سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ئامانجی لەناوبردنی یەکێتی ئەوروپایە

راوێژکارەکەی ترەمپ هاوکاری پۆپۆلیزمیستە راسـتڕەوەکانی ئەوروپا دەکات

ئامانجی لەناوبردنی یەکێتی ئەوروپایە

ستیف بانون راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە بە یەکێک لە کەسایەتییە راستڕەوەکانی ئەمریکا دەناسرێت و رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لەسەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی 2016، بە مەستی هاوکاریکردنی پارتە راستڕەوەکانی ئەوروپا و سەرخستنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2019 دا، بە نیازە گەورەترین دەزگای راوێژکاری سیاسی لە ئەوروپا دابمەزرێنێت. بانون پێی وایە، پارتە راسترەوەکانی ئەوروپا لە هەڵبژاردنی 2019 دا، سەرکەوتنی گەورە بە دەستدەهێنن و شۆڕشێکی گەورەی پۆپۆلیستی راسترەویش بەڕێوەیە. ئەمەش لە ناو میدیاکانی ئەوروپادا، بە گرنگییەوە باس دەکرێت و جۆرە ترسێکیشی لە لای پارت و ناوەندە چەپەکاندا دروستکردووە.

سەرهەڵدانی گەورەترین شۆڕشی پۆپۆلیستی لە کیشوەری ئەوروپا
لەبارەی ئەم هەوڵەیەوە، ستیف بانون راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە سایتی دایلی بیستی ئەمریکای رایگەیاند: ئامانجمان سەرهەڵدانی گەورەترین شۆڕشی پۆپۆلیستی لە کیشوەری ئەوروپا. هەروەها دەشمانەوێت لە هەڵبژاردنیەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا، کە وا بڕیارە لە ساڵی 2019 دا ئەنجام بدرێت، دەستکەوتی باشـمان هەبێت.

هاوکاری فکریی و سیاسی
لەلایەکی ترەوە لەبارەی چۆنێتیی و شێوازی کارکردنی دەزگاکەوە، ستیف بانون رایگەیاند: ئەم دەزگا نوێیە هاوکاری فکریی و لۆجستیکی و راوێژکاری دەداتە، پارت و کەسایەتییە راستڕەوەکانی ئەوروپا، بە ئامانجی ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی 2019 دا، سەرکەوتنی گەورە بە دەستبهێنن.

ئامانجی لەناوبردنی یەکێتی ئەوروپایە
هەرلەمبارەیەوە سایتی یۆرۆ نیوزیش رایگەیاند: ئەم دەزگایە ناوی « بزووتنەوە» دەبێت، ئامانجی سەرەکی ئەم د ەزگایەش لەناوبردنی یەکێتی ئەوروپایە. جێگەی گوتنە بەشێکی زۆری پارتە راستڕەوەکانی ئەوروپا، دژی یەکێتی ئەوروپان.

لە پایتەختی ئەوروپا دەبێت
لەبارەی شوێن و بنکەی سەرەکی ئەم دەزگایەوە، بانون رایگەیاند: بنکەی سەرەکی ئەم دەزگایە لە شاری بروکسێلی پایتەختی بەلجیکا دەبێت. دیارە لەمەشدا ئامانجێکی سیاسی لەپشتەوەیە، چونکە برۆکسێل بە پایتەختی ئەوروپا دادەنرێت و زۆرێکیش لە دەزگا و ناوەندە سیاسییە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپای لێیە.

دۆستی پارتە راسترەوەکانە
ستیف بانون دۆستێکی نزیکی پارتە راسترەوەکانی ئەوروپایە، بەتایبەتی لەگەڵ ماری لۆپێنی سەرۆکی بەرەی راسترەوەی فەرەنسا، نایجل فاراجی سەرۆکی راستڕەوەکانی بەریتانیا، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی هەیە. جێگەی ئاماژەیە بانون لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی 2016 دا، یەکێک بوو لە راوێژکارە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ و پاشتریش کاتێک ترەمپ بوو بەسەرۆکی ئەمریکا ، کرایە راوێژکاری سیاسیی سەرۆک. لێ بە هۆی جیاوازی بۆچوونی سیاسییان، بانون پاش شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی، لەمانگی ئابی 2017 دا وازی لە پۆستەکەی هێنا.

سەرچاوە:-سایتی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانیا، یۆرۆنیوز.

 526 جار بینراوە