سەرەکی » راپۆرت » یەكێتی تەنها حزبە لە كوردستان و عیراق خاوەنی فەوجێكی ژنان بێت

یەكێتی تەنها حزبە لە كوردستان و عیراق خاوەنی فەوجێكی ژنان بێت

بەدواداچوون/ رێزە حسێن

دوای پڕۆسەی ئازادی بە هاری ساڵی 1991، و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان، هەرگیز نەمر سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی كۆچكردووی عیراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە 11/ 11/1996 دا، بڕیاری دروستكردنی فەوجی پێشمەرگەی ژنانی كوردستانی دا، تاكو وەك مافێكی خۆیان بە شێوەی رێكخستن و ئەكادیمی، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق، لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، فەوجێكی پێشمەرگەی ژنان هەبێت، لەو چوارچێوەیەدا، بە سەدان كچ و ژنانی كورد لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدان و بەرگری لە ماف و خاكی كوردستان دەكەن.

لە ناو یەكێتییدا جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نییە
مستەفا چاوڕەش فەرماندەی گشتی هێزەكانی 70 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوبارەیەوە تایبەت بە رۆژنامەی كوردستانی نوێ وتی: ئێستا ئێمە وەك یەكێتی فەوجێكی تایبەتی ژنانمان هەیە كە هاوشانی پیاوە پێشمەرگەكان بەشداری بەرەكانی شەڕ دەكەن، بوونیان و بەرگریكردنیان لە خاكی كوردستان لە سەرجەم شوێنەكان هەیە، وتیشی: لە سەردەمی شاخدا، دەیان ژنی تێكۆشەر لە ریزەكانی پێشمەرگەدا بوون، ئەوانیش وەك پاكیزەخان خێزانی كاك فەرەیدون، خاتوو پەخشانی خێزانی ئەرسەلان بایز، رووناكی شێخ جەناب خێزانی مەلا بەختیار، خێزانی عەلی بچكۆل، هەروەك دەیان ژنی تێكۆشەری كە هەبوون كە بەداخەوە وەك پێویست ناوی هەموویانم لە یاد نییە كە لەگەڵ كەسوكارو هاوسەر و جگەرگۆشەكانیان بەشداری شۆڕشی چەكدایان كردووە لە سەردەمی شاخدا، هەروەك یەكێك لە كۆڵەكە ئەساسەكانی، یەكێتیی نیشتمانی كودستان، جیاوازی نەكردنە لە نێوان ژن و پیاودا.

ژنانی پێشمەرگە ژەهرخوارد دەکران
مەستەفا چاوڕەش لەوبارەیەوە زیاتر دواو وتی: هەمیشە لە كاری رێكخستنی ناو شار و پێشمەرگایەتی لە شاخ، ژنانی كورد رۆڵی گرنگیان هەبووە، قوربانی دەربوون، شەهیدیان داوە، یەكێك لەوانە دایكی خۆمە یەكێكە لە ژنە شەهیدەكانی رێگەی خەبات و شۆڕشگێڕی گەلی كورد كە حزبی بەعسی رووخاو ژەهر خواردی كرد، هاوكات خاتوو سەمیعەی مەلا محەرەم، ئەویش ژنە شەهیدێكی سەردەمی شاخە.

بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، فەوجی هێزی پێشمەرگەی ژنان، هێزێكی راهێنرا و مەشق پێكراوە بە چۆنێتی بەكارهێنانی زۆرینەی ئەو چەكانەی لە كاتی شەڕدا بەكار دەهێنرێن، وەك (قەناس، ئاڕبیجی، دۆشكە، بیكەیسی، هاوەن، كلاشنكۆف) هەروەك فەرماندە و ئەفسەرەكانیان دەرچووی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانن.

رێكخستن لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت
مستەفا چاوەڕەش تایبەت بە رێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە زانیاری زیاتری خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشكرد رێكخستن لە هێزەكانی پێشمەرگەدا لە ئارادایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت كە ئەم هێزە، هێزێكی حزبی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەركات حكومەت توانی هەموو هێزەكان وەربگرێت و خەڵك بەبێ ئینتما بەشداری بكات، ئەوكات ئێمەش لاریمان نییە، بەڵام تا ئێستا هێزەكانمان، ئینتیمای حیزبیان هەیە، چونكە هێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

یەكێتی خاوەنی 18 هەزار شەهیدە
بەپێی زانیاری لە درێژەی خەبات و شۆڕشگێڕیدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، 18 هەزار شەهیدی داوە، لە رابردوودا هەروەك 1 هەزار و 800 شەهیدیان داوە لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆرستی داعش، هاوكات 10 هەزار برینداریان هەیە، جگە لە هێزەكانی 70، خاوەنی فەوجێكی هێزی پێشمەرگەی ژنانە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق.

