سەرەکی » ئاراستە » لە گۆڕەپانی جەنگدا دیوێکی تر هەیەپەڕە 2

جەنگی دژی داعش

لە گۆڕەپانی جەنگدا دیوێکی تر هەیە

عومەر ئەحمەد مەرگەیی

2-2

کارەساتی مرۆیی
بەر دەرگای ئێزیدییەکانی گرت

رووداوی 3ی ئابی 2014 لە شنگال بەتایبەتی و دەشتی نەینەوا بەگشتی، رێژنەیەك پرسیاری سەخت دەخاتە بەردەم ئەو هێزانەی لە رووی بەرگرییەوە سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئەو میحوەرەیان کردووە، بەرپرسیاریەتی تەنها رووە ئیدارییەکەی نییە، چونکە دەبوو گیانی بەرپرسیارییەتی هاندەربێت، بۆ ئەوەی جۆگەی ئاوی ئاشی ئەو هێزە توندڕەوە تیرۆریستە نەشکایەتە سەر خەرمانی ئێزیدییەکان.

3ی ئاب رۆژێکی شوومە، داعش دوای پتەوکردنی پێگەی خۆی لە موسڵ، گەمارۆی شار و گوندەکانی دەوروبەری داو بووە خاوەن ماڵ و خاوەن ماڵی کردە کۆیلە، من لە شنگالی ئێزیدی نشیندا، دووبارە بوونەوەی تاوانی ئەنفال و قیژە و هاواری ژن و منداڵم بەرگوێ کەوت. هەروەك لە سەرەتاوە قسەم لەسەر خێرایی تەوژمی دڕندەیی داعش کرد، کە لە 2/8/2014 لە هەوڵی درز تێخستنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا بوو، ئەوە شانازییەکی گەورەیە، بۆ سنووری میحوەرەکانی (1.2.3.4) کە رێگەیان نەدا خەڵکی سڤیل بەر شاڵاوی کۆمەڵکوژیی داعش بکەوێت، بەڵکو گیانبازییان بە خوێنی خۆیان کرد. ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو، بە تێپەربوونی کات گوێمان لە پاشەکشێی هەندێک لە هێزەکان دەبوو، کە سەنگەرەکانی خۆیان لە سنووری شنگال و ناحیەی سنونێ و خانە سۆر چۆڵ کردووە بەرەو سنووری سحێلا و زوممار بەبێ وەستان و هەڵوێستەکردن پاشەکشەیان کردووە، بەتەنیشت فەوجی4ی لیوای8ی وەزارەتی پێشمەرگەدا تێپەڕین، ئەم فەوجە، عەمید عەبدولقادر محەمەد عەلی ناسراو بە (بە قادر خوڕانی) فەرماندەیی دەکرد. پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ کاتێك بینیمان ئەو هێزانەی لەوێ بەرپرسیاری فیعلی بوون بەبێ بەرگریی کشانەوە و زۆربەی ناوچەکانی شنگال و دەوروبەریان بەجێهێشت، بەهۆی کشانەوەی ئەم هێزە زۆرەشەوە، رێکخستنەکانی ی.ن.ك و خەڵکی شنگال و ناحیەی سنونێ پەیوەندییان بە قادر خوڕانییەوە کرد، لە بارودۆخی شنگال ئاگاداریان کردەوە و پێیان وت: بارودۆخەکە زۆر خراپە و پێشمەرگە لە سنوورەکە کشاونەتەوە و هەزاران خەڵکی سڤیل بەرەو رەبیعە کەوتوونەتەڕێ، ئەگەر ئێوەش رەبیعە چۆڵ بکەن، ئەوا داعش لە رێگەی (عوێنات)ەوە دێت بۆ رەبیعە و ئێرەش دەکەوێنە دەستی داعش و کۆمەڵکوژمان دەکەن.

