سەرەکی » هەمەڕەنگ » کۆڕی ناساندنی کتێبی ״شوێنکاری بێترس״ بەڕێوەچوو

ساڵۆنی کوردستانی نوێ

کۆڕی ناساندنی کتێبی ״شوێنکاری بێترس״ بەڕێوەچوو

لەبەردەوامی کۆڕەکانیدا پاشنیوەڕۆی دوێنێ 1/12/2021 ساڵۆنی کوردستانی نوێ کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی «شوێنکاری بێترس» بۆ نووسەر و مامۆستای زانکۆ «د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز» رێکخست.

لە کۆڕەکەدا نووسەری کتێبەکە بە شێوەیەکی گشتی باسی لە ناوەڕۆکی کتێبەکە کرد و کە پەیوەست بوو بە هەڵسەنگاندن و بەراوردێکی زانستییانە سەبارەت بە شێوازی ئیدارەدان لەلایەن بەڕێوەبەر و ئاستی رابەرایەتیکردنی دامەزراوەکان و کاریگەریی لەسەر لایەنی دەروونیی کارمەند و فەرمانبەر لە دامەزراوەکاندا.

نووسەری کتێبەکە ئەوەشی روونکردەوە کە ئەو نموونە و چیرۆک و سامپڵانەی لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێکردوون، پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت خۆرهەڵاتیشەوە نییە بەو پێیەی سەرچاوەکانی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگیراون و پەیوەستن بە کۆمەڵگەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کیشوەری ئەوروپاوە، بەڵام رایگەیاند: کە وروژاندنی ئەو بابەتە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ئەو گرفت کێشانەی کە پەیوەستن بە سەلامەتیی دەروونی و خاکیبوون و خۆشەویستی و ئیشقی دایکانە و هاوەڵیکردن و مەعنەویبوون لە پرۆسەی رابەرایەتیکردندا کە چ وەک توێژینەوەی خۆی لەسەر کێشە و کەموکووڕیی لایەنی کارگێڕی لەلای خۆمان و چ ئەوەی لە بواری پراکتیکیی رۆژانەدا خۆی لە کایەی کارگێڕیدا پیادەی کردووە.

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا لەلایەن ئامادەبووانی کۆڕەکەوە چەند پرسیار و سەرنجێک خرایەڕوو و د.رزگار-یش بە وردیی وەڵامی پرسیار و سەرنجەکانی دایەوە و روونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد.

 168 جار بینراوە