سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی: لەمەودوا رێڕەوی حزبی بە رێگایەكی تەندروستدا تێدەپەڕێت

بافڵ تاڵەبانی: لەمەودوا رێڕەوی حزبی بە رێگایەكی تەندروستدا تێدەپەڕێت

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دەباشان پێشوازیكرد لە كۆڵۆنێڵ ئەشیڵ لێپرسراوی هێزەكانی فەرەنسا لە عیراق و سوریا و كۆڵۆنێڵ فڕانچ جێگرەوەی داهاتووی.

لە دیدارێكدا، كۆڵۆنێڵ ئەشیڵ لێپرسراوی هێزەكانی فەرەنسا لە عیراق و سوریا، بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و كۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داهاتووی ناساند و سوپاسی یەكێتی كرد لە بەرامبەر هاوكاری و پشتگیریی بەردەوامی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەشداریی كاریگەریان لە جەنگی سەركەوتن بەسەر داعشدا.

هەر لە دیدارەكەدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان بەگشتی و هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێكرا. جەخت لە مەترسیی جموجوڵەكانی پاشماوەی تیرۆریستان كرایەوە و هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو هێزەكان بۆ روبەڕوبوونەوەیان بە پێویست زانرا.

لەبەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی، سوپاس و پێزانینی بۆ وەفدی میوان دەربڕی، كە رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە لە بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی لە هەرێم و عیراق و هیوای خواست هەردووكیان لە ئەركی نوێیاندا سەركەوتووبن. دووپاتی بەردەوامیی هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان كردەوە لەپێناوی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لەناوچەكەدا.

بافڵ تاڵەبانی، لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزب، رایگەیاند: لەمەودوا رێڕەوی رێكخراوەیی بەڕێگایەكی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بە هیچ شێوەیەك رێگەنادرێت هێزەكانی یەكێتی كە هێزی نیشتمانی و جێی متمانەی هەموولایەكن، بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنرێت. دەبێت لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان و رێنماییەكاندا ئەركە سەربازییەكانیان رابپەڕێنن و كارەكانیان لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بێت.

لەو چوارچێوەیەشدا هاوكاری زیاتری هێزەكانی هاوپەیمانان دەبین لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا.

 157 جار بینراوە