سەرەکی » ئاراستە » گەنجانی سنووری راپەڕین پشتیوانیی ھاوپەیمانیی کوردستان دەکەن

پێویستە لایەنە کوردییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ بەھێزکردنی پێگەی کورد لەبەغدا

گەنجانی سنووری راپەڕین پشتیوانیی ھاوپەیمانیی کوردستان دەکەن

راپۆرتی، جێگر خدر

گەنجانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لەرێگەی کوردستانی نوێوە پشتگیری و پاڵپشتی خۆیان بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووپاتدەکەنەوە.

ھاوپەیمانیی کوردستان پێوستییە
مەھدی حەسەن دانیشتووی ناحیەی سەروچاوەی سەر بە قەزای رانیەیە، لە رێگەی کوردستانی نوێوە پشتگیری خۆی وەک گەنجێک بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان دووپات دەکاتەوە و بەگرنگییەوە لە ھاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەڕوانێت.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات «بەھۆی ئەوەی پرۆسەکە بۆ ناردنی نوێنەرەکانمانە بۆ بەغدا و بۆ کێبڕکێیە لەگەڵ لایەن و پێکھاتەکانی سەراپای عیراق، ھاوپەیمانیی کوردستان لەم قۆناغەدا بەپێویست دەزانم و ھیواشم وابووە لایەنی دیکەی کوردستانیش بێنە نێو ئەو ھاوپەیمانیەتییە نیشتمانییە».

مەھدی لە درێژەی قسەکانیدا، رۆڵی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی قەوارەکە بە گرنگ وەسف دەکات و رایدەگەیەنێت «دیاریکردن و ھەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی هاوپەیمانی ھاندەرێکی سەرەکی دەبێت تاوەکو ھاوپەیمانیی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکات، بەو پێیەی ئەزموونی رابردووی ئەوەی بۆ سەلماندین کە سەرۆکایەتی کردنی لیست لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە، یەکێتی جارێکی دیکە ھەستاندەوە و ژمارەیەکی زۆری کورسی بەدەستھێنا».

چارەسەری کێشەکانی ھەرێم و بەغدا
لە نێو توێژی گەنجاندا، کچان و ژنانی سنووری ئیدارەی راپەڕین پاڵپشت و پشتیوانی قەوارەی ھاوپەیمانیی کوردستانن. پەرژین سلێمان چالاکوانی دانیشتووی شاری قەڵادزێ لە لێدونێکیدا بۆ کوردستانی نوێ رایدەگەیەنێت «هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ھەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە بۆ گەلەکەمان لە ناو ئەم ھەڵبژاردنەش پێکەوە کارکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کە ھاوپەیمانیەتییان پێکھێناوە و قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی دەکات، مایەی دڵخۆشییە، لەبەر ئەوەی قوباد تاڵەبانی بەردەوام بە دانوستانەکان و پشوودرێژیەکەی لە بەغدا چارەسەری کێشەکانی ھەرێم و بەغدای کردووە».

وتیشی، قوباد تاڵەبانی بۆ ئێمە نامۆ نییە، لە ھەڵبژاردنی رابردوو کارمان بۆ کردووە بەتایبەت لەناو گەنجان و ژناندا زۆر پشتیوانی دەکرێت، چونکە پڕۆژە و بەرنامەی کاری بەردەوام زیاتر لەخزمەت ئەم دوو توێژەدا بووە، ھەر بۆیەشە گەنجان و ژنان لە دەڤەری راپەڕین و تەواوی کوردستان پشتیوانیی لێدەکەن و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان سەربکەوێت.

گەنجان بە گەشبینییەوە دەڕوانن
ماڵماڵ مام رەسوڵ دانیشتووی گوندی پاشکۆتەڵی ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە قەزای رانیەیە، لە بارەی گرنگی یەکدەنگی کوردەوە بۆ دروستبوونی کوتلەیەکی بەھێز و کاریگەر لەبەغدا بۆ کوردستانی نوێ دەدوێت. ئەو دەڵێت «لایەنە کوردییەکان پێویستە یەکبگرن بۆ بەھێزکردنی پێگەی کورد لەبەغدا، ئەو یەکدەنگیی و یەکھەڵوێستەشییان لەلا نەنگیی نەبێت، رابردوو ئەوەی سەلماندووە ھەر کاتێک کورد یەکھەڵوێست بووبێت توانیویەتی دەستکەوتی گەورە بەدەستبھێنێت، ئێستاش کە دوو ھێزی کوردی، یەکێت و گۆڕان پێکەوەن، بێگومان رۆڵی ئەرێنی خۆی دەبینێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی دەستکەوتی دیکە».

لە درێژەی قسەکانیدا، ماڵماڵ دەڵێت «ئێستا گەنجان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ھەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان، وای دەخوێنینەوە کە گەنجانە تێدەکۆشێت لەپێناوی خزمەتکردنی ئەو توێژەی لە ماوەکانی رابردوودا بەشێکی زۆری بێهیوا بووبوون».

وتیشی، ئەنجامی کارەکانی رابردووی قوباد تاڵەبانی لە دابینکردنی ھەلی کار و دانوستاندنی ژیرانەی لەگەڵ بەغدا کە لە ئەنجامدا رێکەوتنی ھەردوولای لێکەوتەوە و پاشەکەوتی مووچە ھەڵگیرا، جێگەی ئومێدن لە ناو توێژی گەنجاندا.

ھاوپەیمانیی کوردستان لە بازنەی چواری پارێزگای سلێمانی کە ئیدارەی راپەڕین و قەزای دوکان دەگرێتەوە، بە سێ کاندید چووەتە نێو کێبڕکێوە بۆ ھەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی پێشوەختەی عیراق؛ ئەبوبەکر بایز ژمارە 23، غەریب ئەحمەد ژمارە 20، بەدریە حسێن بە ژمارە 28. چاوەڕوانیش دەکرێت ھاوپەیمانیەتییەکە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبھێنێت.

 

 88 جار بینراوە