سەرەکی » راپۆرت » شار جەنجاڵتر بووە و ژمارەی ئۆتۆمبێل لە زیادبووندایە

لە کوردستان بەرنامەیەک نییە بۆ رێکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا

شار جەنجاڵتر بووە و ژمارەی ئۆتۆمبێل لە زیادبووندایە

راپۆرتی: کەنار قاسم

لە کوردستان، لە دوای ساڵی 2003 و باشبوونی باری ئابووری و دارایی خەڵک، شارەکان گەورە بوون و ئاستی بژێوی بەرزبۆوە، کەرتی ئۆتۆمبیل فراوان بوونی گەورەی بە خۆیەوە بینی.

پلان و بەرنامەیەکی ئەوتۆ
رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئۆتۆمبیل زیاتر دەبێت، بەڵام پلان و بەرنامەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ بۆ رێکردن لەگەڵ ئەو پێشتهاتانەی دێنە بەردەم مرۆڤایەتی بە تایبەتی لەو رووەی کە گواستنەوە بۆتە کێشەیەکی گەورە، زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبیل و قەرەباڵغی شەقامەکان، هاوکات گەورەبوونی شارەکان، یەکێکن لە دیاردە گشتییەکانی رۆژگاری ئەمڕۆمان کە لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت.

بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان پێویستە شاری لەگەڵ فراوان بکرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەم قەرەباڵغی جەنجاڵیەی ئێستای لێ پەیدا دەبێت، د. هۆشیار قادر پسپۆڕی پلانسازیی شار دەڵێت: ماستەر پلانی شارەکان بریتییە لە دەستووری گەشەکردنی شار کە گرنگترین سێکتەری رێگاوبانەکانە، رێگاوبان یەکێکە لە تاسکە گرنگەکانی ماستەرپلانی شارەکان، ماستەر پلان دەبێت پێمان بڵێت ئێستا باری ئابووری دانیشتووانی شار چۆنە؟ باری کۆمەڵایەتیان چۆنە؟

یەکێک لە ستانداردە سەرەکییەکان
لەهەمان کاتیشدا پێمان بڵێت داهاتی هەریەکەیان چەندە؟ هەمیشە ئۆتۆمبێل پێویستییەکی سەرەکی ژیانە، لەهەمان کاتیشدا یەکێک لە ستانداردە سەرەکییەکانی خۆشگوزەرانی شار ئەوەیە کە لەسەدا چەندی دانیشتووان خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆیانن، بۆیە یەکەم هەنگاوی دروستکردنی شار بە رێگەوبانەکان دەستپێدەکات.

جگە لە کێشە لە ماستەرپلانی شارەکان زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان هۆکارێکی تری جەنجاڵی شار و شەقامەکانن، بەهمەن عەبدوڵڵا ئەفسەری هاتوچۆ لە سلێمانی لەو بارەیەوە دەڵێت: هۆکاری قەرەباڵغی زۆری سەر شەقامەکان، ئەوەیە هەموو تاکێک لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکاردەهێنێت لەبەرئەوەی هۆکارەکانی گواستنەوەی بە کۆمەڵ لە کوردستان لاوازە، لە جیهاندا هۆکاری گواستنەوە چەند بەشێکە هۆکاری گواستنەوەی بە کۆمەڵ و وشکانی و ئاوی، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا دەتوانیین بڵێن تاکە هۆکاری سەرچاوەی گواستنەوەی مرۆڤ کە بتوانێ کاروباری رۆژانەی خۆی پێ جێبەجێبکات تەنها ئۆتۆمبێلی تایبەتە، راستە پاس و تاکسی هەیە، بەڵام تاکسیش ناچێتە چوارچێوەی گواستنەوەی بە کۆمەڵەوە، چونکە تەنها 1 کەس دەتوانێت سودی لێ وەربگرێت.