ئەویش وەڵامی دانەوە و وتی: «ئێمە لە شوێنی خۆمان ماوینەوەتەوە و ناڕۆین، بەڵکو دەجەنگین». قادر خورانی، پەیوەندیی بە سەرووی خۆیەوە کردو وتی: «سەرجەم هێزەکان لە قۆڵی ئێمەشەوە پاشەکشێ دەکەن و خەڵکی سڤیلی (شنگال و سنونێ و خانەسۆر) بەرەو لای ئێمە دێن، چەکدارانی داعش هەوڵدەدەن پێشڕەویی بکەن و بگەنە سەر رێگەی(عوێنات)»، دوای نیو سەعات پەیوەندیی بە قادر خورانییەوە کرا و پێیان راگەیاند: «پاشەکشێ بکات و ئەوە فەرمانەو دەبێت جێبەجێی بکات»، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو، بەبێ شەڕ پاشەکشێ بکات، بەڵکو پێشی بە داعش گرت و خەڵکی سڤیل دەرباز دەکات. کاتێكیش قادر خوڕانی پابەند نابێت بە کشانەوە، داوا لە جێگرەکەی دەکەن تا پاشەکشێ بکات، ئیتر ئەو ناچاردەبێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات و قادر خورانی بە خۆی و (27) ئەفسەر و پێشمەرگەوە دەمێنێتەوە، کە هەموویان سەربە یەکەی 70بوون، بەڵام هەردوو هێزەکە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە هاوبەشی رێکخرابوون. خەڵکێکی زۆر لەو کۆمەڵکوژییە دەرباز دەکەن کە بە (11)هەزار کەس مەزندە دەکرێت.

کاتێك قادر خورانی بە تەنیا دەمێنێتەوە، پەیوەندیی بە فەرماندەکانی رۆژئاڤای کوردستانەوە دەکات تا هێزی بۆ بنێرن و پێیان دەڵێت: «داعش دەیەوێت، رەبیعە بگرێت، هێزەکانی رۆژئاڤاش 10 شەڕڤانی بۆ دەنێرن، هێزەکانی (یەپەژە)ش 4 شەڕڤان و دۆشکەیەکی «12ملم»ی بۆ دەنێرن بە (85) فیشەکەوە!.

ئەو هێزەی مانەوە رووبەڕووی پەلامارەکانی داعش دەبنەوە و دوو شەڕڤانی (یەپەگە) شەهید دەبن کە کوڕ و باوك بوون، خەڵکی «دێرك» دەبن، دوو شەڕڤانیش بریندار دەبن، پاشان ‌هێزەکەی (یەپەگە) هەوڵدەدەن دوو شەهیدەکە و دوو بریندارەکە بەرنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. تەنها چوار شەڕڤانی (یەپەژە) بە دۆشکەیەوە دەمێننەوە. دواتر لە رێگەی شنگالەوە داعش ئابڵوقەیان دەدات و دێنە ناو (رەبیعە). داوا لە ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەکەن بەهیچ شێوەیەك خۆیان نەدەن بەدەستەوە. ئەم بارودۆخە حەوت سەعات دەخەیانێت، وردە وردە پەلامارەکانی داعش زیاد دەکات و ئەوانیش لە ئەنجامی کەمی فیشەك و تەقەمەنی و نەبوونی هێزی پشتیوانی هەوڵدەدەن خۆیان دەرباز بکەن، دوای دەربازبوونی هەزاران خەڵکی سڤیلی شنگال، ئەم هێزە هەوڵدەدات خۆی بگەیەنێتە «تل کۆچەر» لە رۆژئاڤای کوردستان، لە ئەنجامدا چوار پێشمەرگە بریندار دەبن، پاشان شەڕڤانان بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی «دێرکیان» لە کانتۆنی جەزیرە، خۆشیان لە دەروازەی سنووریی « تەلکۆچەر» دەمێننەوە.

دوای دەست بەسەرداگرتنی «موسڵ» لە لایەن داعشەوە، لە 10ی حوزەیرانی2014 و کۆنترۆڵکردنی شنگال لە 3ی ئابی هەمان ساڵدا و ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژبە خەڵکی سڤیلی شنگال، کارەساتەکە دەنگدانەوەی گەورەی دروستکرد، لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. ئیتر باڵانسی هێز لە دەوروبەری دەشتی نەینەوا گۆڕانی بەسەردا هات. هەر ئەم هۆکارانەش وایکرد چەند هێزێکی تر ئەم بۆشاییە سەربازیی و ناسەقامگیرییە لەم پانتاییە جوگرافیەدا پڕ بکەنەوە، ئەم پڕکردنەوەیەش لەلایەنی سەربازی و سەقامگیرییەوە، وای لە جیۆپۆلەتیکی دەڤەری شنگال کرد، وەک فاکتەرێکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ململانێی زیاتری لەسەر بکرێت.

