سەرەکی » وەرزش » لە فۆتۆگرافه‌ری وەرزشی خۆبەخشەوە بۆ سەرۆکی لیژنەی تیپەمیللییەکان

لە فۆتۆگرافه‌ری وەرزشی خۆبەخشەوە بۆ سەرۆکی لیژنەی تیپەمیللییەکان

دیدار؛ستادیۆم

ڕێبوار حسێن عزیز ساڵی ١٩٨٤ له‌ قەڵادزێ لەدایک بووە، ناوبراو بڕوانامەی بەکالیرۆسی لەزمانی کوردی لەزانکۆی ڕاپەڕین ساڵی (٢٠١٣) بەدەست هێناوە، خاوەنی بڕوانامەی وەرزشییە و بەشداری چەندین خولی ڕاگەیاندکاری وەرزشی کردووە، فۆتۆگرافه‌ری وەرزشی شاری قەڵادزێیە، یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرانەی کە بەزومی کامیراکەی ماوەیەکی زۆرە خزمەتی وەرزشی قەڵادزێ و دەڤەری ڕاپەڕین و کوردستان ده‌کات.
ناوبرا و سەرەتای کاری فۆتۆگرافی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی(١٩٩٩) و لەیاری کۆتایی ئەوسای خولی لیژنەی تیپەمیللییەکانی قەڵادزێ لەنێوان هەردوو تیپی (دابان و کارزان) بیرۆکەی فۆتۆگرافه‌ری و ڕاگەیاندکاری وەرزشی بۆهات، تا ساڵی ٢٠٠٤ بەڕسمی بووە فۆتۆگرافه‌ری وەرزشی و یەکەم کەس بووە لەشاری قەڵادزێ بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەم کارە بکات، ئێستاش خاوەنی ئەرشیفێکی وەرزشی دەوڵەمەندە و خاوەنی سەدان و هەزاران وێنەیە.
هەر وەک خۆی دەڵێ» لەکاری فۆتۆگرافه‌ریدا ، تائێستا یەک دیناری لەکەس وەرنەگرتووە و هەڵبژرادنی ئەم کارەشی لەبەر دوو هۆکار بوو: یەکەم:ناساندنی وەرزشی قەڵادزێ و ناوچەکەیه‌تی بەجیهانی دەرەوە، دووەم: ون نەبوونی ئەشریفی وەرزشی ناوچەکەیه‌تی.
خاوەنی٣٤ ڕاپۆرتی تەلەفیزیۆنییە و لەڕێگەی هەردوو پەیجی (بەڕووحێکی وەرزشی) قەڵادزێ و ڕێبوار قەڵادزێ فۆتۆگراف، لەخزمەتکردن بەردەوامە و لەلایەن کەناڵی سپێدەو ڕادیۆی چەمچەماڵ بەسەر کراوەتەوە و چەندین جار خەڵاتی ڕێز لێنانی لە شارەکان پێ بەخشراوە.
یارمەتی دەرێکی باشی وەرزشی ناوچەکانی دەڤەری ڕاپەڕینە لەڕێگەی دیزاین و فۆتۆیەکانیەوە، هاوکات ڕاگەیاندنکاری وەرزشی یانەی وەرزشی قەڵادزێیە، دواتر ساڵی ٢٠١٢ وەک ئەندامی لیژنە هەڵبژێرا وتا ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام بوو، لەسالی ٢٠١٨ لەدەنگدانێکی ئازاد دا بەزۆرینەی دەنگی تیپەکان توانی لەکۆی ٣٥ دەنگ ٢٧ دەنگ بەدەست بهێنیت و ببێت بەسەرۆکی لیژنەی تیپەمیللییەکانی قەڵادزێ، لەژیانی وەرزشی خۆیدا تاکە هیوا کەهەیەتی پێشکەوتنی وەرزشە لەناوچەکە یه‌تی.
ناوبراو تائێستاش لەکاری فۆتۆگرافی بەردەوامە و لەکۆتاییدا زۆر سوپاسی بێ پایانی سەرۆکی یانەی وەرزشی قەڵادزێ بەڕێز (مەلا فارس) دەکات کەزۆر شتی لەژیانی وەرزشی خۆیدا لێوە فێر بووە و هەمیشە ڕێ نیشاندەرێکی باشی بووە بەمامۆستای خۆی دەزانێت.

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*