سەرەکی » مانشێت » ئازیزم… (الوطن) كوردستان نییه‌!

ئازیزم… (الوطن) كوردستان نییه‌!

ئازاد توفیق

سێ هێزی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ یه‌كێكیان ئیسلامیی ‌و ئه‌ویتریان بێ ناسنامه‌‌و ئه‌مه‌ی دواییشیان كه‌ خۆی به‌هێزێكی لیبراڵ ده‌زانێ، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق لیستێكی هاوبه‌شیان له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌ناوی (الوطن) پێكهێناوه‌. كه‌ به‌لای منه‌وه‌ (الوطن) مه‌به‌ستیان له‌ (العراق) ی عه‌ره‌بیه‌ ‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌سه‌ر (وه‌ته‌ن) ی كوردستان ‌و كێشه‌‌و پرسی گه‌لی كورد، وه‌ك گه‌لێكی بنده‌ست له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا نیه‌. ئه‌و ناوه‌شیان به‌ ئه‌نقه‌ست ‌و بۆ ئامانجێكی دیاریكراو هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ ئه‌ویش ته‌نها موغازه‌له‌ی برایانی (عه‌ره‌بی چاو ڕه‌ش)ه‌ به‌ شیعه‌ ‌و سونه‌وه‌ و هیچی دی. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر بۆیان كرا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بتوانن به‌ هاوكاری و ده‌ست له‌ پشتدانی ئه‌وان، به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی هێزه‌ كوردستانیه‌كانی وه‌ك (یه‌كێتی ‌و پارتی ‌و یه‌كگرتوو) ده‌ربكێشن ‌و خۆیان ببنه‌ نماینده‌ی به‌شێ له‌و (الوطن)ه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان!؟
جا بۆ ئه‌وه‌ی (الوطن) ی ئه‌و ئازیزانه‌ له‌ (وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی مێژووی سیاسی ‌و ئه‌ده‌بی كوردی لای منه‌وه‌ران ‌و تێكۆشه‌ران و شاعیرانی كورد جیا بكه‌ینه‌وه‌ ‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خوێنه‌ری خۆشه‌ویست بڵێن (الوطن)ی ئه‌و حیزب ‌و بزوتنه‌وه‌ ‌و قه‌واره‌یه‌ (شمال ‌و وسگ ‌و جنوب) ی عێراقه‌، نه‌ك كوردستان ‌و هه‌رێم. (الوطن) الوطنی‌ عه‌بادی ‌و مالیكی ‌و جه‌عفه‌ری ‌و نوجه‌یفی ‌و موتله‌گه‌، نه‌ك (وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود ‌و بارزانی ‌و قازی ‌و تاڵه‌بانی. (الوطن) الوطنی‌ ئه‌و برایانه‌یه‌، كه‌ تبعیس ‌و ترحیل ‌و تهجیر ‌و ئه‌نفال ‌و كیمیابارانیان كردین، نه‌ك (وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی كوردستانی زنجیركراو ‌و مه‌فتون ‌و په‌رێشانی نێو هۆنراوه‌ و قه‌سیده‌ی كوردی. چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ شیعری شاعیرانی نیشتمانپه‌روه‌ر و ( وه‌ته‌ن) دۆستی ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ری گه‌له‌كه‌مان ده‌هێنینه‌وه‌، تا بزانرێ (وه‌ته‌ن) ی ئه‌و شاعیرانه‌ له‌ دوێنێدا، هێنده‌ی نێوان زه‌وی ‌و ئاسمان له‌ (الوطن) ی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ له‌ئه‌مڕۆدا دووره‌.
چونكه‌ (وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د موختار ‌و گۆرانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیاباران…(وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی بێكه‌سی قه‌تڵ ‌و عامه‌كه‌ی زه‌عیم سدیقی سلێمانی…(وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی قانعی شاره‌زوری سوتێنراو…(وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی سه‌لامی عازه‌بانی ته‌خت كراو…(وه‌ته‌ن)ه‌كه‌ی هێمن ‌و هه‌ژاری له‌ (وه‌ته‌ن) ده‌ربه‌ده‌ر كراو، زۆر جیایه‌ له‌م (الوطن)ه‌ی هاوپه‌یمانی. ئاخر ئه‌زیزان، ئه‌وه‌ی شاعیران، خۆرسكه‌ و خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیون. به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێوه‌ دروست كراوه‌ و لێی نوسراوه‌ made in iraq. ئه‌وه‌ی ئه‌وان قورسه‌ و ره‌گ و مێژووی له‌ خاكدایه‌، ئه‌مه‌ی ئێوه‌ سووكه‌ و وه‌ك تاڵه‌ پووشێك به‌ حه‌واوه‌یه‌!

