سەرەکی » وتار » ڤینۆس فایەق » نۆ شێوەی تری قڕکردنی میللەت

پەشمەک

نۆ شێوەی تری قڕکردنی میللەت

ئێمەی کورد کە بە قارەمانێتی و خۆڕاگڕیی و بەجەرگی بەناوبانگین، راپەڕینمان کرد و خاکمان لەدەستی داگیرکەر سەند و شەپۆلی کۆچکردنی خەڵک دەستیپێکرد و بەجێمانهێشت. ئەرێ ئێمە بۆچی کە چل ساڵی رەبەق لە دەسەڵاتی حزبی بەعس (1963- 2003) بەرگەمانگرت، لە زیندانی، لە سێدارەدان و قەدەغەکردنی زمانەکەمان و کتێب و بەرهەمە رۆشنبیرییەکانمان و شێواندنی بواری کەلتوریی و شەهیدکردنی هەزاران رۆڵەمان لە شەڕی عیراق-ئێران و لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە داپڵۆسێنەرەکانی بەعسدا و تەنانەت لەناو ریزەکانی چالاکییە نهێنییەکانی ناو شار، هەر دانمان بەخۆمانداگرت و نەڕۆشتین. ئێمە کە دەسەڵاتی بەعس بۆ هەرەسپێهێنانی یەکڕیزیی نەتەوەییمان بە هەزاران جاش و خەفیفەی رژاندە ناومانەوە و سەدانی تری لە شارەکاندا بە سیخوڕ بەسەر دراوسێ و هاوڕێ و هاوپیشەکانیانەوە بە کرێ گرت. کەچی ئێمە هەر کۆڵمان نەدا و سەنگەرمان بەرنەدا و لە زێدی خۆمان رامان نەکرد، بەڵام هەر کە راپەڕینەکە بوو و ئاڵاکەمان لەسەر ساختمان و دامودەزگاکان هەڵدا، کەچی کۆچکردن بووە خولیا و خەوی شەو و رۆژمان. سەدام (1979-2003) کە بە ئاگر و ئاسن حوکمی کوردستانی دەکرد و نەک تەنها پێشمەرگە و ئەندامە باڵاکانی حزبە کوردستانییەکان، بەڵکو چەندین چالاکوان و ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند … هتد بە دڕندەترین شێوە لەناوبرد، کەچی ئێمە هەر دانمان بەخۆماندا دەگرت و بیرمان لە رۆیشتن و کۆچکردن نەدەکردەوە بۆچی؟ چونکە ناسنامەیەک، زمانێک، پرسێکی نەتەوەییمان هەبوو خەباتمان بۆ دەکرد، بڕۆشتینایە شەرمەزاری خۆمان و مێژوو و خوێنی شەهیدان دەبووین، پرەنسیپمان هەبوو داکۆکیمان لێدەکرد. ئەو کاتە هیوایەکمان بە داهاتوو هەبوو، دوژمنەکەمان لە دەرەوەی خۆمان بوو، هێشتا راپەڕین نەکرابوو، هێشتا نەماندەزانی یانی چی راپەڕین بکەی؟ نەماندەزانی ئەو حزبانە گەر دەسەڵات بگرنە دەست چۆن برینەکانی نیشتمان ساڕێژ دەکەن؟ چۆن خزمەتی نیشتمانێکی کاول لە هەموو رووەکانەوە دەکەن. سەدام دوژمنمان بوو، ستراتیژێکی بۆ قاتوقڕی هەبوو بە بانگی ئاشکرا رایدەگەیاند و لەناوی دەبردین و دەشمانزانی بۆچی و لە پێناوی چیدا دەمرین؟ بەڵام ئێستا هەمان ئەو حزبانەن حوکم دەکەن کە راپەڕینەمان بۆ کردن! ئەی پێی ناڵێن «راپەڕینە جەماوەرییەکە»؟ هێناماننەوە، خێر و بێری وڵاتمان دایە دەستیان، حكومەتیان راگەیاند، پەرلەمانیشیان بۆ دروست کردین. کەچی ئەو مووچەیەی کە سەدام بۆ یەک مانگیش نەیبڕی، ئەو ئاو و کارەبایەی هەرگیز نەبڕان مەگەر لەکاتی بۆردومانەکانی ئێراندا، ئەمان بۆ ئەبەد هەموویان بڕی، ئەو هەلی کارانەی بە قانوون و بەبێ مەحسووبیەت دەستەبەرکرابوون ئێستا کوان کە ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆکان بەسەر جادەکانەوە ئەسووڕێنەوە. ئەو ئازوقەیەی کە سەدام بۆ یەک رۆژیش لێی نەبڕین ئەمان هەموویان بەو ژەهرە گۆڕییەوە کە لە وڵاتانی دراوسێوە بۆمان دێت و ژیان و جەستە و تەندروستیمانی کاولکردووە. ژمارەی کۆچبەرەکانی ئەو دەم و ئێستا بەراورد بکەین خەجاڵەت دەبین.. ئێ دەزانم سەرەتای راپەڕین و بەتایبەت 93 کە هێزەکانی ئەمریکا بەناوی کارمەندانی ئێن جی ئۆوە هەزاران کەسی بردە دەرەوە، وەختێک هێزەکانی بەعس پەلاماری سلێمانی و دەوروبەری دایەوە. وڵاتانی ئەوروپاش بە ستراتیژ دەرگای بۆ پەنابەران واڵاکرد، ئەی دوای ئەوە رێکنەکەوتنەوە و حکومەت دروست نەکرا؟ بەپێی سەردەم و قۆناغ و دۆخەکان، کۆچکردن پێناسەکەی دەگۆڕدرێ، کەم کەمەکەی جاران لەدەست قاتوقڕی بەعس بوو، بەلێشاو کۆچکردنی ئێستاش لەدەست داخرانی دەرگاکانی ژیانێکی سەربەرزانە و شایستە بە ئادەمیزادە، ئەو ژمارە زۆر کەمەی سەردەمی بەعس دەڕۆشتن پرسی میللەتێکیان لە کۆڵ نابوو، ئێستا کە دەڕۆن میللەتەکە و پرسەکەش فڕێ دەدەن. خۆ ئەگەر قڕکردن دە شێوەی هەبێت بۆ ئەوەی میللەتێکی پێ لەناوبەری، ئەوەی بەعس کردی تەنها یەک شێوەی بوو، ئەوەی ئێستا روودەدات نۆ شێوەکەی تریەتی.

 253 جار بینراوە