لە رابردوودا، دەڤەری شنگال گرنگی خۆی هەبوو بۆ ی.ن.ك و رۆڵی بەرچاوی لە شۆڕشی نوێدا هەبوو، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە ساڵی 1976 بە رابەرایەتی ی.ن.ك، ئێزیدییەکان لە مەفرەزە سەرەتاییەکاندا بەشداربوون کە لە قامیشلۆوە بۆ بادینان دەنێردرانەوە، هەروەك یەکێک لە گەورەترین هەرێمەکانی هێزی پێشمەرگە کە هەرێمی یەکی بادینان بووە، بە فەرماندەیی شێخ حسێن بابە شێخ.

هێرشی داعش بۆ سنووری مەخمور
داعش لە7/8/2014 هێرشی کردە سەر مەخمور و کارەسات و رووداوی دڵتەزێنی دەخوڵقاند، بەڵام دوای پێشگرتنی شاڵاوی داعش لەلایەن هێزەکانی سەربە یەکێتییەوە، بەئاگا هاتنەوە. بە چاوی خۆیان بینیان پڕۆژەی هەڵکڕوزاو و تەوژمی هەڵتۆقیوی (دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتی ئیسلامی) دەوڵەتی مەرگ نایەتە دی، شاخی خەون و هیوای بێ سەروبەری دەوڵەتی تیرۆر بە چاوتروکانێك هەرەسی هێنا. هەر لەو سەربەندەدا بەهۆی ئەوەی هەموو هێڵەکانی بەرگریکردن لە دەوربەری مەخموور چۆڵکرابوون و مەترسی لەسەر هەولێر هەبوو، ئیدی دوای چەند هەوڵێکی دیپلۆماسی، فڕۆکەکانی ئەمریکا لە رۆژی 9ی ئابەوە، لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ئەو دوو تۆپەی تێكشکاند کە داعش بەرامبەر هەولێر داینابوو.

کاتێك، داعش لە هەولێر نزیکبۆوە، بەهۆی هێرشەکانی پێشتری رێکخراوەکەوە، دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە ترس باڵی کێشابوو بەسەر هەولیردا، بەشێک لە هاووڵاتیان سەرقاڵی ئەوەبوون شارەکە بەجێ بهێڵن.

بەڵام هێزەکانی یەکێتی وەک بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان کە کوردستان هەمووی مەیدانی خەباتی ئەم حزبەیە، بەهانای هەولێر و مەخمور و دەوروبەرییەوە چوون و سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵکردەوە و بۆ یەکەمجار یەکەم تاڵاوی شکستیان بە تیرۆریستان نۆشی.

داعش سێ رۆژ بوو رەشماڵی خۆی لە قەزای مەخموور داکوتابوو، رۆژی 10ی ئابی2014، بە بەشداری هێزەکانی دژە تیرۆری (ی.ن.ك)لە چەند قۆڵێکەوە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی پافڵ تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی، بەهاوكاری شەڕڤانان و هاوپەیمانان، توانرا لەماوەیەكی كەمدا و بەخوێنی پێشمەرگەیەکی دژە تیرۆر بە ناوی شەهید تەها، کە خەڵکی کەرکوك بوو مەخمور کۆنترۆڵ بکەنەوە.

هێزەکانی دژە تیرۆر توانییان یەکەم شوێنی گرنگی داعش کۆنترۆڵ بکەن کە سایلۆی مەخموور بوو، دوای کۆنترۆڵکردنی سایلۆکە داعش توانای بەرگریکردنی نەما، چونکە لەرێگەی ژمارەیەک قەنناس بە دەستەوە لە سەر سایلۆکە شەڕیان دەکرد، ئەوەش یەکەمین و دواهەمین سەرکەوتنی هێزەکانی یەکێتی نەبوو، بەڵکو لە جەلەولاوە تا کوبانێ بەخوێنی شەهیدانی یەکێتی خاکی کوردستانیان نەخشاند.

پەراوێز و سەرچاوە

ن. جێسیکان ستێرن – ج.م. بێرگەر، وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، سیروان حسێن بیەیی، داعش دەوڵەتی تیرۆر، چاپی یەکەم 2017 ل.150

 274 جار بینراوە