سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی پێشوازی لە عەبدولمونعەم عودات سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن و وەفدێكی هاوڕێی، جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن كردەوە.

لە دیدارێكدا، كە ئێوارەی 6/9 لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر بە ئامادەبوونی د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا و بە گرنگ زانرا بەرنامەی هاوبەش هەبێت بۆ كاركردن.

دوای كۆبوونەوەكەش، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: دۆستایەتیی كورد و ئوردن بۆ سەردەمی مەلیك حسێن و بەتایبەتیش لە سەردەمی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دەگەڕێتەوە، كە ئوردن هەمیشە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ كورد و دۆزە رەواكەیدا هەبووە، دوای راپەڕینیش پەیوەندییەكە بەردەوام بووە.

لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە، وتی: لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لە بەردەوامیی پەیوەندییەكان كرایەوە، بەتایبەتی كە ئوردن وڵاتێكی پێشكەوتووە لەڕووی توانای مرۆییەوە، دەكرێت هاوكارییمان بكات، ئاشكراشە هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی كانزایی و كەشوهەواكەی لەبارە بۆ كشتوكاڵ و وەبەرهێنان.

״پشتیوانیی بۆ هەرێم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەربڕی״
لەبارەی سەردانەكەشەوە، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئامانجێكی سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن و وەفدی هاوڕێی بۆ هەرێمی كوردستان و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی كوردە لەگەڵ ئوردندا، كە بناغەی ئەو پەیوەندییە پتەوەش سەرۆك مام جەلال و شا حسێن دایانناوە و تائێستا بەردەوامە. وتیشی: وەفدی ئوردن، پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەربڕی.

ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئەوەی خستەڕوو كە لە داهاتوودا سەردانی سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە دەكەن، لەبەرئەوەی هەڵەبجە خاوەنی قوربانییانی كیمیاباران و تراژیدیایە لەسەر دەستی رژێمی بەعس.

״سەردانی وەفدی ئوردن لەو پلە باڵایەدا گرنگ ‌و پڕبایەخە״
لای خۆیشییەوە، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەگرنگیی سەردانەكە كرد و رایگەیاند: سەردانی وەفدی ئوردن لەو پلە باڵایەدا بۆ هەرێمی كوردستان سەردانێكی گرنگ ‌و پڕبایەخە، بەتایبەتی كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو پەرلەمانی ئوردن و كوردستان.

باسی لەوەشكرد كە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن، جگە لە پتەوكرنی پەیوەندییەكان لەنێوان هەردوولادا، جەختیشی لە بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و ئوردن كردەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ سەردانیكردنی ئوردن، كە چاوەڕوان دەكەین لە كاتێكی گونجاودا ئەو سەردانە بكرێت.

 189 جار بینراوە