سەرەکی » راپۆرت » بۆچی گەنجان نیشتمان جێدە‌هێڵن؟

بۆچی گەنجان نیشتمان جێدە‌هێڵن؟

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد 

ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە هەزاران گەنج کۆچدەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێک لەو گەنجانەش لە رێگا نایاساییەکاندا دەبنە قوربانی.
لە راپرسییەکی کوردستنی نوێ-دا سەبارەت بە هۆکاری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، بەشداربووان پێیان وایە، بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان لە کەرتی تایبەت و حکومەتدا هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها بەشێک لەبەشداربووان پێیان وابووە، سوود وەرنەگرتن لە توانای گەنجان و بەشداری پێنەکردنی گەنجان لە کایەی سیاسیدا بەشێکی دیکەن لە هۆکاری کۆچی گەنجان.
گەنج هێز و دەستی کار و داهاتووی وڵاتێکە، دامودەزگاكانی دەوڵەت ئەرکی پێگەیاندنی گەنجی دەکەوێتە ئەستۆ. ئەگەر گەنج دروست پەروەردە بکرێت تاکێکی بەرهەمداری لێ پەیدا دەبێت کە هاندەرێکی باشە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە، بە پێچەوانەشەوە قەیرانی مرۆیی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە و كۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا تووشی دڵەڕاوكێ و راكردن لە دەسەڵات دەكات.
كۆچكردن یەكێكە لەو دەروازانەی گەنج هەوڵی بۆ دەدات بۆ هەڵهاتن لە ژینگەکەی خۆی، دوای بێ هیوابوونی بەرەو ئەوروپا كۆچ دەكات.
كۆچی گەنجان دوو رووی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئەرێنیە لەو رووەوەی ژیانێکی باشتر بۆ خۆی ئامادەبکات و خۆی پێ بگەیەنێت، نەرینیە لەو رووەوەی وڵات تووشی قەیرانە جیاوازەکان دەکات و دەستی كاری گەنجان کەمدەکات هەروەک گەنجیش خۆی دەكەوێتە قەیرانێكی ژینگەییەوە لە چوارچێوەی گۆڕانكاری لە شارستانیەت، كەلتوور، دابونەریت، زمان، باری رۆشنبیری، خواردن، كەلتووری و جلوبەرگ، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.

قەیرانەكان هۆكاری كۆچكردنن
ئەحمەد عەلی گەنجێكی تەمەن 20 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی باورتخانەی شاری كەركوكە، لەسەر كۆچكردنی گەنجان بەرەو ئەوروپا بۆ كوردستانی نوێ وتی: دوا رۆژم نادیارە، ئایا ئەگەر زانكۆ تەواو بكەم حکومەت دامدەمەزرێنێت؟ ئایا كارم دەستدەكەوێت؟ تاوەكو بتوانم بژیم و ژنبهێنم؟، بۆیە كۆچ باشترین رێگەیە بۆ خۆدەربازکردن لەم قەیرانانە.

نەبوونی ستراتیژی درێژخایەن
رێبین ئەحمەد، گەنجێكی تەمەن 32 ساڵە و تا ئێستا ژنی نەهێناوە لەسەر كۆچكردن وتی: دەوڵەت هیچ بەرنامە و ستراتیژێكی درێژخایەنی نییە تا بتوانێت ژیانی ئێمەی گەنج فەراهەم بکات، هەمیشە لە قەیرانداین.

هێزی كار پێویستی كۆمەڵگەیە

لەگەڵ چارەسەربوونی گرفتە داراییەكان دۆزینەوەی هەلی كار و بۆ گەنجان و پێدانی پێشینەی هاوسەگیری و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێ‌ بوون هاندەرو هۆكارێكی باشە بۆ چارەسەربوونی گرفتەكانی گەنجان و كەمكردنەوەی رێژەیی كۆچكردن، لەو بارەیەوە ئەلەند شاسوار، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵە لەسەر كۆچی گەنجان بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: ئێمەی گەنج لە كۆمەڵگە پێویستمان بە قەرزی گەورە و بچووك هەیە تا بتوانین كاربكەین و كۆمەڵگە بەرەوپێشببەین، چونكە بە هێزی كاری گەنجان وڵات گەشەدەسێنیت.
كۆچی ئەمجارەی هاووڵاتیان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی دیوێكی خۆماڵییەو پەیوەندی بە وڵات ونیشتمان و هەرێمی ناوەوەوی خۆمان هەیە، دیوەكەی تری نێودەوڵەتییە كە لێشاوێكی بەرفراوانی كۆچكردن لە وڵاتانی پڕ قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بووە.

كۆچی گەنجان بە چاك و خراپ دەكەوێتەوە

هێمن كامل، خاوەنی ماستەر لە بواری كۆمەڵایەتی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كۆچ بە درێژایی مرۆڤایەتی هەبووە و هەیە، ئەویش بۆ باشتركردنی باری گوزەران و ژیان و بۆ گەشت و گەڕان یان هەڵهاتن بووە بۆ رزگاربوون ئاستەنگەكانی ژیان.
وتیشی: گەنج كە ژینگەیەك جێدەهێڵێت و دەڕوات بۆ ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی دیكە، یان جیاوازتر لە ژینگەكەی خۆی، زۆرجار تووشی نامۆبوون دەبێت بەهۆی گۆڕانی ژینگەكەیەوە، بەتایبەتی ئەگەر كەلتوورێكی جیاوازتری هەبێت، كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی خۆت بگونجێنێت لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیە.
کۆچی گەنجان بە چاك یان بە خراپ کاریگەری لەسەر خودی خۆشیان هەیە و هەندێك جاریش كۆمەڵێك بەهای باشی خۆیان لەو ژینگە تازەیە لە دەست دەدەن بەتایبەتی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و كەلتووریی و ئاینی.
باسی لەوەشكرد، كۆچی گەنجان دەوڵەت تووشی قەیران دەكات، گەنجان داینەمۆی كۆمەڵگەن بۆ بەرەوپێشچوونی، کۆچی گەنجان دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هێزی كار، هێزی بەرگریکار لە كۆمەڵگە، دەبێتە هۆی قەیرانی پرۆسەی ژنهێنان و شووکردن لە نێوان كوڕان و كچان و رێژەی قەیرەیی زیاد دەكات.
ماوەیەکە کۆچکردنی بە کۆمەڵی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، بابەتی گەرمی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەمە لە کاتێکدا دیاردەی کۆچکردن رەهەندێکی نێودەوڵەتی هەیە و بە تەنها لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام پێمان وایە ئەم دیاردەیە دەرەئەنجامی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردووە، بەتایبەتیش دانەمەزراندن و نەڕەخسانی هەلی کار، سەرباری باری دارایی هاووڵاتیان، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوەی لە توانایدایە بیکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی گەنجان. چونکە گەنجان لە ئێستا و رابردوودا، داینەمۆی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و جۆش و خرۆشی سەرکەوتنەکان بوون، گرنگە ئێستاش بە هەمان گیانی بەرزی نەتەوەییەوە رووبەڕووی ئەم بارودۆخە ببنەوە و خۆیان نەدەنە دەست قەدەرێکی نادیار.

 111 جار بینراوە