سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

شوخت

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

چارەنووسی ناوچەكە

ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، دۆخی عیراقی لەبازنەیەكی بۆشدا هێشتۆتەوە، ئەوەی لە بەغدا روودەدات، لە بنەڕەتدا شەڕێكی دیكەیە لە شەقامی عیراق رەنگدەداتەوە. ئەم دۆخە ئەو راستیەمان بۆ دووپاتدەكاتەوە كە تاوەكو ئەو وڵاتانەی ملیان لەبەرملی یەكترناوە نەگەنە رێكەوتن، زەحمەتە تەپوتۆزی گرژییەكانی عیراق بنیشێتەوە.

ئەوەی لەبەغدا دەگوزەرێ، بەشێوەیەك لەشێوەكان ماوەی 10 ساڵە لە سوریا بەردەوامە. لەعیراق ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكا لە سوریاش ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیا بازنەیەكی داخراوی دروستكردووە وایكردووە گەلانی ئەو دوو وڵاتە لە زۆنگاوی نا ئارامیدا بژین. لەوماوەیەدا جگە لەزیانی گەورەی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی، دەیان و سەدان هەزار كەس بەهۆی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو دۆخەی عیراق و سوریا، جگە لەو زیانە زۆرانە، هاوكات ململانێیەكی ناوخۆیی گەورەی دروستكردووە رەنگە ماوەیەكی درێژ بخایەنێت. ئەگەر ئەمریكا لە هەركام لەو دوو وڵاتە پاشەكشە بكات، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكەی دروستبوونی گۆمی خوێنە و ئەوەندەی دیكە ناوچەكە روبەڕووی ماڵوێرانی دەكات، بەتایبەتی بۆ گەلی كورد چ لە خۆرئاوای كوردستان، یاخود لەباشوور.

لەچەند رۆژی رابردوو برێت مەگكۆرك لەعیراق بوو، هاتنی ئەمجارەی جیاواز لەجارەكانی دیكە، لەگەرمەی بارودۆخێكی گرژی سیاسی و سەروبەندی هەڵبژاردنی گشتییە كە تائێستا نازانرێت دەكرێت یان نا. یەكێك لەو دۆسێیانەی لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق و تەنانەت كوردستانیش باسیكردووە، پرسی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە، كە ئەمجارە لێپرسراوانی بەغدا و هەرێم بەترسەوە پرسیاریان لەبارەیەوە لێكردووە، چونكە دەزانن وەڵامی ئەو پرسیارە چارەنووس و داهاتووی عیراق دەستنیشان دەكات.

ئەو گرژییانەی بەغدا كە چەند رۆژێكە دەستی پێكردووە، بەهۆی بڕیاری خۆكێشانەوەی گروپی سەدرە لەهەڵبژاردنی داهاتوو، یەكێك لەئەگەرەكان ئەو بڕیارەی سەدر بەهۆی گوشاری ئێرانە لەسەر ئەمریكا! لەبەرامبەردا ئەمریكا بەپەلە مەكگۆركی ناردە عیراق تا ئەو گرفتە چارەسەر بكات، یەكێك لەو كارتە بەهێزانەی دەستی ئەمریكا، كێشانەوەی بەشێك لە هێزە سەربازییەكانێتی لە هەندێ ناوچە كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنی دروستدەكات، بۆیە لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەتایبەتی كورد و سوننە و بەشێك لە شیعەكان لەو ئەگەرە گەلێك دەترسن! لە بەرامبەردا ئەگەر بڕیار بێت باری ئەمنی عیراق تێكبچێت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە وڵاتان قازانجی لێناكەن، بۆیە ئەوانیش لەو ئەگەرە دەترسن. چونكە ئەگەر ئەمجارە شەڕ و ئاژاوەی چەكداریی لە عیراق پەرەبستێنێت جیاواز ترە لە رابردوو، لەوەی لە نێوان خەڵكی عیراق و گروپە تیرۆریستەکان بوو، بەڵام ئەمجارە شەڕی ناوخۆیی دەبێت و ئەگەری هەیە جاری یەكەم لە نێوان شیعەكان خۆیان دروست ببێت، دواتر پەرەبستێنێت بۆ شەڕی گروپە جیاوازەكانی عیراق.

 101 جار بینراوە