سەرەکی » ئابووری » ناردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

ناردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

نوێنەری بەنزینخانەكانی سلێمانی رایگەیاندووە: هەناردەكردنی بەنزینەكەی بەغدا بۆ سلێمانی بەهۆی رێكارەكانی هەڵبژاردنەوە وەستاوە ‌و بەڵێندراوە دوای هەڵبژاردن دەستپێبكاتەوە.

بەهمەن شێخ قادر رایگەیاندووە: بەنزینخانەكانی سلێمانی لە چوارشەممەی رابردووەوە چاوەڕوانی هاتنی بەنزینەكەی بەغدان ‌و پارەی تایبەت بە هاوردەكردنیان پێشكەشكردووە.

وتیشی: «هەناردەكردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەولێر دەستیپێكردۆتەوە ‌و دوای هەڵبژاردنیش بۆ سلێمانی دەنێردرێت، چونكە پێیانوتراوە كە چوار بۆ پێنج رۆژی دیكە پڕۆسەكە دەستپێدەكاتەوە».

وەزارەتی نەوتی عیراق لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە دەستیكرد بە هەناردەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان، كە بڕەكەی ملیۆنێك ‌و 80 هەزار لیترە، بەجۆرێك پشكی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی 360 هەزار لیترە، پارێزگای دهۆك 216 هەزار لیتر‌ و پشكی پارێزگای هەڵەبجەش 144 هەزار لیتر بەنزینە، كە نرخی یەك لیتری بە 690 دینار دەدرێت بە شۆفێران.

 177 جار بینراوە