سەرەکی » ئاراستە » چالاکوانە ئەفغانییەکان جەنگی مانەوە دەکەن؟پەڕە 2

چالاکوانە ئەفغانییەکان جەنگی مانەوە دەکەن؟

ئا: دڵان سامان

ئەوەی تا ئێستا روون نەبۆتەوە چارەنووسی سەدان ژنی ئەفغانییە ئەوانەی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پاڵپشتییان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکرد لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی پەیماننامەی ناتۆ-دا، جگە لە هەزاران چالاکوان لە وڵاتدا ئەوانەی بەردەوامبوون لە پارێزگاریکردن لە ژنان و مافەکانی ژنان، چی لەو ژنانە دێت کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول کاریان دەکرد، ئەوانەی بەرنامەکانی هاوکاریکردنیان بەڕێوەدەبرد؟ ئەو ژنانەی لە وڵاتەکەیان لە پاڵ چالاکوانە بیانییاکاندا دەوەستان بۆ فشار خستنەسەر وڵاتەکەیان تاوەکو ژنان و کچان پێشبکەون؟

لە ئێستادا چالاکوانە ئەفغانییەکان ئەوانەی لە دوای ساڵی 2001 دا و سەردەمی نەمانی تالیباندا تەمەنی باڵقبوونیان تێپەڕاند، دوو هەڵبژاردەیان لە بەردەمدایە: دەمێننەوە و بەردەوامدەبن لە کارەکەیان لەسەر ئەرزی ئەفغانستان یان لە پێناو پارێزگاریکردن لە گیانی خۆیان دەچنە وڵاتێکی دراوسێ یان پەناگەیەکی پارێزراوتر وەکو ئەمریکا یان کەنەدا و بەریتانیا و لەوێوە درێژە بە شۆڕشەکەیان لە پێناو ژناندا دەدەن؟ ئەو سەرکردە ژنە ئەفغانییانەی لە کۆندا لە پێناو ژنان و کچانی ئەفغانیدا دەجەنگان ئەوانیش بە هەمانشێوە لەبەرامبەر هەمان هەڵبژاردەدان، بێگومان هەڵبژاردنەکان قورسن دەبێت ئێستا بڕیار بدەن لەگەڵ هیوایەکی زۆر کەم لە وەرگرتنی یارمەتی لە هاوپەیمانانی پێشوو، ئێستا نیشانەیەکی پرسیاری گەورە لەبەردەمیاندایە کە وەڵامێکی روونی نییە و وا هەستدەکەن ئەرکێکی گەورە و دواجار ئەنجامێکی گەورەی دەبێت.

باشترین هەڵبژاردە مانەوەیە
کامیلا صدیقی کە چالاکوانێکی ئەفغانییە کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا هەنگاوی داهاتووی چی دەبێت وتی «باشترین هەڵبژاردە مانەوەیە، هیچ نەبێت بۆ زۆرترین کات» ئەو ژنە لەماوەی ساڵانی داگیرکاری روسیا و شەڕی ناوخۆی وڵات و حوکمی تالیبان هەرگیز وڵاتەکەی خۆی جێنەهێشتووە، دژی موشەکەکان وەستاوەتەوە و بەردەوامبووە لە تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، ئەو کاتەی لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا کابول ناجێگیر بوو باوکی خوێندنی بە نۆ کچەکەی تەواوکرد، تاوەکو ببنە کەسانێک گەل و نیشتیمانەکەیان خۆشبوێت و خزمەتی بکەن، کاتێکیش تالیبان حوکمی کابولی دەکرد کامیلا لە شاردا مایەوە و لەو گەڕەکەی تێیدا دەژیا جێگەیەکی بۆ کاری دروومانی دانا و چەندین هەلی کاری بۆ ژنان و کچان رەخساند، تەنانەت بۆ کچانی تالیبان-یش زۆر کاتیان پێکەوە بەسەربرد تا ساڵی 2005 گفتوگۆیان لەبارەی داهاتوویانەوە دەکرد، ئەو ژنە زیاتر و زیاتر سووربوو لەسەر گرنگیدان بە نەوەی داهاتوو.

