سەرەکی » ئابووری » داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عیراق زیاد دەكات

داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عیراق زیاد دەكات

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق رایدەگەیەنێت: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا قەبارەی داهات لە دەروازەكان بەراورد بەهەمان ئەو ماوەیەی ساڵی 2020 زیادیكردووە و جەختیشی كردۆتەوە، سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدڕاڵیدایە.

لیوا عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق، بە ئاژانسی هەواڵی (عیراق)ی راگەیاندووە: لە چوارچێوەی ئاماری دەستەكە لە سەرەتای ئەمساڵ 2021ەوە تا كۆتایی مانگی ئەیلولی 2021 و بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو، سەرجەم داهاتە گومرگی و باج و ئەمانەتەكان لە ئاستێكی بەرزدان و بەنزیكەیی 61 ملیار دیناری لە ساڵی رابردوو زیاترە.

جەختشیكردۆتەوە: كۆی دەروازە سنوورییەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی فیدڕاڵدایە و سەرجەم كارمەندانیش بوونیان لەو دەروازانە سنوورییانەدا هەیەو كار بۆ بەهێزكردنی ئەم دەروازە فیدڕاڵییانە لە وشكانی و دەریایی و ئاسمانی دەكەن، كە ژمارەیان بریتییە لە 21 دەروازەی سنووری و هەروەها دەرگا و دەوروبەری ئەم دەروازانە هێزی سەربازییان تێدایە.

بەوتەی سەرۆكی ئەو دەستەیە، دەروازە سنوورییەكان لە ئاستێكی بەرزی بەرپرسیارێتیدان بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییە پیشەسازی و كشتوكاڵییەكان و هەروەها هەموو ئەو شتانەی دەچنە بواری پیشەسازی نێوخۆیی عیراقییەوە.

لەبارەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەو بەرپرسەی عیراق دەڵێت: «دانوستان و گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێم بەردەوامە و پێویستە بە زوویی ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە و دەروازەكانی هەرێمیش بچنە چوارچێوەی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراقەوە.

 287 جار بینراوە