لە هەر 3 کەسێک یەکێکیان خاوەنی ئۆتۆمبیلە
بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیل، لە ساڵ 2010 یەک ملیار ئۆتۆمبیل لەسەر شەقامی وڵاتە جیاجیاکان هەبوون، لە ساڵی 2021 یشدا ئامارەکان بەرزبوونەتەوە بۆ 1،6 ملیار ئۆتۆمبیل.واتە هەر 5 کەسێک 1 ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو بە هەر 20 کەسێک یەک ئۆتۆمبێلیان بەردەکەوت.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوو ئەو ژمارەیە بگاتە 2 ملیار ئۆتۆمبیل. بەڵام لە کوردستان دۆخەکە کەمێک جیاوازە، لە هەر 3 کەسێک یەکێکیان خاوەنی ئۆتۆمبیلە.

لە کوردستان نزیکەی 2 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە. هەندێکیان بە شێوەی یاسایی لە کاردان و تابلۆی ژمارەی پارێزگاکانی هەرێمیان هەڵگرتووە، هەندێکیشیان هی پارێزگاکانی تری عیراقە کە بەشێکیان تابلۆی ژمارەی یاساییان نییە و لە دەرەوەی سیستمی هاتوچۆ و ژمارەبەندیی رەسمین.

ژمارەی ئۆتۆمبێل زۆر زیادی کردووە
ئەفسەرەکەی هاتوچۆ بەهمەن عەبدوڵڵا وتیشی: بێگومان ژمارەی ئۆتۆمبێل لە چاو ساڵانی رابردوو زۆر زیادی کردووە، بەنموونە پێش پرۆسەی ئازادی عیراق لە شارێکی وەک سلێمانیدا 30000 ئۆتۆمبێلێک هەبووە ئێستا 600000ی تێپەڕاندووە، لە هەولێر 900000ی تێپەڕاندووە، ئەم زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلانە، لەگەڵ ئەوەی شەقامەکانمان تا رادەیەکی زۆر هەر شەقامە کۆنەکانن و وەک پێویست لەگەڵ ژمارەی ئۆتۆمبێلدا فراوان نەکراوە، ئەمەش لۆد و قەرەباڵغی زیاتر کردووە لە شەقامەکاندا.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە سەدەیەک، ئۆتۆمبێل ئەو داهێنانەی مرۆڤی لە چەندین کێشە رزگار کرد، خەریکە خۆی دەبێتە کێشەیەکی گەورە. رۆژ بە رۆژ قەرەباڵغی سەر شەقامەکان زیاتر دەبن، سەرەڕای دروستکردنی شەقام و زیادکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام قوربانییەکان لە زیادبووندان.

راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لە ساڵی 2017 بڵاوکراوەتەوە، ساڵانە یەک ملیۆن و 250 هەزار کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن کە کە زۆرینەیان گەنج و هەرزەکارن و تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 19 ساڵانەدایە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بۆ بەکارهێنانی مۆبایل و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل لەسەرو خێرایی رێگەپێدراو دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکان بەهمەن عەبدوڵڵا وتی: هاوشێوەی وڵاتانی دیکە کورستانیش ئۆتۆمبێلی تیایە، کێشە لە زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل نییە، چونکە پێویستی ژیانی مرۆڤەکان وا دەکات ئۆتۆمبێل زیاد ببێت، بەڵام دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی مرۆڤەکاندا لە شار رابگرین، لەگەڵ ئەوەشدا شەقام و کۆڵانەکان فراوان بکەین.

هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی
وتیشی، رێگەیەکی دیکەش بۆ کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێل زیادکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییە تا هاووڵاتی ناچار نەبێت بۆ چوونە سەنتەری شار ئۆتۆمبێلی خۆی بەکاربهێنێت، بۆیە دەبینین گرفتی سەرەکی لە سەنتەری شارەکاندایە.