جەنگی مانەوە
کامیلا هەلی هاتە بەردەم تاوەکو ئەفغانستان جێبێڵێت، بەڵام نەیکرد و پێی باشترە بمێنێتەوە و بجەنگێت، بەردەوامبێت لە بواری کاری راوێژکاریدا، لەسەر بنەماکانی کارکردن دەیان ژنی دامەزراندووە و راهێناوە، ناڕوونی دۆخی سیاسی لە ئێستادا تاریکی خستۆتە سەر کارە بازرگانییەکان لە هەموو جۆرەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەستی وایە بمێنێتەوە باشترە، هەرچەندە بۆ یەکەمجارە لە شاری خۆیدا زۆر دەترسێت، کامیلا دەڵێت « لە چاو ساڵانی رابردوودا دۆخەکە زۆر مەترسیدارترە لە ئەفغانستان» بەڵام واهەستدەکات پێویستە لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە و ئاگاداری منداڵەکانی بێت، کاربکات و داهاتێکی گونجاو پەیدا بکات و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەوڵبدات.

ئەو ژنە دەڵێت «ئەوانەی لە ئەفغانستان دەژین پێویستیان بە کار و وەزیفەیە، پێویستیان بەوەیە لە ژیاندا بمێننەوە» هەروەها دەڵێت «هەمیشە پابەندبووم بەوەی لە وڵاتەکەمدا بمێنمەوە ئێستا ئەو کاتەیە دەبێت لەپێناو گەلەکەمدا لێرە بم».

ژنی ئازا
هەندێک لە ژنانی دیکە ناچارن کار لە دەرەوەی وڵات بکەن تاوەکو پارێزراوبن، بەڵام دڵیان لە ئەفغانستانە و هاوکاری پێشکەشی ئەوانە دەکەن کە لەمەترسیدان، لەو ژنانە چالاکوانێکی ئەفغانییە بە ناوی واظمة فروغ کە هەمیشە لە ساڵانی رابردوودا بۆ ئاشتی کاریکردووە، لە سەرەتای دەیەی یەکەمی سەدەی 21 دا وەکو چالاکوانێک لە بواری ئاشتی و پارێزگاریکردن لە ژنان و کچان کاریکردووە، بەشداریکردووە لە دامەزراندنی رێکخراوی «توێژینەوەکانی ژنان و ئاشتی» هەروەها رۆڵێکی چالاکی گێڕاوە لە تۆڕی ژنانی ئەفغاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی «ژنی ئازا» ی لە ساڵی 2009 دا پێبەخشیووە، لە خێزانەکەیدا ژنان هەن هەموو جۆرە قەدەغەکراوەکانیان تێکشکاندووە و لە بوارەکانی خزمەتگوزاری گشتی و کەرتی تایبەت و ناوەندە ئاکادیمییەکان کاریانکردووە.

لە ئەمریکا پارێزراو بێت
ئێستا ئەو ژنە هەموو خۆشەویستانی لە وڵاتەکەی جێهێشتووە و چۆتە ئەمریکا، چالاکییەکانی هەموو شەوێک لە سەعات 11:30 شەو دەستپێدەکات و قسە لەگەڵ ئەو ژنانە دەکات کە لە هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان مەترسیان لەسەرە و داوای یارمەتی لێدەکەن، هەموو شەوێکی شەممە تا بەیانی یەکشەممە کاردەکات بۆ یارمەتیدانی ژنان لە هیرات و قەندەهار و هلمند، ئێستا لەگەڵ داخستنی فڕۆکەخانەکان و تێکچوونی هێڵی تەلەفۆنی مانای ئەوەیە گەیشتنی چالاکوانە ئەفغانییەکان بۆ شوێنێکی پارێزراو نەک زۆر مەترسیدارە بگرە زۆر قورسیشە، تەنانەت گواستنەوەی خێزانێک لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ئاسان نییە جا گواستنەوە بێت بۆ شارێکی دیکە بەتایبەتی بەهۆی ناتەواوی لە هێڵەکانی پەیوەندی هەواییدا.

واظمة دەڵێت «کارەکە زۆر ئاڵۆزە، هەست بە تاوانباریی دەکەم، چونکە بوارم بۆ رەخسا ژیانم رزگاربکەم، بەڵام ئەو هەلە بۆ دەیان یان سەدان بگرە هەزاران ژن نەڕەخسا» هەروەها دەڵێت «بەڵام لەهەمان کاتدا وا هەستدەکەم هەلێکم هەیە تاوەکو دەنگی ئەو ژنانە بگەیەنم، ئەوەش شتێکی گرنگە بۆ من» .

