سەرەکی » راپۆرت » كۆتاییه‌كی‌ دڵڕه‌قانه‌ی‌ شه‌ڕی‌ سوریا

كۆتاییه‌كی‌ دڵڕه‌قانه‌ی‌ شه‌ڕی‌ سوریا

و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

شه‌ڕی‌ سوریا له‌ 2011وه‌ به‌رۆكی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ گرتووه‌، په‌نده‌كه‌ش به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ نایه‌وه‌، كێ پزیسكی‌ ئه‌و ئاگره‌ی‌ هه‌ڵایسان ئێستا گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌و هیوایه‌ی‌ رزگاریان بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌نجا ساڵه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌سه‌ده‌كان، شۆڕشێكیان ده‌ست پێكرد، به‌ڵام زرگاریان نه‌بوو، هه‌زارانیان لێ كوژرا‌و ملیۆنانیشیان لێ ئاواره‌ بوو، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێران وای‌ دابنێن شه‌ڕی‌ سوریا كۆتاییه‌كی‌ دڵڕه‌قانه‌ی‌ ده‌بێت. خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ كاتێك شۆڕشیان ده‌ست پێكرد، نه‌یانده‌زانی‌ ئه‌گه‌ر وڵاته‌ زلهێزه‌كان بیانه‌وێ سه‌دام‌و موباره‌ك‌و قه‌زافی‌ بڕوخێ ده‌ڕوخێ، ئه‌گه‌ر نه‌یانه‌وێ ئه‌سه‌د بڕوخێ ناڕوخێ. ئێستا‌و دوای‌ حه‌وت ساڵ شه‌ڕ، مه‌رگی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ رژێمی‌ سوریادا كوژران بووه‌ چیرۆك‌و كه‌س‌و كاریان ته‌نها گێڕانه‌وه‌یان له‌ده‌ست دێت. به‌سه‌رهاتی‌ باوك‌و برای‌ یاسه‌مین یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران چیرۆكه‌.
یاسه‌مین ئاواره‌یه‌كی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ داریای‌ سوریایه‌، ته‌مه‌نی‌ 30 ساڵه‌، له‌سه‌ر كورسییه‌ك له‌ بن سێبه‌ری‌ سنۆبه‌رێكی‌ گه‌وره‌ی‌ یه‌كێك له‌ دێره‌كانی‌ دۆڵی‌ بیقاعی‌ لوبناندا دانیشتبوو، قسه‌كانی‌ باوكی‌ بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌هاری‌ 2011دا كردبوونی‌، ئه‌و كاته‌ی‌ تازه‌ ناره‌زایی دژی‌ رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستی‌ پێكردبوو. باوكی‌ ده‌یوت: بۆچی‌ هێز به‌كار بهێنین له‌كاتێكدا ئاوه‌زمان هه‌یه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ به‌ یاسه‌مین‌و براكانی‌ یاسه‌مین وت، كه‌ ئه‌و كات سه‌رسام بوون به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌. براكه‌ی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ 20 ساڵ بوو چووه‌ ریزی‌ گروپێكه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاشتیانه‌ خه‌باتیان ده‌كرد‌و یه‌حیا شه‌ربه‌چی‌ سه‌كردایه‌تی‌ ده‌كردن، دروشمه‌كه‌یان بریتی‌ بوو له‌: ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ده‌نیمان ده‌وێ، موسوڵمان‌و مه‌سیحی‌‌و دروز‌و عه‌له‌وی‌ هه‌موو پێكه‌وه‌، ئه‌وان گوڵ‌و ئاوی‌ ساردیان پێشكه‌شی‌ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی‌ رژێم ده‌كرد كه‌ هاتبوون بۆ شاری‌ داریا بۆ سه‌ركوت كردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان.