سه‌یری كه‌ن خه‌ڵقینه‌ توخوا حاڵه‌تی زاری (وه‌ته‌ن)
چه‌ند په‌رێشانه‌ له‌به‌ر غه‌فڵه‌ت هه‌موو كاری (وه‌ته‌ن)
ئه‌حمه‌د موختار

هه‌زار ‌و نۆسه‌د ‌و سی بوو شه‌شی ئه‌یلول كه‌ رۆژ هه‌ڵهات
غریوی ویستی حه‌ق كه‌وته‌ ناو شاری سلێمانی
هه‌ڵۆبه‌گ ئه‌و جوانه‌ی پڕ دڵی بوو بۆ (وه‌ته‌ن) ئاوات
له‌پێش جه‌معێكه‌وه‌ تا به‌ر سه‌را رووی هه‌ڵمه‌تی هانی
گۆران

سه‌یری ئه‌حواڵی (وه‌ته‌ن) كه‌ن چۆن زه‌بون ‌و مردووه‌
سه‌یری كاری دوژمنان كه‌ن چی به‌حاڵی كردووه‌
دڵدار

ئه‌ی (وه‌ته‌ن) مه‌فتونی تۆم ‌و شێوه‌تم بیركه‌وته‌وه‌
وه‌ختی به‌ندی ‌و ئه‌ساره‌ت پێ به‌ته‌ق ‌و كۆته‌وه‌
بێكه‌س
هه‌سته‌ له‌ خه‌و ئه‌ی لاوی كورد
تێبكۆشه‌ به‌ ده‌ست ‌و برد
هاوار ئه‌كا دایكی (وه‌ته‌ن)
وا گیان ئه‌دا پیایدا بگه‌ن
شێخ سه‌لام

دڵپاكی له‌گه‌ڵ هه‌م (وه‌ته‌ن)ت لازمه‌ كورده‌
حوبی (وه‌ته‌ن)ت روكنه‌ له‌ ئه‌ركانی عیبادات
قانع كه‌ تۆ بۆ دایكی (وه‌ته‌ن) خزمه‌تێ ناكه‌ی
راستۆ به‌ بڕۆ مزگه‌وت ده‌سكه‌ به‌ موناجات
قانع

(وه‌ته‌ن) گیان ‌و سه‌ر ‌و ماڵم فیدای تۆ
وه‌ گیانی من كه‌وێ ده‌رد ‌و به‌ڵای تۆ
ده‌بێ من چۆن بژیم مه‌سرور ‌و دڵشاد
كه‌ ده‌تبینم له‌ده‌ست بێگانه‌دای تۆ
هێمن

یه‌كه‌م بۆ خودا و دووه‌م بۆ مێژو و سێهه‌م بۆ ویژدان سوێندتان ئه‌ده‌م.. ئایا (وه‌ته‌ن) ی شاعیر و تێكۆشه‌ر و نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی كورد، ئه‌و (الوطن) ه‌یه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و حیزب و بزوتنه‌وه‌ و قه‌وارانه‌ مه‌به‌ستیانه‌، پرسیارێكه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ مێژو و به‌جێ دێڵم!؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*