سەرەکی » دۆسێ » كاندیدەكانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو

كاندیدەكانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو

پێدەچێت تەنگژەی ئەم دواییەی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فراكسیۆنە سیاسییە دۆڕاوەكان لە هەڵبژاردن كە میلیشیاكانیان لەگەڵدایە، ئاماژە بێت بۆ خاڵێكی جەوهەریی كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، قورسە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بەپێی سیستمی زۆرینە دیاریی بكرێت.

پرۆسەی سیاسی لە دوای ساڵی 2003 لەسەر پرەنسیپی تەوافوق و شەراكەت لە كاندیدكردنی سەرۆكەكانی پێشووی حكومەتدا دروستبووە، واقیعیش تەئكید لەسەر كاركردن بەو پرەنسیپە دەكاتەوە، چونكە پرسی زۆرینە واپێدەچێت دووربێت لە واقیع، بە تایبەت لەگەڵ دەستبەرنەدانی لایەنە سیاسییەكان لە دەستكەوتەكانی پێشوویان.

كۆبوونەوەەی هێوركردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر
لەم ماوەیەی دواییدا لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كۆبوونەوەیەك سازكرا و تێیدا داوای هێوربوونەوە و دووركەوتنەوە لە ئاڵۆزی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی یاسایی كرا بۆ كێشەی ئاكامەكانی هەڵبژاردن.

لە سۆنگەی رووداوەكانی ئەم دواییەش، لەژێر مێزە سیاسییەكانەوە كۆمەڵێك ناو پێشنیازكران وەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی وەزیران.

كاندیدە دیارەکان
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان دەڵێن، رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، كۆمەڵێك كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت پێشنیازكردووە كە بریتین لە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، حەمید ئەلغزی ئەمینداری گشتی ئێستای ئەنجومەنی وەزیران، جەعفەر سەدر باڵیۆزی عیراق لە لەندەن، لیژنەی هاوئاهەنگیش لەگەڵ دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی كۆمەڵێك ناوی ترییان پێشنیازكردووە، چەند ناوێكی تر وەك كاندید گەر رێكەوتن لەسەر ئەوانی تر نەكرا خراونەتەڕوو كە لە عەبدلحسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی پێشووتر، و محەمەد شیاع سودانی وەزیری كارروباری كۆمەڵایەتی پێشووتر پێكهاتوون.

پەیامێك لەنێوان سەدرییەكان و لیژنەی هاوئاهەنگیدا
سەرچاوەكان بۆ ماڵپەڕی (المسری) دەڵێن»رەوتی سەدر پەیامێكی بە فراكسیۆنەكانی لیژنەی هاوئاهەنگی گەیاندووە كە رێگە ناگرێت لە كاندیدێكی دەرەوەی رەوتی سەدر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەمەرجێك كاندیدێكی پەسەندكراوبێت لای سەدرییەكان».

ناوەندە سیاسییەكان ناوی حەیدەر عەبادی وەك كاندیدێك كە رێكەوتنی لەسەرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران باس دەكەن و لەلایەن سەدرییەكان و فراكسیۆنەكانی لیژنەی هاوئاهەنگیش بە كەسێتییەكی پەسەندكراو دادەنرێت، بە هەمان شێوە لەلایەن ئەمریكا و ئێرانیشەوە ڤیتۆی لەسەر نییە.

كاندیدی زۆرینە بەڵام !
باسل حسێن توێژەری سیاسی پێیوایە، سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەبێت شارەزا و لێزان بێت و لایەنێك پشتیوانی لێبكات.

ئەو توێژە سیاسییە بە (المسری)ی راگەیاند»كاندید بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەبێت لەلایەن زۆرینەوە پشتیوانی لێبكرێت، نەك لەڕێی تەوافوقەوە، چونكە رێی تێدەچێت رووبەڕووی گێچەڵپێكردن ببێتەوە».

دەركەوتووترین ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، ئایا سەرۆك وەزیرانی داهاتوو توانای ئەوەی دەبێت عیراق لەم رەوشە ئاڵۆزەی ئێستا كە پڕە لە تەنگژەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری، دەربهێنێت؟.

هەڕەشەی بایكۆتكردن
لەلایەكی ترەوە سەركردەیەك لە هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و بە هێزێكی گەورە لەنێو گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا دادەنرێت، ئاماژە بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی دەكات لەلایەن هاوپەیمانییەكە و رایدەگەیەنێت، ئەو ڕێگەچارەیە بەشێوەیەكی راستەقینە لەنێو فەتحدا پێشنیاركراوە.

فالح خەزعەلی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە»بەشداریی نەكردن و بایكۆتكردنی حكومەتی داهاتوو كە لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانییەكەوە باسكرا، بەشێوەیەكی راستەقینە پێشنیاركراوە وئامرازێكیش نییە بۆ دروستكردنی گوشاری سیاسی».

بە وتەی خەزعەلی»هەموو رێگەچارەكان بۆ قۆناغی داهاتوو خراونەتەڕوو، دەكرێت كاروبارەكان روو لە شەراكەت و تەوافوق بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت، چونكە كورد لەنێو خۆیاندا بۆ قۆناغی سیاسی داهاتوو رێكەوتوون، لەنێوان سوننەكانیش رێكەوتن هەیە، ئەوەی ماوەتەوە نێو ماڵی شیعەیە كە لەسەر شایستەی هەڵبژاردن و ئەو ساختەكارییەی رویدا لەنێو خۆیاندا ناكۆكن».

سەبارەت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تەواوەتی، ئەو سەركردەیەی فەتح دەڵێت»زۆر قورسە هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، بەو هۆیەی رەوشی وڵات لەهەموو رووەكانەوە لەبار نییە بۆ دووبارەكردنەوەی پرۆسەكە».

هاوپەیمانی فەتح، چەتری سیاسی گروپە چەكدارە شیعەكانە لەوانە، (عەسائیب ئەهلی حەق و كەتیبەكانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا)، بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردنیش كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكرانەوە، فەتح بە بەدەستهێنانی 16 كورسی دۆڕاوی سەرەكی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 2018دا، 48 كورسی پەرلەمانی دەستەبەركرد و لە دوای سەدرییەكان دووەم براوەی هەڵبژاندنەكە بوو.

پێشتر سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیی عیراقی بە تەواوی دەكات، ئەگەر تانەكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەی راستەقینە و جددی چارەسەر نەكرێن.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 11ی تشرینی دووەمی 2021، لەلایەن نوسینگەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بڵاوكرایەوە، هادی عامری لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە توندی دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئیدانەكردووە.

هادی عامری لە كۆبوونەوەكەدا ڕەتیكردۆتەوە سەپاندنی ئیرادە قبوڵ بكەن و «ڕەنگە پەنا ببەن بۆ بایكۆتكردنی تەواوی پرۆسەی سیاسی، ئەگەر بەشێوەیەكی راستەقینە و جددی تانەكان لە ئاكامی هەڵبژاردن چارەسەر نەكرێن».

بە وتەی عامری وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە»جینین هێنیس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆنترۆڵی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە و رۆڵی نەرێنی و دەستێوەردانی هەبووە لە دەرەوەی مەودای كاركردنی».

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پێیوایە»شپرزەیی لە كارەكانی كۆمیسیۆن هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا، هەرچەندە كۆمیسیۆن بەر لە هەڵبژاردن بەڵێنیدابوو چەندانن ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دڵنیاكردنەوەی هێزە سیاسییەكان لە ساختەنەكردن لە ئاكامەكان، بەڵام پابەندنەبوو بە هیچ كام لە بەڵێنەكانی».

لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

https://almasra.iq

 126 جار بینراوە