سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پاشماوە پزیشکییەکان بێ رێنمایی فڕێدەدرێن

پاشماوە پزیشکییەکان بێ رێنمایی فڕێدەدرێن

بەشێك لە رێكخراوەكانی ژینگە پارێزیی و چالاكوانانی ئەو بوارە ئاماژە بە دیاردەی پاشماوەی بەکارهاتوو و فڕێدانی خۆڵ و خاشاك بەشێوەیەكی نازانستی لەهەرێمی کوردستان دەكەن، كە جگە لە زیانگەیاندن بە خاك و ئاو و هەوا، هاوكات دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی بۆ مرۆڤ، ئەوەی زیاتر بۆتە جێگای نیگەرانی ژینگە پارێزان، پاشماوەی نەخۆشخانەكان و یەكە تەندروستیەكانە، كە بەوتەی ئەوان رۆژانە پاشماوەیەكی زۆری پزیشكی فڕێدەدرێ، لەگەڵ ئەوەی لە ناوبردن و فڕێدانی ئەو پاشماوە پزیشكیانە رێگا و شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە، كەچی لەهەرێمی كوردستان بەشێكی زۆریان بەگوێرەی رێنماییەکان لەناونابرێن، بەڵکو وەک هەر پاشماوەیەکی تر فڕێدەدرێن.

رێنمایی پێویست دەرکراوە
لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی و دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم رایدەگەیەنن ئەوان رێنمایی پێویستیان بۆ ئەو مەبەستە دەكردوە و چەندین رێوشوێنیان داناوە بۆ پاشماوە پزیشكیەكان، بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەو رێنماییانە لەناو ببردرێت، لەگەڵ ئەوەش نایشارنەوە كەموكوڕی لەو بوارەدا هەیە. عەبدولرەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی پاراستن‌ و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەگوێرەی رێنماییەكانی دەستەی ژینگە پێویستە ئەو كەلوپەل و كەرەستە بەكارهاتووانەی بواری پزیشكی بەشێوەیەكی زانستی لەناو ببردرێن، بە پێچەوانەوە كاریگەریی خراپی لەسەر خاك و ئاو هەوا دەبێت. وتیشی: لەبەر ئەوەی پاشماوە پزیشكیەكان مادەی كیمیاییان پێوەیە، هەروەها خوێن و هەندێكجار پارچەی لەشی مرۆڤی لەگەڵدایە، كاریگەریی زیاتری لە پاشماوەکانی دیكە لەسەر خاك و ئاو و هەوا بەجێدەهێڵێ.

وتەبێژەكەی دەستەی ژینگەی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی دەستەی ژینگە دەریانكردووە، پێویستە پاشماوە پزیشكیەكان پێش فڕێدانیان بە مادەی تایبەت پاكبكرێنەوە، ئینجا وەك پاشماوەیەكی ئاسایی فڕێبدرێن، هەندێكجاریش پاشماوە پزیشكیەكان ئەوەندە مەترسیدارن بۆ ژینگە، دەبێ راستەوخۆ بسوتێندرێن، ئەویش لە سوتێنەری تایبەت كە بۆ ئەو مەبەستە دروستكراوە. عەبدولرزاق خەیلانی ئەوەشی خستەڕوو: بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانە دەستەی ژینگە لە رێگای لیژنەكانیەوە لە ئاستی پارێزگاكان چاودێری نەخۆشخانە و یەكە تەندروستیەكان دەكات، ئەوەشی تاوەكو ئێستا دیارە نەخۆشخانە تایبەتەكان زیاتر لە حكومیەكان پابەندی رێنماییەكان دەبن و بەشێوەیەكی زانستی پاشماوەكانیان لە ناو دەبەن، لەگەڵ ئەوەش هێشتا كەموكوڕی لەو بوارەدا هەیە و دەبێت سەرجەم نەخۆشخانەکان زیاتر پابەندی رێنماییەكان بن.

لایەنی تەندروستی هاووڵاتیان رەچاو ناکرێت
هەرلەو بارەیەوە ئاوات حسامەدین لە رێكخراوی یەسنای تایبەت بە بواری ژینگە و مرۆڤدۆستی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك رێكخراوێكی تایبەتمەند بە ژینگە و بوارەكانی مرۆڤ دۆستی و ئاژەڵدۆستی، بەدواداچوونی وردمان لەسەر دیاردەی چۆنیەتی لەناوبردنی پاشماوە پزیشكیەكان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەماندا هەر لە نەخۆشخانەكانەوە تا شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، بۆمان دەركەوتووە كە بەشی زۆری ئەو پاشماوە پزیشكیانە بە شێوەیەكی زانستی فڕێنادرێن و لایەنی ژینگەیی و تەندروستی مرۆڤ رەچاونەكراوە. وتیشی: لەناوبردنی پاشماوە پزیشكیەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی كاریگەریی لەسەر ئاو ‌و خاك و هەوا هەیە، لە هەمانكاتدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی بۆ مرۆڤ بەتایبەتی شێرپەنجە، چونكە كەرەستە پزیشكیەكان و ئەو پاشماوانەی لە ئەنجامی نەشتەرگەریی و چارەسەریەكان دەمێنێتەوە، مەوادی كیمیایی تێدایە و ناكرێ تێكەڵ بە پاشماوە ئاساییەكان بكرێن. ئەوچالاكوانەی رێكخراوی ژینگەیی ئاماژەی بەوەشكرد: چەند هۆكارێك وایكردووە دیاردەی فڕێدانی پاشماوە پزیشكیەكان بە شێوەیەكی نازانستی زۆربێت بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە نەبوونی چاودێری لایەنی پەیوەندار، هەروەها نەبوونی هۆشیاری ئەوكارمەندانەی لەو بوارە كاردەكەن، ئینجا هەر لە كارمەندانی تەندروستی تا كارمەندی شارەوانی و كۆمپانیاكانی فڕێدانی پاشماوەكان، بۆیە پێویستە ئەو كارمەندانە لە رێگای كۆڕو سمینار و خولی تایبەت لەو بابەتە هۆشیاربكرێنەوە .

