سەرەکی » ئاراستە » خەڵکی هەولێر پشتگیریی خۆیان بۆ هاوپه‌یمانیی كوردستان دووپاتكردۆته‌وه‌پەڕە 2

دكتۆر مه‌جید حه‌مه‌ده‌مین:

خەڵکی هەولێر پشتگیریی خۆیان بۆ هاوپه‌یمانیی كوردستان دووپاتكردۆته‌وه‌

هه‌ولێر: ته‌ها عه‌بدوڵڵا

دكتۆر مەجید حەمەد ئەمین لێپرسراوی بازنەی ٣ی هەولێری هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی كوردستان ئاماژه‌ به‌ چۆنێتی به‌رێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات و تیشكده‌خاته‌ سه‌ر گرنگی هاوپه‌یمانیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ ئەمجارەشیان خەڵكی هەولێر وەك هەموو جارەكانی تر پشت لە یەكێتیەكەی خۆیان ناكەن و دووپاتی پشتگیریی خۆیان كردۆتەوە بۆ كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانیی كوردستان.

جۆش و خرۆشی هەڵمەتی هەڵبژاردن
سەرەتا لە بارەی چۆنێتی به‌رێوه‌چوونی پرۆسەی بانگەشەوە، وتی: پڕۆسه‌كه‌ بەگشتی بە باشی و بە پلان بەڕێوەدەچێت، مەڵبەند و كۆمیتەكان و هەڤاڵانمان لە بازنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە جۆش و خرۆشەوە لەگەڵ جەماوەری یەكێتیی نیشمانیی كوردستان و خەڵكی بەشەرەفی هەولێر لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان.

وتیشی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو گەلانی عیراق و ناوچەكەش گرنگیی خۆی هەیە، بەهۆكاری ئەوەی كە یاسای هەڵبژاردنی عیراق مۆدیلێكی سەردەمیانەیە و تازەیە لە رووی تەكنیكی و سیاسییەوە، نەوەیەکی تازە و كاریگەر لە قەوارە سیاسییەكانی عیراق دێنە پێشەوە، سەبارەت بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرباری دیووە گشتییەكەی تایبەتمەندی خۆی هەیە چونكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆنگرە و ئەو قۆناغەی تێیدایە لەبنەما و ئەنجێندا دەیەوێت وەک هێزێكی گەورەی تر هاوپەیمانی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ئەوەی لەوێ بتوانێت داكۆكیكارێكی زیاتر و باشتر بێت بۆ مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی.

گرنگیی هاوپه‌یمانیی یه‌كێتی و گۆڕان
هاوكات ئاماژه‌ی به‌ گرنگی هاوپه‌یمانیی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد و رایگه‌یاند: دیارە بۆ هەر قۆناغ و سەردەمێك جۆرێك سیاسەت و ستراتیژ گرنگن بۆ حزبی سیاسی، بۆ ئەوەی بتوانێت لە رووی سیاسیەوە بەهێز تر بێت و لە رووی جەماوەریەوە بتوانێت زۆرترین خەڵك لەخۆی كۆ بكاتەوە و لە خۆبگرێت.

وتیشی، ‎بۆیە لەبەر ئەو قۆناغە، گرنگە یه‌كێتی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە بكات، كە هەمان دونیا بینینیان هەیە تا جەماوەرەكەشی بتوانێت لەگەڵ جەماوەری ئەو هێزە هاوپەیمانە هەڵبكات و هۆكارێكی تر گرنگە، ئەوەیش پەیوەستە بە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی كوردستان بگرە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، پێویستییەكانی ئەو قوناغە ئەو هاوپەیمانیەتە بوو، هیوام سەركەوتنیانە لەو هەڵبژاردنەدا.

ململانێی سیاسی لە هەولێر
له‌باره‌ی گرنگی سه‌ركه‌وتنی كاندیدەكانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌ رێگای لیستی هاوپەیمانی، دكتۆر مه‌جید وتی: پێش ئەوەی بێینە سەر كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانی لە هەولێر، پێویستە باس لە گرنگی هەولێر بكەین وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان و ململانێی سیاسی لە هەولێر كە زەقتر و فراوانتر و هەستیارترە بەراود بە شارەكانی تری كوردستان. هەر لەم سۆنگەیەشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان وەك بەشێك لەو سروشتەی شاری هەولێر، دەیەوێت ململانێی بردنەوەی زۆرترین كورسی و ناردنی كاندیدەكانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكات، گرنگی بە دەستهێنانی زۆرترین كورسی لەوەدایە رۆڵی گەورە و كاریگەر بگێڕێت لە رووی سیاسییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەكتەرێكی گەورەی ئەو ململانێیە بێت لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا.

پێشوابوو: مێژووی (ی.ن.ك) لە سەرەتای درووستبوونیەوە لەگەل خەڵكی كوردستان دووانەی لێك دانەبڕاو بوون، تاكو ئێستا بەشێكی گەورەی ئەو مێژووە و کۆڵەکەی هەستانەوەی حزبەكەیان بوونە لە هەر قۆناغێكدا پێویست بووبێت، هەولێر خاوەنی هەزارەها شەهیدی قارەمان و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دانەبڕاوە، یەكێتی خەڵكی هەولێر بە خاوەنی راستەقینەی حزبەكەیان دەزانێت، ئەمجارەشیان وەك هەموو جارەكانی تر ئەوەی دەبینرێت جەماوەری یەكێتی و خەڵكەكەی پشت لە یەكێتیەكەی خۆیان ناكەن و پشتگیریی خۆیان دووپاتكردۆتەوە، هەم بۆ یەكێتی هەم بۆ كاندیدەكانی هاوپه‌یمانی.

یەكێتی حزبی خەڵكە
دكتۆر مه‌جید وتیشی: یەكێتی دروشمە سەرەكییەكانی لە مافی چارەی خۆنووسینەوە تاكو هەموو بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، ئەو مێژووە شاهیدە بۆ ئەوەی یەكێتی داهێنەری ئەو چەمكە سیاسییە پێویستیانەیە، داكۆكیكار بووە بۆ بەدەستهێنانی و قوربانیشی لەپێناویدا داوە، هه‌ر له‌ جەنابی مام جەلالەوە تاكو سەركردە باڵاكانی، هەمیشە لە ریزی پێشەوەی هەوڵ و قوربانیدانەكان بوون و زۆرجار یەكێتی ئامادەیی سیاسی خۆی كردۆتە قوربانی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و تێیدا خۆی زەرەرمەند كردووە، ئێستاش و لە داهاتووشدا، یەكێتی حزبی خەڵك و بەرژەوەندیەكانیەتی و دابڕاو نابێت و هەمیشە پلان و ستراتیژی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵك رێكدەخات، پێش بەرژەوندییە سیاسییەكانی خۆی.

 

 140 جار بینراوە