سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » كه‌ركوك له‌ یه‌كێتی و یه‌كێتی له‌كه‌ركوك جیا ناكرێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ش سه‌نگی مه‌حه‌كی ئه‌م راستییه‌یه‌

لاهور شێخ جه‌نگی:

كه‌ركوك له‌ یه‌كێتی و یه‌كێتی له‌كه‌ركوك جیا ناكرێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ش سه‌نگی مه‌حه‌كی ئه‌م راستییه‌یه‌

هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان ئاماژه‌ی به‌چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی گرنگی سیاسی هه‌رێمی كوردستان كرد به‌تابه‌تی بارودۆخی كه‌ركوك، كوردستانی نوێ وخته‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی بۆ خوێنه‌رانی ئاماده‌ كردووه‌ كبه‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌.

سه‌ره‌تا ووتی: پێشه‌كی ده‌مه‌وێـت شتێك بڵێم، من پێم وایه‌ كه‌ركوكییه‌كان له‌ ی ن ك نیگه‌ران نیین، ئه‌مه‌ راگه‌یاندنی لایه‌نێكی دیاریكراوه‌ وا ئیدیعا ده‌كات و به‌راستی چه‌واشه‌كاری زۆر ده‌كا تاسایكۆلۆجیای خه‌ڵك بگۆڕی كه‌ خیانه‌ت كراوه‌ له‌ كه‌ركوك، من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا به‌هۆی 16 ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی رۆژه‌كانی پێش 16-ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ بوو كه‌ ریفڕاندۆمێكی بێ بنه‌مایان كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ هه‌موو دۆسته‌كانمان له‌ده‌ست دا له‌ كاتێكدا هه‌موو دۆسته‌كانمان پێیان وتین ئه‌م ریفڕاندۆمه‌ له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان مه‌كه‌ن چونكه‌ ده‌بێـته‌ ماییه‌ی سه‌رئێشه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌تان، به‌ڵام ئه‌وان گوییان نه‌گرت و ئێمه‌ش باوه‌ڕمان وابوو كه‌ ئه‌مان شتێكیان ژێر به‌ ژێر كردووه‌و گرنتییه‌كی نێو ده‌وڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ گرنتیه‌ك وه‌رنه‌گیرابوو.
بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێش رۆژه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر، خۆمان وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌سپێشخه‌ربووین له‌وه‌ی داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌و رووه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌ی بۆ تائێستا لیژنه‌یان پێك نه‌هێناوه‌؟ من خۆم به‌ شه‌خسی داوام له‌ سه‌رۆك ‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌ تا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێك بهێنن‌و راستییه‌كان بۆ میله‌ته‌كه‌مان ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌و كاته‌ش هه‌ر كه‌س به‌رپرسیار بوو بادادگای بكرێت ،تا ئه‌و كاته‌شی لیژنه‌یه‌ك پێك نه‌هێنرێت‌و ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بۆ خه‌ڵك روون نه‌كاته‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌وقسانه‌مان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌.
ئێمه‌ هه‌ڵبژاردنمان له‌ پێشه‌ من پێم وایه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌نگی مه‌حه‌كه‌ و ئه‌و كاته‌ ده‌زانیین كێ خیانه‌تی كردووه‌ یان نا ئه‌وانه‌ خیانه‌تیان كردووه‌ و خۆیان دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ر پرسیارێتی، ئه‌وانه‌ی كه‌ ئیدیعای ریفڕاندۆمه‌كه‌یان ده‌كرد ئیدیعای كوردستانی بوونی كه‌ركوكیان ده‌كرد ئێستا كه‌ركوكیان به‌جێ هیشتووه‌، تۆ له‌كاتی خۆشییه‌كان له‌ كه‌ركوك بیت‌و له‌كاتی ناخۆشیه‌كاندا به‌جێی بهێڵیت ئه‌مه‌ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا ئێمه‌ له‌ كه‌ركوك وه‌ستاوین جێمان نه‌هێشتووه‌ به‌جێ هێشتنی كه‌ركوك ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیه‌كان و توركمانه‌كانه‌.
له‌درێژه‌ی وڵامه‌كانیدا بۆ پرسیاره‌كانی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان ووتی: من ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ رۆژی 16ی ئۆكتۆبر شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌ كرا، شه‌ڕه‌كه‌ به‌جۆرێك بوو كه‌ ده‌بابه‌ی ئه‌مه‌ریكی به‌ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ به‌سه‌رلاشه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئێمه‌دا رۆیشت، زیاتر له‌ 60 شه‌هیدمان دا، له‌ساڵانی رابردوو یه‌كێتیی زیاتر له‌ 1300 شه‌هید و چه‌ندین فه‌رمانده‌ی گه‌وره‌ی وه‌ك‌و شه‌هید شێركۆ‌و شه‌هید حسێن مه‌نصور‌و سه‌ڵاح دیلمانی ‌و شه‌هیده‌كانی تر له‌ كه‌ركوك له‌ده‌ستداوه‌، به‌چی عه‌قڵێك خه‌ڵك بیرله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌و هه‌مو خه‌باته‌مان كردووه‌ و چۆن ئێمه‌ بیر له‌خیانه‌ت بكه‌ینه‌وه‌ له‌كه‌ركوك.
