سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » هاوپەیمانیی کوردستان هەم چەتر و هەم بناغە

هاوپەیمانیی کوردستان هەم چەتر و هەم بناغە

«هاوپەیمانیی کوردستان» لە دۆخی هەنووکەییدا لەلایەک پووچەڵکردنەوەی ئەو تێڕوانینە هەڵەیەیە کە نەیاران و ناحەزانی ئەزموون و قەوارەی کوردستان بۆ لێدان لە عەزمی یەکگرتوویی و هاوخەباتیی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی باشوور بانگەشەی بۆ دەکەن بەوەی کە گوایە «ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانی باشووردان توانای یەکخستنی هەڵوێست و هەنگاوەکانیان نییە و بەرژەوەندیی حزبی خۆیان لە سەروو بەرژەوەندیی گەل و نەتەوەوە داناوە». دەشێت هێز و بزاوتی سیاسی هەبن بەو جۆرە بیربکەنەوە و هەنگاو بنێن، بەڵام هەنگاونان بۆ پێکهێنانی (هاوپەیمانیی کوردستان) لەلایەک بەتاڵکردنەوەی سیحری ئەو دەنگۆیەیە و لەلایەکی دیکەشەوە بەئاشکرا وەلانانی خواست و خولیای حزبییانەیە لە پێناوی خواست و خولیا نەتەوەییەکان و ئەوەی کراویشە جگە لەوەی تەواوکردنی پلان و بەرنامەی هەردوو سەرکردەی نەمر مام جەلال و کاک نەوشیروان بوو، خواستێکی جەماوەریی زۆربەی دڵسۆزان و هەڤاڵان و هەڵسوڕاوانی هەردوو حزبەکەیە کە ئەگەرچی دیدو تێڕوانینیان جیاوازیش بێت، ئەوا ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو دەریخست کە پەرت و بڵاویی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردن و بەدیهێنانی مافە دەستووریی و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێت، بۆیە هاوپەیمانیی کوردستان پێمان دەڵێت کە دەکرێت لە تێڕوانیندا جیاواز بین، بەڵام ئەگەر خەباتی سیاسیمان بە ئامانجی چەسپاندنی زیاتری خواستە نەتەوەییە دەستوورییەکانمان بێت، ئەوا بە یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی لە ژێر چەترێکی وەک هاوپەیمانیی کوردستاندا مومکینە، مادام بەپێی بانگەشەکانمان بێت هەموو حزبەکان خاڵە هاوبەشەکانیان زیاترە لە خاڵە ناکۆکەکانیان، کەوابێت:

خاڵە هاوبەش و ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئەوە دەهێنن کە قوربانی بە خاڵە ناکۆک و نا بنەڕەتییەکان بدەن بۆ کۆبوونەوە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی کوردستاندا وەک چەترێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.
لە سۆنگەی وتاری هەرسێ سەرکردە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوسەرۆکانی یەکێتی لە رێوڕەسمی ئیمزاکردن و راگەیاندنی هاوپەیمانییەکەدا، ئەوە روونکرایەوە کە ئەم رێکەوتنە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە هێندەی بۆ کۆکردنەوەی نوێنەرانی کوردستانییە لە ژێر چەترێکدا.

بێگومان چەترێک کە بتوانێت دوو هێز لەژێر سایەی خۆیدا کۆبکاتەوە کە پەیوەندییەکانیان بە چەندین هەوراز و نشێوی هاوخەباتی و ململانێدا تێپەڕیبێت، ئەوا ئومێدی ئەوەی لێ دەکریت کە وەک بەڕێز عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی پێکرد لە داهاتوودا ببێتە بناغەیەک بۆ بەرەیەکی کوردستانیی فراوانتر کە لە سایەی یەکڕیزییەکەیدا زۆرترین خواست و مافەکانی گەلی کوردستان بەدی بێت.

خاڵێکی دیکەی گەشی هاوپەیمانییەکە تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە سەقەتەیە کە پێیوایە هاوپەیمانییەکە لە سۆنگەی بیری تەسکی نەتەوەییەوە بەرجەستە بووە، بەڵکو وەک هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی پێکرد کە چیتر نابێت خواستەکانمان لە چوارچێوەی سلێمانی و کوردستاندا قەتیس بکەین و نابێت خۆمان بە وڵاتە بچووکەکان بەراورد بکەین، بەڵکو بەشدارییەکی کارا لە بەغدا بکەین کە وابێت چەند ساڵێکی دیکە عیراق لەگەڵ وڵاتە گەورەکاندا بەراورد بکەین، بۆیە بۆ ئەوەش کە بەغدا لەم دۆخەی ئێستا دەربازی بێت، دەبێت ئێمە بەهێزەوە لە بەغدا بین و لەسەر ئاستێکی نەتەوەیی و ئینسانی کار بۆ هەموو عیراق بکەین، چونکە لەوێ کارایانە بەشداربین، ئەوا دەتوانین لە عیراقێکی بەهێزدا ماف و دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلی کوردستانیش بەدەستبهێنین.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوپەیمانییە ئەگەر وەک ئێستا یان فراوانتریش ببێت لە داهاتوودا ئەوا لەو دۆخە پەرتەوازەییەی کە ئێستا عیراقی تێکەوتووە، سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان دەتوانێت بە سەنگی خۆیەوە بەشێکی کارا بێت لە رەسمکردنی سیاسەتی عیراق لە سلێمانی و هەولێرەوە.

بێگومان تایبەت بە یەکێتی و گۆڕانیش، دەشێت سینەسافی و راستگۆیی و وەفاداریی بۆ ئامانجەکانی ئەم هاوپەیمانییە و ئەو نەخشەیەی مام و کاکە نەوە بناغەکەیان داڕشتووە، هاوپەیمانییەکە لە چەترەوە ببێتە بناغەی داڕشتنی بەرنامەیەکی دوورمەوداتری هاوکاریی و هاوخەباتی لە کاری سیاسی و کاری پێکەوەیی و هاوئاهەنگی لە ئاستەکانی حزبی و پەرلەمانی و حکومی لە عیراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجومەن و حکومەتە لۆکاڵییەکانی پارێزگاکانیش.

 178 جار بینراوە