سەرەکی » وتار » بۆ قۆپی دەکرێت؟

بۆ قۆپی دەکرێت؟

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

دیاردەی غەش لە تاقیکردنەوەکان یان وەک پێی دەوترێت قۆپی، دیاردەیەکی نادروست و ناپەسەندی بواری کردنی تاقیکردنەوەکانە کە سەرەڕای ئەوەی چەندین رێکاریی و رێگریی بەرامبەر دەکرێت کەچی هەر لە لایەن کەسانێکەوە پەنای دەبرێتە بەر و بەکاری دەهێنن، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاشدا هۆکارە بەردەستەکانی ئەلیکترۆنی وەک شێوازێکی نویی ئەو بابەتە بەکاردەهێنرێت و هەندێکیشیان زۆر بەئاسانی بەردەست دەبن و رادەی هەستپێکردنیان زۆر ئەستەمە و سەرنجێکی وردیی لێزانانەی دەوێت، هەرچەندە ئەگەری سەرکەوتن لە وەرگرتنی وەڵامی دروستتدا لەو هۆکارانە هیچ مسۆگەرییەکی تێدا نییە و کەسی بەکارهێنەریشی دووچاری دوودڵی و ترس و شڵەژان دەکات، بەڵام پرسیارە پێویستەکە ئەوەیە بۆچی خوێندکار لەبری کۆششی دروست و هەوڵدانی ژیرانە رێگای قۆپی هەڵدەبژێرێت و خۆی دەخاتە ئەو بارە نادروستەوە؟ گەلێ هۆکار هەن کە دەکرێت دابەشبکرێن بۆ چەند لایەنێک و بەکورتی ئاماژەیان پێدەدەین:

1. لایەنی دەروونی خوێندکار خۆی لەبارێکی ناجێگیری دەروونی و بڕوابەخۆنەبوون و بێ متمانە بەتواناکانی خۆی یاخود رقلێبوونی لە خوێندن و کەمتوانایی لەتێگەیشتنی بابەتەکانی خوێندن، وەک خۆ دەربازکردن لەو دۆخە پەنادەباتە بەر قۆپیکردن.

2. نەبوونی هەلومەرجی گونجاوی دۆخی خوێندن لەپۆلدا، هەر لە کەشی فیزیکی و کۆمەڵایەتی و فێرکاریی ناو پۆلەوە تادەگاتە جۆری پەیوەندی و رێگاکانی وانەوتنەوە و کۆششی رۆژانە، هەموو ئەمانە بێزاری و نەبوونی حەزی بەردەوامی و دانبەخۆدانەگرتن لەسەر تێگەیشتن و گەشتنە ئاستی بەرزی فێربوون لای خوێندکاربەدی دێنن.

3. راهاتنی خوێندکار بەهۆی سەرکەوتنی لەئەزموونە پێشووەکانیدا لە قۆپیکردن.

4. نەگونجانی ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن لەگەڵ ئاست و تێگەیشتنی خوێندکاراندا، بەهۆی نەبوونی شێوازە پێویستەکانی ڕوونکردنەوە یان یاخود ناڕوونی ئامانج و مەبەستەکانی بابەتەکان لای خوێندکاران.

5. لە ڕووی پەروەردەیشەوە کەمتەرخەمی خێزان و هەندێ کات ڕێنماییە پەروەردەیی و رەفتارییەکانی خوێندنگە لە ئاڕاستەکردن و پەروەردەکردنێکی دروستی خوێندکار بۆ گرتنەبەری رێگای راست و دروست بۆ ئامانجەکانی.

گەلێ هۆکاری تریش کە بەداخەوە خوێندکار بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ئەبەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت بپرسین چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە و ئایا رێکارە یاسایی و کۆنترۆڵییەکان بەسن بۆ رێگری لە قۆپیکردن؟ بێگومان پێویستە یاساو ڕێنماییەکان بەوردی و بە گونجاوی لەبەربگیرێن، بەڵام لەوە گرنگتر پەروەردەکردنەوەی تاکی خوێندکارە هەر لەخێزان و خوێندگە و کۆمەڵگە کە ئەوە روونبێت دەستبردن بۆ رێگای نادروست بۆ سەرکەوتن بەهەر مەبەستێکەوە بێت مافێکی ناپەسەندە و دەستبردنە بۆ زەوتکردنی مافی کەسێکی تر کە بەهەوڵ و کۆششی خۆی شایانی ئەو مافەیە، راگەیاندن و رای گشتی کۆمەڵگە دەبێت ئەو دیارەیە ببوغزێنن و هاندەر نەبن بۆ بەردەوامی وپەرەپێدانی، هەروەک لەڕووی ئاینیشەوە دیارە کە ریگاپێدراو نییە بەهیچ جۆرێک کە پەنا ببرێتە بەر غەش و فێڵکردن.

دەکرێت ئەو رەفتارە راست بکرێتەوە:

هەرخوێندکارێک دەستبەرێت بۆ قۆپیە هەڵەیەکی کردووە کە دەکرێت هۆکارانێکی هەبێت لەوانەی باسمانکرد یان هۆی تربێت، تەنها سزادان و شکاندن کێشەکە چارەسەر ناکات و ئەگەری بەردەوامی زیاتر ئەکات وەک تۆڵەکردنەوە، بۆیە زۆر گرنگە بەشێوازی پەروەردەیی و زانستییانە رێنمایی خوێندکاران بکرێنەوە تائاستی قەناعەتپێکردنیان بەوەی ئەو رەفتارە هەڵەیە و نابێت پەنای بۆ ببرێت.

 240 جار بینراوە