سەرەکی » کەلتوور » تیرۆرکردنی پێتەر ئێر دی فریز

تیرۆرکردنی پێتەر ئێر دی فریز

توانا تەوێڵەیی

16-07-21 رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ زۆربەی هۆڵەندیەکان، ناسراوترین رۆژنامەنووسی تاوان و نووسەر و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی و کەسایەتی هۆڵەندی پێتەر رۆدۆڵف دی فریز، کە نۆ رۆژ لەمەوبەر دەستڕێژی گوللەی لێکرا لە سەنتەری ئەمستەردام و راستەوخۆ دوای چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکانیەوە کۆچی دوایی کرد.

پێتەر کەسێکی زۆر ئازا و چاونەترس بوو، هەمیشە بە دوای راستیەکاندا دەگەڕا و ژیانی خۆی خستبووە مەترسیەوە لە پێناو دادپەروەری و ئازادی و راستی دا.

چەندەها جار هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بەڵام هەر وازی نەهێناوە و نەیدەویست پۆلیسی هۆڵەندا پاسەوانی بۆ دانێن چونکە نەی دەویست ئازادی خۆی لەدەست بدات.

سەرەتا بەرنامەیەکی هەفتانەی هەبوو دەربارەی تاوان، لەوکاتەدا لە بەرواری 1 / 5 / 1999 کچێکی هۆڵەندی 16 ساڵ بە ناوی (ماریانا فاتێسترا) دوای گەڕانەوەی لە دیسکۆ بەتەنها بە پایسکل یەکێک لاقەی دەکا و دوایی دەیخنکێنێ، پەنابەرێکی تورکمانی عیراقی بەناوی عەلی تۆمەتبار دەکرێت بەو کوشتنە و پێتەر چەند بەرنامەیەکی لەسەر ئەو کەیسە دروست کرد، کە کاریگەریەکی زۆر خراپی هەبوو لەسەر پەنابەران و دوای ئەوە چەند گەنجێکی هۆڵەندی هێرشیان کردە سەر کەمپی پەنابەران و داوایان دەکرد کە پەنابەرەکان دەرکرێن و تۆمەتبار دەستگیر بکرێ، لەو کاتەدا (عەلی) گەڕابووەوە بۆ تورکیا، پۆلیسی هۆڵەندی عەلی یان لە تورکیا دەستگیر کرد و گەڕاندیانەوە بۆ هۆڵەندا دوای پشکنینی(DNA) دەرکەوت کە عەلی بکوژ نیە، ئیتر هۆڵەندیەکان لەباتی هێرش چەپکە گوڵیان پێشکەشی پەنابەران دەکرد و داوای لێبوردنیان دەکرد(بزانە کاریگەری میدیا چەند گەورەیە لەسەر بیرکردنەوەی کەسەکان).

بە ڵام پێتەر هەر وازی نەهێنا تا دوای نزیکەی 13 ساڵ بۆی دەرکەوت بە پشکنینیی(DNA) کە بکوژ رۆژهەڵاتی نییە بەڵکو کەسێکی سوور و سپی خەڵکی رۆژئاوای ئەوروپایە و دوای هەوڵێکی زۆر قەناعەتی بە حکومەتی هۆڵەندا کرد کە داوا بکرێ لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە شێوەی خۆبەخش تێستی (DNA) بکەن، ئیتر دوایی دەرکەوت کە بکوژ کەسێکی 45 ساڵی هۆڵەندییە بە ناوی (یاسپەر) کە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مانگای هەبوو و خێزاندار و دوو منداڵی هەبوو، دوایی بڕیاری 18 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا.

پێشتر رۆڵی هەبوو لە دەستگیرکردنی رفێنەرانی خاوەنی بیرەی هاینێکن (فرێدی هاینێکن) کەساڵی 1983 رفێندرابوو و داوای پارەیەکی زۆریان لەخێزانەکەی دەکرد، پیتەر دوایی کتێبێکی نووسی بەناوی (رفاندنی فرێدی هاینێکن) کە دوایی کرا بە فیلمی سینەمایی، یەکێک لە تاوانبارەکان بە ناوی (ولێەم هۆڵیدەر) کە دوو خوشکی خۆی بە یارمەتی پێتەر کتێبێکیان نووسی لەسەر براکەیان و شاهیدیان دا لە دژی.

پێتەر بەرنامەیەکی تری کرد لەسەر (یۆران فان دی سلۆت) کە تاوانباربوو بە کوشتنی کچێکی ئەمریکی بە ناوی (ناتالی هۆڵۆوەی) کە بە شێوەی زیرەکانەی کامێرای شاراوە دانپێدانانی تۆمارکرد بوو، بەڵام تا ئێستاش یۆران نکۆڵی دەکا و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، کە لەسەر ئەم بەرنامەیە (خەڵاتی ئێمی) وەرگرت.

رۆڵی هەبوو لە ئاشکرا کردنی پەیوەندی پێشووی (شازادە مێبڵ) لەگەڵ مافیایەکی کوژراو کە شازادە فریزۆ دەبوایە یان مێبڵ هەڵبژێرێ و واز لە مافی شازادەیی بێنێ، یان مافی شازادەیی هەڵبژێرێ و واز لە مێبڵ بێنێ. لە کۆتاییدا مێبڵی هەڵبژارد.

لە کۆتا پرۆسەدا لەسەر پرۆسەی مارینگۆ، کە شک دەکرێ هۆکاری تیرۆرکردنەکەی بێت لە لایەن هاورێیانی تاوانباری زیندانی (رەزوان تەقی) کە بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەرە، کە پێتەر بوو بە نوێنەری تاوانباری زیندانی(نەبیل) کە بەرامبەر رەزوان شاهیدی بدات بە مەرجێک ژیانی خۆی و خێزانی پارێزراو بێت، بەڵام مافیاکان دەستیان گەیشتە پارێزەر و برای نەبیلیان تیرۆر کرد، شک دەکرێ هەر ئەوان بن کە پێتەریان تیرۆر کرد بێت.

هەڵبەتە ئەمە مشتێ لە خەروارێکی کارەکانی پێتەر بوو.

پێتەر کە سێکی مرۆڤدۆست بوو و لەم دواییانە رێکخراوێکی دانابوو بۆ پشتگیری پەنابەران و منداڵان و تی شێرتی (مرحبا) ی دانا بۆ فرۆشتن بۆ پشتگیری پەنابەران.

رۆحت شاد بێت و هیوادارم بە زووترین کات بکوژانت ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.

 81 جار بینراوە