سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەچێتە هیندستان

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەچێتە هیندستان

هاوكات لەگەڵ كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان ‌و نیگەرانییەكانی نیودەلهی لە دۆخی ئەو وڵاتە، بڕیارە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هیندستان بكات.

لەگەڵ سەرۆك وەزیران ‌و وەزیری دەرەوەدا كۆدەبێتەوە
لە بەیاننامەیەكیشدا، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاند: لە سەردانەكەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ ناریندرا مودی سەرۆك وەزیرانی وڵات ‌و سوبراهمانیام جایشانكار وەزیری دەرەوەدا كۆدەبێتەوە ‌و چەند پرسێكی گرنگیان لەگەڵدا تاوتوێ دەكات. لەوانە، ڤایرۆسی كۆرۆنا ‌و ناوچەی هەردوو زەریای هیندی ‌و ئارام ‌و دۆخی ئەفغانستان ‌و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: لەمیانی سەردانەكەیدا، بلینكن لەگەڵ سەرۆك وەزیران ‌و وەزیری دەرەوەی هیندستاندا كۆدەبێتەوە ‌و چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكەن.

چەندین بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە
سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن دوای سەردانی وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی دێت بۆ هیندستان، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری پەتای كۆرۆنا، سەردانەكەی دواخست ‌و لەو كاتەوەی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای وەرگرتووە، ئەوە یەكەم سەردانی دەبێت بۆ هیندستان، ئەو وڵاتەی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە بەشێوەیەكی بەرچاو لە ئەمریكا نزیك بوە ‌و هەردوولا چەندین بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسێی چین ‌و توندڕەوی ئیسلامی ‌و چەندین بابەتی دیكە.

هیندستان ‌و ئەفغانستان
حكومەتی نیودەلهی، یەكێك بووە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین پشتیوانی لە حكومەتی ئەفغانستان كردووە لە دژی توندڕەوە ئیسلامییەكان، كە پاش چوونی هێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە لە دوای پەلامارەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001، بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دامەزرا، بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، فەرمانی كرد بە كشانەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان.

بزوتنەوەی تالیبان-یش هەر لەگەڵ چوونە دەسەڵات لە ساڵانی نێوان 1996 تا 2001، پێشوازی لە توندڕەوە سوننەكانی نەیاری هیندستان كرد ‌و یەكێك لە دیارترین كردەوەكانیش كە ئەو گروپە لە دژی هیندستان

كردبێتیان، ساڵی 1999 فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگریان رفاند ‌و لە هەرێمی قەندەهار كە مۆڵگەی سەرەكیی تالیبان بوو، نیشتەوە.
لە ساڵی 2001ەوە، هیندستان بەبڕی سێ ملیار دۆلار چەندین پڕۆژەی بۆ حكومەتی ئەفغانستان جێبەجێكردووە، لە نێویشیاندا دروستكردنی بینای نوێی پەرلەمان، ئەوەش ركابەرە مێژووییەكەی كە پاكستانە، نیگەران كردبوو.

لەوەتەی جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار بووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەوڵدایە بۆ چڕكردنەوەی هاوئاهەنگییەكانی لەگەڵ هیندستان، سەبارەت بە چەند دۆسێیەكی سەرەكی، وەك گۆڕانی كەشوهەوا ‌و تەندروستیی جیهانی لە رێی رێكەوتنێك كە لە مانگی ئازاری رابردوودا راگەیەنرا ‌و بەپێی ئەو رێكەوتنە، بە هاوكاریی ئەمریكا ‌و ژاپۆن ‌و ئوسترالیا، رێگە بە هیندستان دەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی یەك ملیار دۆسی ڤاكسینی كۆرۆنا.

هیندستان وڵاتێكی زۆر گرنگە بۆ ئەمریكا
سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ هیندستان، ئەنتۆنی بلینكن لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئێم ئێس ئێن بی سی، رایگەیاند: لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، هیندستان وڵاتێكی زۆر گرنگە بۆ ئەمریكا ‌و ملیۆنان دۆسی ڤاكسینی ئەمریكاش ئامادەیە، تاكو بینێرن بۆ ئەو وڵاتە. هەرچەندە هیندستان وڵاتێكی پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی ڤاكسیندا.

ئاماژەی بەوەشدا، كە بەدڵنیاییەوە ئەوان گرنگی بە ئاستەنگە نێوخۆییەكانیان دەدەن، بەڵام كاتێك بزوێنەری بەرهەمهێنانی ڤاكسین بەشێوەیەكی تەواو كار بكات، دەتوانن سەرلەنوێ بەسەر وڵاتانی دیكەدا دابەشی بكەن، ئەوەش جیاوازییەكی زۆر دروست دەكات.

مانگی رابردووش، جۆ بایدن بەڵێنیدا بە پێشكەشكردنی 500 ملیۆن دۆسی ڤاكسینی كۆرۆنا بە وڵاتانی دیكەی جیهان، وەكو بەڵێنێكیش بۆ كۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە واشنتۆن رۆڵی پێشەنگی تێدا دەبینێت، بە شێوەیەكی نیمچە رۆژانە، ویلایەتە یەكگرتووەكان رەوانەكردنی ژمارەیەكی زۆری بارهەڵگر بۆ وڵاتان رادەگەیەنێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 160 جار بینراوە