سەرەکی » وتار » خۆپیشاندان، رێگەی دروستی وەرگرتنەوەی مافەكان

خۆپیشاندان، رێگەی دروستی وەرگرتنەوەی مافەكان

سۆزان حەمەتاتە ‎

خۆپیشاندان كاردانەوەیە بەرامبەر واقیعێكی ناجۆر كە تێیدا نادادپەروەریی هەیە، نادادپەروەری لە یەكسانی سەروەت و سامانی وڵات، نەڕەخساندنی هەلی كار و دامەزراندن و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاریی و دەیان هۆكاری تر، لە ئەنجامدا هەموو ئەو هۆكارانە یەكدەگرن و هاووڵاتییان دێنە سەرشەقام. ‎لە هەرێمی كوردستاندا هەموو پاڵنەر و هۆكارەكان بۆ خۆپیشاندان هەیە، بەشێوەیەكی گشتی سیستمی سیاسی هەرێم سەركەوتوو نەبووە لە دروستكردنی حوكمڕانییەكی باش و خزمەتگوزار كە لە سایەیدا هاووڵاتییەكانی ئارام و خۆشگوزەران بن و لە بری خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵات، خۆپیشاندانی پشتیوانیان بۆ سەركەوتنەكانی بكردایە. ‎

خوێندكارانی زانكۆ كە خۆپیشاندان دەكەن داوای زۆر و بۆریان نییە، بەڵكو داوای پێدانەوەی دەرماڵە راگیراوەكەیان دەكەن كە مافی خۆیانە، بگرە زۆر لەوە زیاتریش مافی خۆیانە، پشتكردنە داواكەشیان كاریگەریی نەرێنی بۆسەر سیستمی سیاسی و دۆخی حوكمڕانی و ژیانی هاووڵاتییان دەبێت و سلێمانی و كوردستان نا ئارام دەكات. ‎

ئەزموونی خۆپیشاندانی خوێندكارانی فەرەنسا لە ساڵی 1968 دوور نییە و باشترە پەندی لێ وەربگیرێت، ئەوانیش داوای سەرەتاییان هەبوو كاتێك 500 خوێندكار خۆپیشاندانیان لەناو حەرەمی زانكۆدا لە پاریس كرد، بەڵام كاتێك بڕیاری دەستگیركردنیان درا، دۆخەكە شێوا و خۆپیشاندانی سەرتاسەریی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرئەنجام سیستمی سیاسی فەرەنسای بەتەواوەتی گۆڕی. ‎

هەرێمی كوردستان مەترسی زۆر گەورەی لەسەرە، وڵاتانی ئیقلیمی و داعش و زۆر هێز و لایەنی تریش، لە دۆخی وادا پێویستی بەوە هەیە هاووڵاتییەكانی پشتیوانی بن و لە پێناو خاكەكەیاندا خۆیان بكەنە قوربانی، بەڵام كاتێك جیاوازییەكان و نادادییەكان و بێكاری زۆر دەبینی، كاتێك گەنجێك هەست بەوە دەكات بێڕێزی پێدەکرێت و مافەکانی زەوت دەکرێت، ئیتر بەدوای دۆزینەوەی رێگەی تردا دەگەڕێت كە بەهۆیەوە مافەكانی بەدەستبهێنێت. ‎

خۆپیشاندان و گوشار دروستكردن لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری رێگەیەكی باشە بۆ گەیشتن بە مافەكان، بەو مەرجەی ئەجێندای سیاسی تێكەڵ نەبێت و بە دەست و رۆڵی جیاواز ئاراستەكەی نەگۆڕێت كە لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەكانیش قوربانی هەبێت.

خۆپیشاندانەكانی ئێستای كوردستان وەڵامدانەوەیەكی سادە و خێرای دەوێت، جێبەجێكردنی داواكاریی خوێندكاران كارێكی قورس نییە و حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە وەڵامی كردارییان بداتەوە، باشترە دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێ و ئەو گرێیەی بەدەست دەكرێتەوە وای لێنەكەن پێویستی بەوە بێت بە دەست و دەم بكرێتەوە.

 163 جار بینراوە