سەرەکی » ئابووری » پڕۆژەی ״شاری مامۆستایانی دوو״ لە سلێمانی جێبەجێدەكرێت

«نزیكەی سێ هەزار مامۆستا سوودمەند دەبن»

پڕۆژەی ״شاری مامۆستایانی دوو״ لە سلێمانی جێبەجێدەكرێت

راپۆرتی: ئەركان جەبار

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی «شاری مامۆستایانی دوو» لە شاری سلێمانی، كە نزیكەی سێ هەزار مامۆستا لێی سوودمەند دەبێت. سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش زانیاریی زیاتر ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، بڕی (123) دۆنم زەوی لە رۆژئاوای سلێمانی بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان دەكرێت.

لە داهاتوویەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێت
بە‌پێی نووسراوی ژمارە (2892) كە لە رۆژی 14ی 6ی 2021 دەرچووە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە بە دروستكردنی پڕۆژەی «شاری مامۆستایانی دوو» لە سلێمانی، بۆ ئەو مامۆستایانەی كە تائێستا سوودمەند نەبوون لە حكومەتی هەرێم.

لەوبارەیەوە، دڵشاد مەجید سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، بۆ جاری دووەمە كە حكومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان رەزامەندیی دەردەبڕن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ توێژی مامۆستایان لە سنووری شاری سلێمانیدا.

وتیشی: »فەرمانەكە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی كراوەو لەدوای تەواوبوونی رێكارە یاساییەكانی، نووسراو بۆ شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا پڕۆژەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە».

ئەم مامۆستایانە سوودمەند دەبن
پڕۆژەی شاری «مامۆستایانی دوو» دەكەوێتە سنووری رۆژئاوای سلێمانییەوە و ئەو مامۆستایانە لێی سوودمەند دەبن كە پێشتر لە پڕۆژەی «شاری مامۆستایانی یەک»دا سوودمەند نەبوون، ئەمە جگە لە جێبەجێكردنی سیستمی خاڵبەندیی.

بەوتەی سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەو فەرمانە بۆ تەواوكاریی ئەو بڕە زەوییە دەركراوە كە پێشتر بۆ شاری مامۆستایان دەستنیشان كرابوو، چونكە لە رابردوودا فەرمانی وەرگرتنی 210 دۆنم زەوی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان درابوو، بەڵام لە پڕۆژەی «شاری مامۆستایانی یەک»دا، تەنیا 88 دۆنم وەرگیرا، بۆیە پڕۆژەی «شاری مامۆستایانی دوو» لەسەر رووبەری 123 دۆنم زەوی جێبەجێدەكرێت و پێدەچێت هەر كۆمپانیای جێبەجێكاری شاری مامۆستایانی یەک، ئەم پڕۆژەیەش جێبەجێ بكات.

شوقەیە یان خانوو؟
لەبارەی ئەوەی پڕۆژەی شاری دووەمی مامۆستایان لە شێوەی خانوو دەبێت یان شوقە، دڵشاد مەجید ئاشكرایكرد، بەهەمان شێوەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی «شاری مامۆستایانی یەک»، ئەم پڕۆژەیەش لە شێوەی باڵەخانەی ستوونی دەبێت واتا شوقە، چونكە ئەگەر ئەو زەوییەی تەرخانكراوە بكرێت بە خانوو، لەوانەی تەنیا 700 بۆ 800 مامۆستا لێی سوودمەند بێت، بەڵام لە شێوەی شوقە، نزیكەی سێ هەزار مامۆستا سوودمەند دەبێت.

وتیشی: «تائێستا كوالێتی پڕۆژەكە و شێوازی وەرگرتنی پێشەكی لە سوودمەندبووان و بڕی قیستی مانگانەی دیار نییە، بەڵام وەكو یەكێتیی مامۆستایان جەخت دەكەینەوە كە قیستەكان بەشێوەیەك بێت لەگەڵ بار و گوزەرانی مامۆستایاندا بگونجێت».

ئاماژەی بەوەشدا، فەرمانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی «شاری مامۆستایانی دوو»، هەنگاوێكی باشە بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیانی مامۆستایان، بۆ ئەوەی لە كرێنشینییەوە ببن بە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان.

 276 جار بینراوە