ژیان بۆ ژنان گونجاو بێت
هەروەها نەرجس نیهان لە نێوان پارێزگاریکردن لە ژیانی لەبەرامبەر پارێزگاریکردن لەوانی تر بەراورد دەکات، ئەو ژنە کە لە نەخۆشی شێڕپەنجەی مەمک رزگاریبووە و رێکخراوێکی ناحکومی تایبەت بە ژنان و بونیادنانی ئاشتی بەڕێوە دەبات، هەموو شتێک دەکات لە پێناو نەکەوتنە مەترسییەوە و بە دایکی وتووە دەیەوێت رووبەڕووی هەموو ئەو شتانە بێتەوە کە دێنە بەردەمی و دەڵێت «ژیانم بۆ ئەم کارە تەرخانکردووە و دەمەوێت دەنگی ئەوانە بەرزبکەمەوە کە دەنگیان نییە، ئەگەر یارمەتی کەسێکم دا ئەوە مانای دڵنیایی رۆژێکی تەواوە بۆ من، بۆیە بڕیارمدا لە وڵاتەکەم بمێنمەوە، بڕوام وایە ئێستا کاتی ئەوەیە ژیان گونجاو بکەین بۆ ژنان و کچان».

وەکو واظمة نەرجس-یش ماوەی رابردووی بە ‌قسەکردن لەگەڵ ژنان و پیاوان لە قەندەهار و هلمند و هیرات بەسەربردووە، ئەوانەی ناچاربوون لە ماڵەکانیان هەڵبێن و ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن، ئێستا لەپێناو ئەوەدا دەجەنگێت تاوەکو یارمەتی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی پەیماننامەی ناتۆ بۆ ئەو ژنانە پەیدا بکات کە جێی مانەوەیان نییە و هیچ شوێنێک نییە بۆی بچن.

ئەو ژنە دەڵێت «هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە تەنیا گەڕانەوە و هەوڵدانە» هەروەها دەڵێت «دەبێت باسی ئاشتی بکەین لە ئەفغانستان و نابێت دەستبەرداری ئەو بەرپرسیارێتییە ببین چەندە دۆخەکە ئاڵۆز بێت، نابێت دونیا وەکو قوربانی کە داوای یارمەتی دەکەن تەماشامان بکات، ژنی ئەفغانی بە درێژایی 20 ساڵ هاوپەیمانێکی جێگیر و بەوەفا بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چەندە دۆخەکە ئاڵۆز بێت هەرگیز هەڵوێستمان ناگۆڕین و لەهەوڵ و کۆششمان بەردەوام دەبین».

ژنانی ئەفغانستان چاوەڕێی چی دەکەن؟
لە ماوەی دەسەڵاتی تالیبانی پێشوودا، ژنە ئەفغانییەکان لە ماڵەکانیانەوە کاری بازرگانی تایبەت بە خۆیان دامەزراندبوو، مامۆستای خوێندنگەکان بوون، هەروەها پزیشک بوون، لە وەزیفەکانی رێکخراوە ناحکومییەکانی پەیوەست بە تەندروستییەوە کاریان دەکرد، مایکرۆسۆفت ئۆفیسیان خوێند و بە پێی توانا پاڵپشتی خێزانەکانیان دەکرد و سودیان لەو پانتاییە تەسکەی کۆمەڵگەکانیان دەبینی بۆ کارکردن، لەپێناو رێڕەوێکی رووناکتر و داهاتوویەکی باشتردا بۆ نەوەی داهاتوو کاریان دەکرد، بۆیە ئەمجارە زۆر جیاواز نابێت.

ژنی ئەفغانی لە شۆڕشی خۆی بەردەوام دەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە رادەی ئەو زوڵم و چەوساندنەوە و چەپاندنەی لە سایەی حوکمی تالیباندا رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە چەند دەبێت، ئایا دیسانەوە تالیبان بە کێبڵ و دار لە ژنان دەدات ئەوانەی دژی دۆخی ئێستا دەوەستنەوە؟ تالیبان ئەو ژنانە بەند دەکات کە سەرپێچی رێساکانیان دەکەن یان دەچنە سەر کار یان زانکۆ؟ ئایا باوکان ناچار دەبن هەندێکجار کچەکانیان لە تەمەنی هەرزەکاریدا بدەن بەشوو بە جەنگاوەرەکانی تالیبان؟ ئایا هیچ هەلێک هەیە تاوەکو دونیا پاڵپشتییەکی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری پێشکەش بەو ژنانە بکات کە لە هێڵی پێشەوەن و لە پێناو داهاتوویان و داهاتووی وڵاتەکەیان دەجەنگن؟ لە ئێستادا وەڵامەکە نەخێرە، ئەگەر وا بێت ئەوە لەدەستدانێکی گەورەیە بۆ هەمووان.

سەرچاوە: الامارات الیوم

 202 جار بینراوە