مەستەفا چاوڕەش وتیشی: داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە بێت، چونكە هێزێكن بەردەوام لە بەرگریكردنی نیشتماندان و لە هەر مەترسییەك دێنە پێش، هەمیشە لە سەنگەری بەرگریدان لە خاكی كوردستان، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاوی باوكانە تەماشایان بكات، ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادە و كەسوكاریان باش بكات.

ژنانی پێشمەرگە شەهید دەكران
رائید مژدە عەبدولحەمید فەرماندەی یەكەی 75 ی ژنان، بۆ كوردستانی نوێ دوا، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكەم حزبە لە هەرێمی كوردستان و عیراق کە خاوەنی فەوجێكی هێزی پێشمەرگەی ژنان بێت، وتیشی ژن و كچە پێشمەرگەكانمان، هێزێكی رێكخراو ئەكادیمین، لە رێگەی خولی سەربازییەوە راهێنان و مەشقیان پێكراوە بۆ چۆنیتی بەكارهێنانی ئەو چەكانەی لە بەرەكانی شەڕدا بەكار دەهێنرێت، هەروەك لە هەر شوێنیك مەترسی بۆ سەرخاكی كوردستان دروست بووبێت، پێشمەرگەكانمان هاوشانی پیاوان لە بەرەكانی شەڕدا بوون، جێگەی شانازیمانە كە خاوەنی شەهیدین، بەنموونە شەهید نەقیب رەنگین، ئەو ژنە پێشمەرگەیەی لە شەڕی دژی تیرۆرستی داعشدا شەهید كرا.

كچان بە مەرج دەكرێنە پێشمەرگە
بەپێی زانیاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، بۆ بوونە پێشمەرگە لە فەوجی هێزی پێشمەرگەی ژنان، بەپێی یاسای سەربازی مەرجە تەمەنیان لە 18 ساڵ بچووكتر نەبێت و لە 25 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەك كچان بە پلەی یەك وەردەگیرێن و بەڵێنامەی زەماوەند نەكردنیان بۆ ماوەی سێ ساڵ لێوەر دەگیرێت، هاوكات پێشمەرگەی نوێ لە سەرەتادا، بۆ ماوەی دوو مانگ مەشق و راهێنانی سەربازی پێدەكرێت، دواتر ئەركی پێشمەرگایەتی پێدەسپێردرێت.

فەرماندە مژدە وتیشی: هێزەكانمان لە خولی تایبەتدا راهێنراون بە مەشقی سەربازی، هەروەك زانیاری بەكارهێنانی جۆرەكانی چەكیان هەیە، فێری رەمیكردن كراون، هەروەك راهێنراون چۆن تەقەكەربن، هاوكات ئێستا تیمێكی تایبەتمان هەیە كە لەلایەن دژە تیرۆرەوە راهێنراون كە لەگەڵ هێزی دژە تیرۆری كوردستاندا بۆ چالاكییەكان پێشڕەوی دەكەن.

مژدە لە كۆتای قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە پێشمەرگایەتی ئەركێكی زۆر پیرۆزە، شانازی پێوە دەكەم، «هەمیشە سڵاو بۆ رۆحی هەرگیز نەمری بەڕێز مام جەلال كە ژنانی هێنایە ناو كایەی چەكداری و پێشمەرگایەتییەوە».

هەزاران لە کچان دەیانەوێت ببنە پێشمەرگەی یەکێتی
لە درێژەی ئەم بەدواداچوونەی كوردستانی نوێدا، زۆرینەی پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئینتیمایان بۆ حزبەكەیان هەبوو، هاوكات بەڵێنیان وابوو هەمیشە بەرگری لە خاكی كوردستان و یەكێتیی نیشمانیی كوردستان بكەن، هاوكات هیواخوازبوون لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت، ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە باش بكات، لە چوارچێوەی چاكسازی لە بڕی مووچەكانیان، هاوشێوەی هێزەكانی ناوخۆ، هەروەك كوردستانی نوێ لەم بەدواداچونەیدا زانیاری ئەوەی دەستكەوت كە ئێستا بە سەدان كچ و ژن پێشمەرگەن لە فەوجی هێزی ژنانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوكات بە هەزاران كچیش داوایان پێشكەش كردووە، بەمەبەستی هاتنە ناو ریزەكانی پێشمەرگەی ژنانەوە.

 357 جار بینراوە