سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » كۆبوونەوەی لووتكەی هیلسنكی ترەمپ و پوتین

دەر و دراوسێ

كۆبوونەوەی لووتكەی هیلسنكی ترەمپ و پوتین

16 ی تەمووز لە شاری هیلسنکی پایتەختی فنلەندا كۆبوونەوە لووتكە لە نێوان سەرۆكی هەردوو زلهێزی جیهان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕوسیا ئەنجامدرا بێگومان ئاشكراو ڕوونە ئەو دوو وڵاتە كاریگەری گەورەیان بە سەر هەموو ڕووداوەكانی جیهانەوە هەیە و هەریەكەیان خاوەنی دیدو بەرژەوندی خۆیەتی و لە هەوڵی پاراستن و جێ پێ‌ قایمكردن و سەپاندنی هەژموونی خۆیانن .
كۆبوونەوەكەی هەردوو سەرۆك وەكو ڕاگەیەنرا بە درێژی باسی زۆر لە كێشە و قەیرانەكانی جیهان و ناوچەكەیان كردووە بە تایبەتی ئاشتی لە سوریا و ڕۆڵی ئێران و بوار نەدان بە كەڵك وەرگرتنی ئێران لە نەمان و لەناوچوونی داعش بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هاوكاری هەماهەنگی لە بوارەكانی وزە و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی ئیسرائیل .
ئەم كۆبوونەوەیە لە كاتێكدا ئەنجامدرا كە لە ساڵی 2016 ەوە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە گرژی و ئاڵۆزی قورسی بە خۆیەوە بینی بە هۆی ئەوەی ئەمریكا ڕوسیا تۆمەتبار دەكات بە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ڕێگەی هاككردنی حسابی ئەلكترۆنی حزبی دیموكراتی ئەمریكاوە، ڕوونتر ئاژانسی CIA هەواڵگری ئەمریكا هەواڵەكی پشتڕاستكردەوەو تەنانەت لیژنەی لێكۆڵینەوەی دادوەر میللر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ12 دیبلۆماتی ڕوسی دەركردووە.
لە ئاوا بارودۆخێكدا ئەو كۆبوونەوەی لووتكە ئەنجامدرا كە هێشتا ناكۆكی و ململانێ‌ی گەورە بوونیان هەیە لە نێوان دوو زلهێزدا كە خۆی لە ناكۆكیەكانی سوریا دەبینێتەوە كە ئەمریكا پشتیوانی هێزەكانی ئۆپۆزەسیۆن دەكات بە دیاریكراوە هێزەكانی سوریای دیموكراتی سەر بە كوردەكان و ڕوسیاش پشتیوانی ڕژێمی ئەسەد دەكات ڕاستەوخۆ و بە هەموو شێوازێكی سەربازی سیاسی و دارایی ..تد بە هەمان شێوە لە كێشەی ئێران و ئەمریكادا ئەمریكا لە ڕێكەوتننامەی ( 5+1 ) كشاوەتەوە و ڕوسیا پابەندە پێوەی تا ئێستا ئامادە نیە بچێتە ژێرباری سزاو ئابڵووقەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە سوریاش لە گەڵ ئێران هەماهەنگە بۆ پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەد .
بۆیە ئەم لووتكە لە لایەن ناوەندەكانی بڕیار لە ئەمریكا و لە لایەن میدیاكانی ئەو وڵاتەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆكرا تەنانەت بە جۆرێك وەسفیان كرد كە ئەمە لووتكەیەكی كە كەسی و تایبەتی نێوان دووسەرۆكە نەك لووتكەی فەرمی نێوان سەرۆكی دوو وڵات .
توندترین كاردانەوەكانی ناوخۆی ئەمریكا
هەرچەندە كاردانەوەكان لە هەردوو حزبی گەورەی ئەمریكای كۆماری و دیموكراتی یەوە دەرچوون واتە بە خودی حزبەكەی سەرۆك ترەمپیشەوە كە لە سەر زاری سیناتۆر جۆن مەكین كە یەكێك لە كەسایەتیە دیار و كاریگەرەكانە لە سەر ئاستی ئەمریكا وتی پرێس كۆنفرانسی هەردوو سەرۆك یەكێك لە خراپترین چركەساتەكانی مێژووی سەرۆكایەتی ئەمریكایە و بە هەڵەیەكی كارەسەتبار ناوزەدی كرد .
هەروەها گەوەرە كۆنگریسمانی كۆمارییەكان لە كۆنگریس بۆل رایان وتی با سەرۆك ترەمپ بزانێت ڕووسیا هاوپەیمانی ئێمە نیە هەروەها ناكرێت ئێمە و ڕوسیا هاوتا و هاوسەنگ بەراورد بكرێین لە ڕووی ئاكار و ڕەوشتەوە كە ئەوان هەمیشە دژ بە پرنسیب و بەها ئاكاری و دیموكراسیەكانی ئێمەن .
هەروەها ڕایان دووپاتی كردەوە كە ڕوسیا دەستێوەرداوە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی ڕێچكەی دیموكراسی بگۆڕێت و لاوازی بكات لە بەرئەوە پێویستە ئەمریكا ڕێ‌ نەدات بەو دەستوەردان وبەربەستێك دابنێت یۆ ئەو كردەوە بێ‌ بەهایانە .
هەروەها هەر لە حزبی كۆمارییەكان سەرۆكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا بۆب كروكریش وتی: پوتین سەركەوتوو بوو تا ئاستێكی باش لەم كۆبوونەوەی لووتكەدا هەروەها وتی لێدوانەكانی سەرۆك ترەمپ وای پیشانی داین كە پاروویەكی چەورو ئاسانین .
هەروەها دیموكراتەكانیش كاردانەوەی جیاوازتر و توندتریان هەبوو بەرامبەر بە وتەكانی ترەمپ لە پرێس كۆنفرانسەكەداكە تا ئاستی خیانەت وسووكایەتی ناویان برد , نانسی بلۆسی سەرۆكی كەمینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی پوتین سووكایەتی بە ترەمپ كرد هەروەها لە توێتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توێتەر وتی هەموو ڕۆژێك لە خۆم دەپرسم ئایا ڕووسەكان چیان هەیە لە سەر ترەمپ لە ڕووی سیاسی و كەسێتی و ماڵیشەوە ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شیكاری ڕەفتاری ترەمپە كە ناتوانێت بەرەنگاری پوتین ببێتەوە .
لە هەمووی توند تر لێدوانێكی سەرۆكی كەمینەی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیران تشاك شومرە كە وتی مێژووی ئەمریكا سەرۆكێكی وای بە خۆیەوە نەدیووە كە سەرۆكەكەی پشتیوانی دوژمنێكی ئەمریكا بكات وەكو ئەوەی ترەمپ بەرامبەر پوتین كردی .

 269 جار بینراوە