سەرەکی » زانست » بۆ بیناسازیی لەسەر مەریخ دەردراوەكانی لەشی مرۆڤ بەكاردەهێنرێت

بۆ بیناسازیی لەسەر مەریخ دەردراوەكانی لەشی مرۆڤ بەكاردەهێنرێت

تارا شێخ عوسمان

زاناكان بە نیازن بۆ دروستكردنی مادەیەكی پتەوی بیناسازیی لەسەر مەریخ سوود لە پێكهاتەكانی لەشی مرۆڤ وەرگرن.

پەرۆشیی مرۆڤ بۆ گەڕان و پشكنین بە ناو گەردونی فراواندا بیرۆكە و خەونێكی سەیری لەلا دروستكردووە كە ئەویش دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ، بەڵام تێچووی دروستكردن و گواستنەوەی ئەو مادانە بۆ ئەو هەسارەیە هەمیشە رێگر بووە، بەڵام ئێستا خەریكە ئەو خەونە دەبێتە راستیی.

دوای دەیان ساڵ لە توێژینەوە زانایانی زانكۆی مانچستەری بەریتانیا گەیشتوونەتە ئەو شتەی بە دوایدا دەگەران و بۆیان دەركەوتووە هەندێك دەردراوی لەشی مرۆڤ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستكردنی مادەیەكی هاوشێوەی چیمەنتۆ بۆ ئەوەی لە ئایندەدا یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر هەسارەی مەریخ بونیاد بنێن، ئەویش دروستكردنی ئامرازی بیناسازییە لە خۆڵ و تۆز و شلەمەنییەكانی مرۆڤ دەریان دەدات.

ئەو مادانەش پێویستیان بە پارەیەكی زۆر نییە بۆ گواستنەوەیان، بەڵكو دەتوانرێت لەسەر هەسارەی مەریخ سەرچاوەی مادە سەرەتاییەكان دابینبكرێت.

پێشتریش چەندین توێژینەوە لەسەر چینی سەرەوەی خاك و خۆڵی مەریخ كراوە و زاناكان گەیشتوونەتە ئەوەی كە ئەو مادانە شیاون بۆ دروستكردنی كەرەسەی بیناسازیی، بەڵام پێویستیان بە مادەیەكی دیكە هەبووە بۆ ئەوەی خۆیان بگرن و كەرەسەیكی پتەویان لێدەرچێت و ئەو مادەیەشیان لە شلەمەنییە دەردراوەكانی مرۆڤدا دۆزیوەتەوە.

كەرەسەكان چۆن دروست دەكرێن؟
بەپێی توێژینەوەیەكیش كە لە گۆڤاری(Materials Today Bio)دا بڵاوكراوەتەوە « دەتوانرێت خاك و خۆڵی مەریخ لەگەڵ هەندێك شلەمەنی دەردراوی لەشی مرۆڤ كە خۆی لە یۆریای ناو میزی مرۆڤ یان ئارەق و فرمێسك دەبیننەوە تێكەڵ بكرێت لەوەش مادەیەك دروست دەبێت كە بە ( ئیسترۆكریت) ناسراوە. كە لە چیمەنتۆی ئاسایی بە هێزترە و زۆر گونجاوە بۆ بیناسازیی لە دەرەوەی گۆی زەوی و سەر رووی هەسارەیەكی وەك مەریخ.

زاناكان دەڵێن» بە بەكارهێنانی ئەو تەكنەلۆژیایە، تیمێكی شەش كەسیی فەزاوان لە ماوەی دووساڵدا دەتوانن ( 500 ) كیلۆگرام مادەی بیناسازیی بەرهەمبهێنن و بەپێی بەیاننامەیەكی زانكۆی مانچستەریش ئەو جۆرە مادەیە لەگەڵ خاكێكی بێژراوەی مەریخدا دەتوانرێت ژوورێكی یەك كەسیی لێدروست بكرێت.

لەم بارەیەوە (ئەلید رۆبەرتس) توێژەری بەشداری ئەو تیمی توێژینەوەیە دەڵێت « پێشتر زاناكان زۆر هەوڵیانداوە بۆ دروستكردنی مادەیەكی بیناسازیی لە سەر هەسارەی مەریخ كە هاوشێوەی چیمەنتۆ بێت، بەڵام هەرگیز بیریمان لەوە نەكردووتەوە كە ئەو مادە یارمەتیدەرە دەردراوەكانی خودی ئێمەی مرۆڤ بێت».

سەرچاوە: elaph

 158 جار بینراوە