باشه‌ ئێمه‌ خیانه‌تمان بكردایه‌ ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌مان ده‌دا؟ ئه‌مه‌ قسه‌ی بێ بنه‌مایه‌، به‌ڕاستی ده‌كرا شه‌ڕ بكرێت من پێم وایه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ ده‌بابه‌ به‌سه‌ر لاشه‌ی پێشمه‌رگه‌كاندا ده‌ڕۆیشت و هێزه‌ عێراقییه‌كان توانییان درزێك بخه‌نه‌ نێو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وان ده‌یانتوانی بێن و بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كیش ده‌توانرا شه‌ڕی كۆڵان به‌ كۆڵان بكرێت، به‌ڵام ئه‌وسا كه‌ركوك وه‌ك موسڵ خاپوور ده‌بوو ئه‌مه‌یش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ شۆڤینیه‌كان ده‌بوو، گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان خاپوور ده‌بوون، هیچ كوردێك نه‌ده‌ما هه‌مووی ئاواره‌ده‌بوون، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ كورد چاوی به‌ كه‌ركوك نه‌ده‌كه‌وته‌وه‌، من پێم وایه‌ یه‌كێتیی له‌وه‌دا عاقڵترین شتی كرد، ئه‌و هێزه‌ی كه‌ به‌سه‌ر په‌رشتی كاك شێخ جه‌عفه‌ر له‌وێ بوو بوێرانه‌ترین بڕیاریاندا كه‌ شه‌ڕی كۆڵان به‌ كۆڵان نه‌كه‌ن له‌كه‌ركوك، چونكه‌ ته‌نها زه‌ره‌ر ده‌بوو بۆ كوردی شاره‌كه‌ و ئاواره‌ده‌بوون، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر پاشه‌كشه‌یان كردبێ بڕیارێكی عاقڵانه‌ بوو نه‌تیجه‌كه‌ی ئێستا كه‌ركوكییه‌كان ده‌یبینن ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركوكن ماون له‌سه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیانن ده‌زانن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بووه‌ خوێن له‌په‌نجه‌ی یه‌ك كه‌ركوكی نه‌هاتووه‌.
هه‌روه‌ها ووتی: راسته‌ ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌مان شه‌هید بوو به‌ڵام په‌نجه‌ی یه‌ك تاكی كه‌ركوك خوێنی لێ نه‌هاتووه‌،پاشه‌كه‌شییه‌كی تاكتیكی بوو بۆ ماوه‌یه‌كی كورت، ئێستا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌توانین سه‌نگی كه‌ركوك راست بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌وان راست ده‌كه‌ن و دڵسۆزی كه‌ركوك بونایه‌ به‌شداریان ده‌كرد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌‌و خه‌ڵكیان هان نه‌ده‌دا كه‌ به‌شداری ده‌نگدان نه‌كه‌ن، چونكه‌ 51%ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك بهێنیی كوردستانیبوونی كه‌ركوك ده‌سه‌لمێنیت، به‌ڵام كه‌ركوكییه‌كانیش ئێستا ئه‌وه‌ ده‌زانن ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ له‌دوره‌وه‌ هاش و هوش ده‌كات و هانی خه‌ڵك ده‌دات كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین خیانه‌ته‌ كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركوكیه‌كان ده‌كرێ.