لە هەمان کاتدا، د. هۆشیار قادر دەڵێت: شار وەک ژینگەیەک کە مرۆڤی لەسەر دەژی کە کاروچالاکیەکانی مرۆڤی تیا دەکرێت بەردەوام وەک زیندەوەرێکی زیندوو لە گەشەسەندندایە، ئەگەر شار خۆی لە خۆیدا پلان بۆ داڕێژراو نەبێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی گەشە دەکات و لەبەرئەوەی گەشەی شار مەسەلەیەکی حەتمیە پێویستە پلانێکی گشتگیری هەبێت و تایم لمیتەکەی 20 بۆ 25 ساڵ بخایەنێت، شار لە سیستمێکی زۆر ئاڵۆز پێکهاتووە ئەگەر کێشە کەوتە یەکێک لە سێکتەرەکانیەوە، بەشێوەیەکی ئاسۆیی هەموو سێکتەرەکانی دیکە دەگرێتەوە، ئەگەر کێشە لە رێگاوباندا هەبوو، ئەو کێشەیە درێژ دەبێتەوە بۆ کێشەکانی تر، چونکە ماستەر پلان پەیوەندیی بە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت بە باری سایکۆلۆژی مرۆڤەکانیشەوە هەیە.

ماستەرپلان و قەرەبووکردنەوە
بۆ نموونە شاری سلێمانی لە 1960 بۆ یەکەمجار ماستەرپلانێکی بۆ دانرا لەلایەن کۆمپانیای دۆسیالیسی یۆنانیەوە کە دواتر ئەپدەیت نەکرایەوە بۆیە لەماوەیەکی کەمدا ئێکسپایەر بوو، هەتا ساڵی 2005 و 2006 یش بەهۆی ستراکچەرپلانەوە سلێمانی گەشەی دەکرد بۆیە کێشەیەکی زۆر دروستبوو، بۆ نموونە ئێستا بمانەوێت هەر پڕۆژەیەک بکەین پێویستە قەرەبوویەکی زۆری ئەو کەسانە بکەینەوە کە زەوییەکانیان داگیرکردووە.

زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە کە بە شێوەیەکی گشتی هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. لەوانە زۆربوونی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و هاتنەکایەی کێبڕکێی نرخ، هاوکات پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ئاسانکاریی بانکی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل. لە هەمووشی گرنگتر دروستکردنی ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆرە بە تایبەتمەندیی جۆراوجۆر کە خواستی بەکارهێنەری لەسەر ئۆتۆمبێل بەرزکردۆتەوە.

چین ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل دەخاتە بازاڕەکانەوە
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل، لەم چەند ساڵەی رابردوودا، دروستکردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی هەستپێکراو رووی لە زیادبوون کردوە بە تایبەتی لە چین کە بۆتە یەکێک لەو وڵاتانەی ساڵانەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل دەخاتە بازاڕەکانەوە.

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، لە ساڵی 2016 دا نزیکەی 72 ملیۆن ئۆتۆمبێل دروستکراوە، ئێستاش ساڵانە 80 بۆ 90 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە وڵاتانی جیهان دروستدەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2035 ئەو ژمارەیە بەرز ببێتەوە بۆ 127 ملیۆن.

کۆنترۆڵکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل
بەهمەن عەبدوڵڵا دەڵێت، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەیە، بەڵام پێویستە لە پاڵ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا بەشێکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە کە بێکەڵکن و لەکارکەوتوون بمرێنرێن، دەکرێت پلان هەبێت بۆ نموونە 2022 هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن دەبێت ئۆتۆمبێلێکی بۆ بمرێنن، ئەمە پێشتر جێبەجێکرا و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کۆن لەناوبران و لەسەر شەقامەکان نەمان کەواتە رێگە هەیە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بکرێت.

دەشڵێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دراوەتە کۆمپانیا و پێشانگەکان، 3 مۆدێل ئۆتۆمبێل رێگە پێدراوە هی ساڵی داهاتوو ئەو ساڵەی تیایدان و ساڵی رابردوو، ساڵ بەساڵ بە تێپەڕبوونی کات لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو مۆدێلی پێش خۆی دەسڕێتەوە و مۆدێلی ساڵی داهاتوو جێگەی دەگرێتەوە، ئێستا لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە سنوورییەکاندا تاقیگەی پشکنینی تایبەت بە ئۆتۆمبێل هەیە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ساڵانی رابردوودا هاتوون جا بە لافاو بووە یان لێدراوییەکی زۆری هەبووە و رووداوی هاتوچۆی پێ دروستبووە یان لە وڵاتانی دراوسێ چاکراونەتەوە ئەمانە قەدەغەکراون.

 147 جار بینراوە