سەرەکی » راپۆرت » پرۆگرامی کارامەیی وانەوتنەوە هانی مامۆستایان دەدات بەرەو باشتربوون

پرۆگرامی کارامەیی وانەوتنەوە هانی مامۆستایان دەدات بەرەو باشتربوون

کوردستانی نوێ

بواری پەرورەدە و فێرکردن وەک هەموو کایەکانی تر بەردەوام پێویستی بە هەنگاوی نوێیە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی زانست و شێوازە نوێیەکانی وانەوتنەوە، لێپرسینەوە و ئاسان گەیاندنی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە خوێندکاران بەباشترین شێواز.

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە، بۆردی پەروەردەیی خولێکی دوو رۆژەی کارامەیی وانەوتنەوەی بۆ مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ کردەوە کە لەلایەن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی مەحمود عەبدولکەریم باجەلان لە پەروەردەی رۆژهەڵات و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی سەرجەم وانەکان وتراونەتەوە.

خولەکە بۆ مامۆستایان و وانەبێژانە
خولەکە پاکێچێکی گرنگی وانەوتنەوەی لەخۆگرتبوو دەربارەی ئامانجە رەفتارییەکان، کۆنترۆڵی پۆل، رێگاکانی وانەوتنەوە، جیاوازیی تاکایەتی، پاڵنەرەکانی فێربوون، کارامەیی پرسیارکردن، زیرەکی و هەڵسەندگاندن، کە 73 مامۆستا و مامۆستای وانەبێژ تیایدا بەشداربوون.

مەحمود عەبدولکەریم راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لەم خولانە کە بەبێ بەرامبەر وانەیان تیادا وتووەتەوە بەخشینی زانیاری و شارەزاییە بە مامۆستایان تا بتوانن بە بونیادێکی زانستی و بابەتیانە وانە بڵێنەوە و پەیوەندییەکی زۆرباش و گونجاو لەناو پۆل و لەگەڵ خوێندکاراندا دروستبکەن.

ئاشکرایە ئامانج لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن خوێندکارە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە زانیارییەکان بگات و ئامانج بپێکێت پێویستمان بە رێگای جیاوازی وانەوتنەوە و مامەڵەی دروست و هاوڕێیانە هەیە لەگەڵ خوێندکاردا وەک هەنگاوی یەکەم خولەکە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ کراوەتەوە.

مەحمود عەبدولکەریم راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی وتیشی، وانەبێژان بە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا وانەدەڵێنەوە و ئەزموونی کردارییان کەمترە لە وانە وتنەوە بۆیە پێویستە ئەم خولانە بەردەوام بن تا بتوانن کارامەییەکی باشتر بەدیبهێنن.

بەردەوامبوون بۆ مامۆستایان و وانەبێژان پێویستە
رێکخراوی گەشەپێدانی مرۆیی و بۆردی پەروەردەیی مامۆستا بەرپرسە لە هەموو ئەو زانیاریانەی کە بە فێرخوازەکانی دەبەخشێت بۆیە زۆر گرنگە وریا و ئاگاداری تازەترین توێژینەوەی زانستی سەردەمیانە بێت و زانیاری تازە بە فێرخوازەکانی ببەخشێت، چونکە ئەگەر زانیارییەکان هەڵەبن ئەوە تاکێک دروست دەبێت لە رووی زانستەکانەوە تەندروست نابێت، شلێر کەمال مامۆستا لە خوێندنگەی مەشخەڵانی بنەڕەتی بەشداربوویەکی خولەکەیە و بۆ کوردستانی نوێ وتی، گرنگیدان و بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خول و سمینارانە بۆ مامۆستایان و وانەبێژان زۆر پێویستە.

هێشوو حەسەن راهێنەری پەروەردەیی بەشداربوویەکی ترە و باسی لەوەکرد، مامۆستای سەرپەرشتیار زۆر بەدڵسۆزی فێری کارامەیی وانەوتنەوەی کردوون و پێویستە ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی زۆرترین وانەبێژ سوودی لێیبینن.

مامۆستای سەرکەوتوو هەمیشە هەوڵی فێربوون دەدات
مامۆستای سەرکەوتوو ئەو مامۆستایەیە هەمیشە خۆی بە خوێندکار بزانێت و هەوڵی فێربوونی زانستی زیاتر و نوێ بدات و مامۆستا تاژان عومەر ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵدەدات ئەو رێنماییانەی لەم خولەدا پێی وتراوە بەباشی لەگەڵ خوێندکارەکانیدا جێبەجێی بکات.

ئەم جۆرە خولانە مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ ئاشنا دەکات بە میتۆدە نوێیەکانی وانە وتنەوە و گەیاندنی بە خوێندکار لەنجە ئەحمەد بەڕێوەبەری ئامادەیی قەرەداخ وتی، ئەم خولانە هانی مامۆستایان دەدات هەوڵ و کۆششی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بەشێوازێکی سەردەمییانە و پەروەردەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا بکەن.

خولەکان بە چاودێری بەڕێوەبەرایەتی پەرورەدەی رۆژهەڵات لە شاری سلێمانی و دەوروبەری کراونەتەوە، خولێکی بێ بەرامبەر و خۆبەخشانەیە و بۆردی پەروەردەیی بە پاڵپشتی نووسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کاردەکات بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتە پەروەردەییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراو و کەسە پەروەردەییەکان بۆ کردنەوەی چالاکی جۆراوجۆر و پاڵپشتیکردنی ئەو چالاکییانەی لەبواری پەروەردەدا دەکرێن لە هۆڵی خاک و بەردەوامییان دەبێت.

پاش وانەکان بڕوانامەی بەشداربوون دەدرێتە ئەو مامۆستا و مامۆستا وانەبێژانەی لە خولەکەدا بەشداربوون بە ئامادەبوونی مامۆستا عومەر ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا تریفە بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و هەردووکیان جەختیان لە گرنگی ئەم خولانە و بەردەوامبوونیشیان کردەوە و بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتیان داوە لە ئایندەدا.

 174 جار بینراوە