسین یان وەرگێڕانی کتێبێک تەواو ناکەیت، کە تەواویشت کرد، بەهۆی قەیران و کێشە لەگەڵ دەزگاکانی چاپدا هێندەی تر بەرهەمەکە دوا دەکەوێت.

* لە بواری نووسیندا هیچ بەرهەمێکی نوێت ئامادەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە؟
– بەرهەمێکی نوێم بەدەستەوەیە بەڵام جارێ لەنیوەیدایە و ئامادە نییە بۆ چاپ، بەهۆی خوێندنی دکتۆراکەم و هەندێک فاکتەری ترەوە جارێ زۆر بەخاوی ئیشی تێدا دەکەم، چونکە زیاتر دەچێتە سەر بابەتی رۆحانیات و گەشەپێدانی مرۆیی، کە ئەمانەش بابەتی ئەوە نیین بە دەروونێکی نائارامەوە کاریان لەسەر بکەیت، بەڵام رەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، ئەگەر ژیان رێبدات، ئامادە بێت بۆ چاپ.

* هیوات چییە بۆ داهاتووت وەکو نووسەر و وەکو مرۆڤ چی هەیە وەکو خەونێکی دوور تەماشای دەکەیت و دەتەوێت بێتە دی؟
– وەکو نووسەر تەنیا دەمەوێت کاری باش بنووسم و کارەکانم خوێنەریان هەبێت، وەکو مرۆڤیش خەونی من زۆر سادەیە، شتێکی دیارییکراوم ناوێت، تەنیا ژیانێکم دەوێت تیادا لەپێستی خۆمدا ئاسوودە و ئازاد بم و کۆیلە و وابەستەی هیچ شتێک نەبم و خۆم باش بناسم و بگەم بە ئارامیی ناوەکی و چێژ لە ئێستا و لە ژیان و ساتەکان ببینم و کاریگەریی ئەرێنییم بەسەر چواردەورەکەمەوە هەبێت، واتا ئەو دێڕەی مەحمود دەروێش دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت، «خۆزگە مۆمێک دەبووم لە تاریکیدا».

 1,040 جار بینراوە