سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » یەكێتی تەئكید لە جێبەجێكردنی مادەی 140 دەكاتەوە

یەكێتی تەئكید لە جێبەجێكردنی مادەی 140 دەكاتەوە

ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتی:

یەكێتی لەگەڵ ئەوەدا نابێت و نییە رێكەوتنی سەرپێیی لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێكدا بكرێت و لە گفتوگۆكانیشماندا قسە لەسەر پرسە سەرەكییەكان دەكەین، نەك قسە و شەڕ لەسەر كورسی و پلە و پۆست

ئامادەکردنی بۆ کوردستانی نوێ : گۆران عوسمان قەرەداغی

ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی كوردسات نیوز، دید و بۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی سەبارەت بە ئامادەیی كورد و بەشداریی هێز و لایەنەكان لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا خستەڕوو و تەئكیدیكردەوە كە «پێویستە و دەبێت كورد بە یەك بەرنامە و بە پڕۆژەیەكی هاوبەش بچێتەوە بەغدا و لەگەڵ ئەو لایەنانەدا نزیكبین كە دێنە پێشەوە بۆ رێكەوتن لەسەر مافە رەواكانی میللەتەكەمان».

یەكێتی سەردانی لایەنەكان دەكات
لە سەرەتای قسەكانیدا، وتەبێژی یەكێتی قسەی لەسەر زەرورەتی یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: سەردانەكەی وەفدی باڵای پارتی بۆ لای یەكێتی، دەستپێشخەرییەكی باش بوو، بێگومان ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەبوو، وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا باسی یەكڕیزیی كوردمان كرد لە بەغدا، كە چی بكەین لە دوای راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هاوڕابووین كە بەیەكەوە بە یەك بەرنامە یەكڕیزبین لە بەغدا بەتایبەت كە لە قۆناغی ئێستادا یەكڕیزیی كورد زەرورەتێكە و دەبێت هەموو لایەك هەوڵبدەین ئەمجارە باشتر لە جارەكانی رابردوو لە بەغدا نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەی خۆمان بكەین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەك یەكێتی بەرنامەمان هەیە سەردانی لایەنەكان بكەین بۆ دانانی بەرنامەیەكی یەكگرتوو تایبەت بە چارەنووسی هەرێمەكەمان و میللەتەكەمان و مافەكانی خەڵكی كوردستان، ئەوەش بە دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتن و بە متمانە دەكرێت، دروستكردنی متمانەش لەنێوان لایەنەكان و هەروەها لەنێوان لایەنەكان و میللەتەكەماندا گرنگییەكە كە پێویستە زۆر بە جدی كاری لەسەر بكرێت.

یەكڕیزی و یەكگرتووییمان تاكە وەڵامە بۆ ئەو مەترسییانەی لەسەرمان دروستدەبێت
سەبارەت بە بەرنامەی یەكێتی بۆ داهاتوو، ئەمین بابەشێخ، ئاماژەی بەوەكرد كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە ئەگەر لایەنەكانی هەرێم بە بەرنامەیەكی یەكگرتوو بچین بۆ بەغدا زۆر شتمان پێ دەكرێت، دەتوانین زۆر هاوكێشە بگۆڕین، وەك یەكێتیش لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی گفتوگۆمان كردووە كە مامەڵە لەگەڵ لایەنەكان ناكەین لەسەر ژمارەی كورسی، بەڵكو مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانەش دەكەین كە كورسییان نییە و رەئیان وەردەگرین و وادەكەین بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداربن لەگەڵماندا، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە ئەمە چارەنووسی هەرێمی كوردستان و میللەتی كوردە، بارودۆخی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی بەشێوەیەكە هیچ پێكهاتەیەكی سەرەكیی وڵات ناتوانێت بەبێ كورد هەنگاوبنێت، ئێمەش وەك كورد بۆ دۆخی ئێستا كارێك دەكەین جیاواز لە رابردوو، بەوردی چاودێریی پێشهات و رووداوەكان دەكەین ئەوەی لە بەغداو ناوچەكەدا روودەدات بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە میللەتەكەمان و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت لە هەموو رووەكانەوە لە پرسی قەوارەی هەرێم، مافەكانی میللەتەكەمان و دەستوور و زۆر پرسی دیكە، وەك یەكێتیش پێمانوایە كە یەكڕیزی و یەكگرتووییمان تاكە وەڵامە بۆ ئەو مەترسییانەی لەسەرمان دروستدەبێت.

دید و بۆچوونی یەكێتی بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ هێز و لایەنەكاندا
لەبارەی دید و بۆچوونی یەكێتی بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ هێز و لایەنەكان لە ئاستی عیراقدا، ئەوەی خستەڕوو كە یەكێتی بڕیاریداوە لەو بارەیەوە پەلە نەكات، پێمان باشە لە قۆناغی ئێستادا لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی هەرێمی كوردستان راوێژبكەین و بڕیاربدەین، ئەوكاتە بچینە بەغدا، بڕیاریشمانداوە پەلە نەكەین لە رێكەوتن لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێكدا و زۆر بەوردی چاودێریی بارودۆخی رووداوەكانی بەغدا دەكەین، تا بزانین چ لایەنێك لەگەڵ كورددایە و دێتە پێشەوە لە كورد، وەك یەكێتیش لەگەڵ ئەوەدا نابین و نین رێكەوتنی سەرپێیی بكرێت لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێكدا، ئەمجارە پێمانباشە لە گفتوگۆكانماندا قسە لەسەر پرسە سەرەكییەكان بكرێت، نەك قسە و شەڕ لەسەر كورسی و پلە و پۆست و وتیشی: ئێمە پێمانباشە وەكو كورد، وەكو یەكێتی بۆ ئەمجارە هەموو هەوڵێك دەدەین باسی چەند شتێكی سەرەكی دەكەین، لە نموونەی جێبەجێكردنی مادەی 140 و چارەسەركردنی كێشەكان و گەڕانەوەی سەقامگیری، جێبەجێكردنی یاسای نەوت و غاز بە سوودی هاووڵاتیان، یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە هەیە، بە بڕوای ئێمە وەك یەكێتی ئەمانە پرسی سەرەكی و گرنگن، بۆیە دەبێت و پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و كوردستانییەكان بە یەك بەرنامە و بە پڕۆژەیەكی هاوبەش كە ئەم خاڵە سەرەكیانەی تێدابێت، بچینەوە بەغدا و لەگەڵ ئەو لایەنانەدا نزیكبین كە دێنە پێشەوە بۆ رێكەوتن لەسەر مافە رەواكانی میللەتەكەمان، دڵنیاشم خەڵكی كوردستان هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.

 159 جار بینراوە