سەرەکی » ئاراستە » به‌سه‌رهاتێكی شەهیدان (كوێستانی و سێگردكانی) له‌ بیره‌وه‌رییمدا

به‌سه‌رهاتێكی شەهیدان (كوێستانی و سێگردكانی) له‌ بیره‌وه‌رییمدا

سه‌باح شوكر

له‌ ئه‌یلولی ساڵی 1987 مه‌فره‌زه‌یه‌كی دوازده‌ كه‌سی مه‌ڵبه‌ندی چوارو رێكخراوی دووی كۆمه‌ڵه‌ بووین له‌گه‌ڵ هه‌ردوو شه‌هیدی سه‌ركرده‌ (حه‌سه‌ن كوێستانی و عه‌بدولڕه‌زاق سێگردكانی)، له‌ دۆڵی بالیسانه‌وه‌ ده‌چووین بۆ گوندی وه‌رتێ، به‌ شاخی ده‌ره‌شێردا سه‌ركه‌وتین و به‌سه‌عاتێك گه‌یشتینه‌ سه‌ر شاخه‌كه‌، پشوویه‌كمانداو به‌ قسه‌ خۆشه‌كانی شه‌هید كوێستانی هه‌موومان كه‌وتبوینه‌ پێكه‌نین، كوێستانی له‌ قسه‌كانیدا زۆرجار وشه‌ی (روحی برای) ده‌گوته‌وه‌، زۆر لێی جوان و له‌ زاری خۆشبوو.

رێگایه‌ك له‌و شاخه‌وه‌ ده‌چووه‌ دۆڵی مه‌له‌كان و رێگه‌یه‌كی تری ده‌چووه‌ كوێستانه‌كانی ساوسێوكان، لای راستیشی ده‌كشێ بۆشاخی ئاراسن كه‌ به‌رامبه‌ریشی شاخی كاروخه‌.

ئێمه‌ رێگه‌ی ئاراسنمان گرته‌به‌رو تا گه‌یشتینه‌ كلكه‌ی شاخی كاروخ، پێنج سه‌عاتمان پێچوو، ئه‌و دۆڵه‌ ئاوو و گژوگیای كه‌مه‌و ژیان تێیدا زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌ هیچ دێیه‌كی لێ نییه‌.

له‌ كلكه‌ی كاروخ به‌لای چه‌پدا سوڕاینه‌وه‌ بۆ دێی وه‌رتێ، گه‌روی مه‌نجه‌ڵ ده‌كه‌وێته‌ پێشمان ده‌ڕوانێته‌ شاخی زینه‌تیر و شاخی دڕه‌بی، له‌ ودیویشه‌وه‌ چیای قه‌ندیل دیاره‌ كه‌ به‌گه‌وریی خۆی باوه‌شی بۆدۆڵ و هه‌ورازو نشێوه‌كان كردۆته‌وه‌.

وه‌ختێك له‌ وه‌رتێ نزیك بوینه‌وه‌و هه‌ر به‌ڕێگه‌وه‌ بووین، له‌ پڕ ده‌نگی ره‌تڵێك كاتیۆشامان بیست كه‌ به‌ سه‌رماندا تێپه‌ڕین، هه‌رئه‌وه‌ندمان پێكرا هه‌ر پێشمه‌رگه‌و خۆی له‌ زه‌ویدا، ره‌تڵی دووه‌میش هات و له‌ شاخی دڕه‌بی داو ئاگرو دوكه‌ڵی لێهه‌ستا، ئه‌وكاته‌ من له‌ دواوه‌ی لای چه‌پ بووم، كه‌ سه‌رم هه‌ڵبری بینینم شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق خۆی دابوو به‌سه‌ر شه‌هید كوێستانیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو نێچیرێكی گرتبێ‌، جا ئه‌وه‌ی بینیبێتی ده‌زانێ كه‌ شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق له‌ به‌ژن و باڵاو قه‌باره‌دا له‌ كوێستانی گه‌وره‌تربوو.

مه‌ترسی نه‌ماو هه‌ستاینه‌وه‌، هه‌ستمكرد كوێستانی بۆڵه‌بۆڵی ده‌كردو شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاقیش هه‌ر پێده‌كه‌نی.

دوای ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌كان دوو دوو چوون بۆپشكنینی ده‌ورووبه‌ر و به‌وجۆره‌ رۆیشتین تا گه‌یشتینه‌ ناو وه‌رتێ، له‌وێ سه‌رتیپ و پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 87ی كارۆخ پێشوازییان لێكردین.

ئه‌وماوه‌یه‌ هه‌ردوو شه‌هید سه‌ردانی كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی سنووره‌كه‌یان ده‌كردو شه‌وانیش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 78ی كاروخ ده‌چوونه‌ نزیك ره‌بایه‌و سه‌ربازگه‌كانی سوپای عیراق تا ده‌نگوباس و زانیارییان ده‌ستبكه‌وێ، چونكه‌ هه‌واڵ هاتبوو سوپای عیراق به‌نیازه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر دۆڵی خانه‌قا كه‌ بڕبڕه‌ی پشته‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتیانه‌. دوای ته‌واوبوونی جه‌وله‌كه‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌مان له‌ وه‌رتێوه‌ بۆ باره‌گای خۆمان له‌ دۆڵی بالیسان، رۆژێك پرسیاری دیمه‌نه‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌م له‌ شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاقكرد كه‌ بۆچی تۆ پێده‌كه‌نیت و كوێستانیش بۆڵه‌بۆڵی ده‌كرد؟ وتی: مامۆستا هێرش ( له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا من ناوم مامۆستا هێرش بوو) له‌ رووی سیاسی و ئه‌خلاقیه‌وه‌ من به‌رپرسیارم، كوێستانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌یه‌، من ده‌بوو به‌وكاره‌ هه‌سته‌م و هه‌ر پارچه‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ك بێت به‌رمن بكه‌وێت نه‌ك ئه‌و، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ له‌ پڕ خۆم پێداكێشا كوێستانی توڕه‌بوو، بۆڵه‌بۆڵه‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو، منیش گوێم پێنه‌داو توند باوه‌شم لێ به‌رنه‌دا تا مه‌ترسییه‌كه‌ ته‌واو بوو، پێشی وتم: ئه‌بێ هه‌مومان روحی برایه‌تی كۆمانكاته‌وه‌.

له‌ كاتێكدا شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق به‌ ته‌مه‌ن له‌ كوێستانی گه‌وره‌تربوو، لێپرسراوی رێكخراوی دووی كۆمه‌ڵه‌ش بوو له‌ سنووری مه‌ڵبه‌ندی چوار، له‌ سه‌ره‌تاكانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ پله‌و ئه‌ركی گه‌وره‌و گرنگی كۆمه‌ڵه‌ی له‌ ئه‌ستۆبووه‌، هه‌رئه‌ویش كۆسره‌ت ره‌سوڵی هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌.

پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ئاوابوو، هه‌موو وه‌ك برابوین بۆ یه‌كتری، كه‌چی له‌ شار و سه‌رده‌می ئازادیدا، ئه‌ورۆحه‌ نه‌ماو شته‌كان پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌.

 324 جار بینراوە