دڵنیام كه‌ركوكیه‌كان ئێستا درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لایه‌نێكی دیاریكراو ئه‌وه‌ی ویستی به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی كه‌ركوك خاپووری بكات و پێی نه‌كرا، ئێستا ده‌یه‌وێت به‌ هاندانی هاوڵاتیانی كه‌ركوك بۆ به‌شداری نه‌كردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ كه‌ركوك ته‌سلیمی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنی‌و توركمانه‌كان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ گه‌وه‌ره‌ترین خیانه‌ته‌ له‌ كه‌ركوك ده‌كرێت، به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌م جاره‌ش یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان ئه‌وه‌ ده‌سلمێنێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كاندایه‌و و سه‌نگی خواری كه‌ركوك راست ده‌كاته‌وه‌، من پێم وایه‌ یه‌كێتیی به‌ ده‌نگه‌كانی خۆی ئه‌م جاره‌ش ده‌یسه‌لمێنیت تا ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی مابێت ده‌ست له‌ بستێك خاكی كه‌ركوك هه‌ڵناگرێت، ئه‌وه‌ شه‌ڕیشه‌ به‌رامبه‌ر هێزێكی نابه‌رامبه‌ر جاری وا هه‌یه‌ سه‌رده‌كه‌ویت یان ده‌شكێیت یان ده‌كشێیته‌ دواوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ تۆ ده‌توانی به‌ شیوازێكی مه‌ده‌نی ئه‌و باره‌ قورسه‌ی كه‌ركوك راست بكه‌یته‌وه‌ هیوادارم دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان بێیته‌وه‌و چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ بكه‌یت‌و ئه‌م رۆژه‌م بیر بهێنیته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوكیه‌كان چ حه‌شرێك ده‌كه‌ن ‌و كوردستانی بوونی كه‌ركوك به‌ ده‌نگه‌كانمان ده‌سه‌لمێنین.
هه‌رله‌ درێژه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ووتی: من پێم وایه‌ یه‌كێتی له‌وه‌ ده‌رچووه‌ خه‌می حزبێك بێت یان بۆ لایه‌نگرانی بێ، یه‌كێتیی له‌ مێژووی خه‌باتی 42 ساڵه‌ی خۆیدا ده‌ریخستووه‌ پڕبووه‌ له‌هاكاریكردن له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی تری كوردستان، یه‌كێـتیی بۆته‌ حزبێك خه‌می نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ كۆڵه‌وه‌یه‌،ئه‌و خه‌مه‌ی ئێستا هه‌مانه‌ به‌لاوازبوونی یه‌كێتیی ته‌نها یه‌كێـتییه‌كان لاواز نابن به‌ڵكو كوردستان به‌ گشتی لاواز ده‌بێت، چونكه‌ خه‌می هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانی هه‌یه‌، من له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ رۆژانه‌ په‌یوه‌ندیم هه‌یه‌، رۆژانه‌ په‌یوه‌نیم پێوه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌واڵی باردۆخی یه‌كێـتی ده‌پرسن و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پاشه‌ كشه‌ بكات ئه‌وا كێشه‌ بۆ ئێمه‌ش دروست ده‌بێت، تو سه‌یر بكه‌ 20 ساڵه‌ خوشك‌و برای رۆژهه‌ڵات وه‌ك بیلبیله‌ی چاومان پاراستومانه‌‌و نه‌مان هێشتووه‌ كه‌س ده‌ستدرێژیان بكاته‌ سه‌ر، له‌ رابردوشدا پێكه‌وه‌ شه‌ڕمان كردووه‌ له‌ كاتێكدا هێزی كوردی هه‌بوو ده‌ستی له‌گه‌ڵ ده‌ستی دوژمن تێكه‌ڵ بووه‌.
ئێستا ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا ده‌گوزه‌ری خۆمان به‌خاوه‌نی ده‌زانیین چه‌نده‌ یه‌په‌گه‌ خۆی به‌خاوه‌نی ده‌زانێ ئێمه‌ش دوو ئه‌وه‌نده‌ خۆمان به‌خاوه‌نی ده‌زانیین، له‌باشوریش یه‌كێـتیی هه‌موو كات ئاماده‌ بووه‌ قوربانی به‌حزبه‌كه‌ی خۆی بدات، قوربانی به‌ناو و ناوبانگی خۆی بدات.
له‌كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داكه‌ ئه‌و كات یه‌كێتی ده‌یتوانی له‌حكومه‌ت بێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و پشت له‌حكومه‌ت بكات‌و رووی خۆی سپی بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌ نه‌بووین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی بهاتایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ حكومه‌ت دوو ئیداره‌یه‌یی دروست ده‌بوو، ئه‌وه‌ش خه‌ونی نه‌یاره‌كانمان بوو ده‌هاته‌ دی به‌ڵام ئاماده‌ بووین له‌ حكومه‌تا بمێنینه‌وه‌ خه‌ڵك به‌رد بارانمان بكات‌و ته‌شهیرمان پێبكات به‌ڵام ئاماده‌ نه‌وبووین دوو ئیداره‌یه‌ی دروست بكه‌ینه‌، له‌كه‌ركوكیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی كۆڵان به‌ كۆڵانمان بكردایه‌ ئێستا كه‌ركوك خاپور ده‌بوو هیچ شتێك نه‌ده‌ما من پێم وایه‌ خه‌ونی كوردستانی بوونی كه‌ركوك به‌ یه‌كجاری له‌ گۆڕ ده‌نرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*