سەرەکی » هەمەڕەنگ » نامەیەک بۆ وەزیری رۆشنبیری

نامەیەک بۆ وەزیری رۆشنبیری

عومەر حاجی

ئەدەب و ھونەر، لە گشتیدا ناسنامە و شوناسی نەتەوەن، دوو رەگەزی گرنگن، بەجۆرێک کە وەفدێک دەچێتە وڵاتێک، سەیری ئەدەب و ھونەرەکەی دەکات، لەو روانگەیەوە، ھەڵسەنگاندن و پێوانە دادەنێن و تێدەگەن ئەو میللەتە لە کوێی شارستانییەتی دنیادایە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ، سینەما گرنگی زۆری ھەیە چونکە گەیەنەرێکی ئەکتیڤە و پەیامەکان زوو دەگەیەنێت.

گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ھیچ میللەتێک ئەوەندەی کورد، بەدبەختی و کارەسات و تراژیدیای جەرگبڕی بەدەستی داگیرکەران بەسەرنەهاتووە. بەڵام دوای سی ساڵ حوکمرانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی خۆمان، نەیانتوانیوە وەک پێویست لا لە سینەما بکەنەوە و لەگرنگی سینەما تێبگەن و بەشێک لەو نەھامەتیانە لە رێگە سینەماوە، بەدنیا بگەیەنن.

بۆیە گرنگە وەزارەتی رۆشنبیری ھەوڵێکی جدی بدات، بۆ دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت، بۆ بەسینەماکردنی بەشێک لەو نەھامەتییانەی کە بەسەر میللەتەکەماندا ھاتوون.

چەندین نووسەر، تراژیدیای ئەنفالیان نوسیوەتەوە، وەکو عەبدوڵڵا کەریم، رەشەبای ژەهرو ئەنفال، حەمە صاڵح تۆفیق، کتێبی جینۆسایدو پەلاماری ئەنفالی بۆ سەر کوردا وەرەرگێراوە، کەزۆرترین زانیاری تێدایە لەسەر ئەنفال.

کەسانی تریش، وەک رۆژنامەنووس، توانیویانە ھەموو ئەوانەی لە مەرگی رەشی ئەنفال دەرباز بوون، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەن و رووداوەکان بەزیندویی بھڵێنەوە و چەندان نووسەری تریش.

ھیوادارم جەنابی وەزیری روشنبیری، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، بۆ بە سینەماکردنی رووداوی ئەنفال و ئەو کەسانەی بەڕێکەوت لە مەرگ دەربازیان بووە، دەتوانم بڵێم، باشترین کەرەسەن بۆ ئەوەی بکرێن بەفیلم، تالەو رێگەیەوە ئازاری رۆژە رەشەکانی میللەتێکی بێکەس بەدنیا بناسێنرێن، پەپامێک بێت، بۆ دەوڵەتە باڵا دەستەکان و پێیان بڵێین لەژێر دروشمی مافی مرۆڤ و دیموکراسی ئێوەدا میللەتێک بەھەزان کەسی بەزیندوویی ژێر گڵ کراوە.

 339 جار بینراوە