راشیگەیاند: هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان بۆمان دەركەوتوە لایەنی پەیوەندار رێنمایی پێویستی لەبارەی چۆنیەتی لەناوبردنی پاشماوەی نەخۆشخانەكان دەكردووە، سندوقی پێویست داندراوە بۆ ئەوەی پاشماوەكان لە یەكتر جیابكرێنەوە، بەڵام وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن، بەشێكی زۆر لەو نەخۆشخانە باس لە نەبوونی پێداویستەكانی جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانە دەکەن، وەك نەبوونی كارەبا و مەوادی كیمیایی و كەمی سوتێنەرەكان.

تەئكیدیشیکردەوە: بۆسەلماندنی هەموو ئەو پێشێلكاریانەی لەبواری پاشماوەی نەخۆشخانەكان باسی دەكەین، ئێمە بەڵگەی باوەڕپێكراومان هەیە، زۆرجار بە نهێنیی و بەئاشكرا وێنەی چالاكیەكانی بەشێک لە نەخۆشخانەكانمان تۆمارکردووە، كە چۆن پاشماوەکان تێكەڵ دەكرێن و بەشێوەیەكی نازاستی و دوور لە رێنماییەكان فڕێدەدرێن.

بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت
لەسەر هەمان بابەت عەباس مەحەمەد ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بەو دیاردەیە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەگوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی پێویستە سەرجەم پاشماوە پزیشكیەكان لەناو سوتێنەری تایبەت لەناو ببەن، بەڵام زۆر بەكەمی ئەو كارە جێبەجێ دەكرێ، بەڵكو ئەو پاشماوە پزیشكیانە تێكەڵ بە پاشماوەكانی دیكەی ماڵان دەكرێت و لە شوێنە گشتیەكان فڕێدەدرێ، تەنانەت دیاردەكە بە جۆرێكە پاشماوەی نەخۆشخانەكان بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەبەر دەرگا دەمێننەوەو مێشومەگەزی زۆری لێی كۆدەبێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هەندێك لەو نەخۆشخانانە نزیكن لە شوێنی دانیشتن. وتیشی: ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا بەدواداچوونمان لەسەر ئەو دیاردانە كردوە و لایەنی پەیوەندارمان لێ ئاگاداركردۆتەوە، زۆرجاریش لایەنی تەندروستی رێوشوێنی پێویستیان گرتۆتە بەر، بەڵام ناكرێ تەنیا لەكاتی بوونی سكاڵا لێپرسینەوە بكرێت، بەڵكو پێویستە بەردەوام بەدواداچوون و لێپرسینەوە بكرێت، بابەتەکە بەهەند وەربگرن، بەڵام بەداخەوە ئەو لێپرسینەوەیە وەكو پێویست نییە، بۆیە دیاردەی لەوجۆرە هەیە و بەردەوامە.
د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە كوردستانی نوێی رایگەیاند: ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی بە نووسراو داوامان لە سەرجەم نەخۆشخانە و یەكە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، پابەندی ئەو رێنماییانە بن، كە دەستەی ژینگە لەبارەی چۆنیەتی لەناوبردنی پاشماوە پزیشكیەكان دەرییانكردووە.

وتیشی: ئەوەی تاكو ئێستا بەدی دەكەین، زۆربەی نەخۆشخانە حكومی و تایبەتەكان پابەندی ئەو رێنماییانەن، بەتایبەتی ئێمە وەك وەزارەت لەكاتی تازەكردنەوەی مۆڵەتەكانی ئەو نەخۆشخانانە تەئكید لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بابەتە دەكەینەوە، بەهەمانشێوە دەبێ نەخۆشخانە حكومیەكانیش بەو جۆرە پابەندبن. بەپێچەوانەوە رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەریان دەگرینەبەر.

فڕێدانی پاشماوە تەندروستییەکان لە کاتێکدایە کە هاوشێوەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی ماڵان، کەلوپەل و پاشماوە تەندروستییەکانیش لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا فڕێ دەدرێن و رەچاوی لایەنی تەندروستی هاووڵاتیان ناکرێت.

 

 185 جار بینراوە