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ 2011دا رژێم ده‌ستی‌ كرد به‌ كوشتن‌و ده‌ستگیر كردنی‌ سه‌ركرده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ئیسلامییه‌ توندڕه‌وانه‌ی‌ ئازاد كرد كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ بوون‌و پێشتر ده‌ستگیری‌ كردبوون، هه‌ر ئه‌وانه‌ش بوون كه‌ ئاراسته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانیان گۆڕی‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ بیانوویه‌ك بۆ رژێمی‌ ئه‌سه‌د كه‌ توندوتیژی‌ زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران به‌كار بهێنێت‌و ئاگری‌ شه‌ڕ په‌ره‌ی‌ سه‌ند.
باوكی‌ یاسه‌مین‌و براكه‌ی‌ له‌ نێوان ئه‌و ده‌یان كه‌سه‌دا بوون كه‌ له‌ داریا له‌لایه‌ن پیاوه‌كانی‌ رژێمه‌وه‌ رفێنران شه‌ربه‌چی‌-یش له‌ نێوانیاندا بوو، ساڵی‌ 2012 براكه‌ی‌ یاسه‌مین ئازاد كرا، به‌ڵام له‌ 2013دا دووباره‌ ده‌ستگیر كرایه‌وه‌، باوكیشی‌ تا ئێستا بێسه‌رو شوێنه‌.
دوای‌ حه‌وت ساڵ یاسه‌مین‌و خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ پارێزه‌رێكه‌وه‌ زانییان كه‌ باوكی‌ ناوی‌ له‌ لیستی‌ كوژراوه‌كاندایه‌، هه‌واڵی‌ له‌و جۆره‌ به‌ زۆر خێزان ده‌گه‌یشت، دواتر ناوی‌ براكه‌ی‌ یاسه‌مین‌و شه‌ربه‌چی‌‌و ده‌یانی‌ تریش له‌ هه‌مان تۆماردا دۆزرایه‌وه‌. ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ سوریا سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ ورد‌و پلان بۆ دڕێژراویان جێبه‌جێ كردووه‌ بۆ ده‌ستگیر كردنی‌ كه‌سانی‌ ناڕازی‌‌و نه‌یاری‌ حكومه‌ت‌و دواتر كوشتنیان به‌ ئه‌شكه‌نجه‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ زیندانه‌كانی‌ رژێمی‌ سوریادا ئه‌شكه‌نجه‌ دراون‌و زۆریان له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌رنه‌چوون، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ ئازادی‌‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ خۆیان كردووه‌. ئێستا ئیتر خێزانه‌كه‌ی‌ یاسه‌مین‌و خێزانه‌كانی‌ تریش له‌وه‌ دڵنیان كه‌ زۆربه‌ی‌ كه‌س‌و كاریان پێكه‌وه‌‌و به‌ بڕیاری‌ دادگای‌ سه‌ربازی‌ رژێم له‌ زیندانی‌ سه‌یده‌نایا كوژراون.
ئامارێكی‌ ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ زیندانه‌كاندا به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ كوژراون یان له‌ سێداره‌ دراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كان كاتێك زانیاریی‌ تۆماره‌ حكومییه‌كه‌یان پێده‌گات، له‌ ترسی‌ رژێم نایدركێنن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ راپۆرتێكدا مه‌زه‌نده‌ی‌ كردووه‌ 13 هه‌زار كه‌س له‌ ساڵی‌ 2011وه‌ تا ساڵی‌ 2015 له‌ سوریا له‌ سێداره‌ دراون. دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ش به‌شار ئه‌سه‌د وتی‌: هه‌مووی‌ درۆ‌و ده‌له‌سه‌یه‌. لیژنه‌ی‌ سوریای‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ستگیركراوانیش كه‌ گروپێكی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ داوه‌‌و تا ئێستا سێ هه‌زار‌و 270 ناوی‌ تۆمار كردووه‌ كه‌ دوای‌ ده‌ستگیر كردنیان كوژراون، له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار كه‌سیان له‌ داریا ده‌ستگیر كراون. گروپێكی‌ تر به‌ ناوی‌ تۆڕی‌ سوریای‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ مرۆڤ رایگه‌یاند، ناوی‌ 532 كه‌سیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ رفێنراون‌و شوێنبزر بوون، هه‌ر ئه‌و گروپه‌ش مه‌زه‌نده‌ی‌ كردووه‌ كه‌ 82 هه‌زار كه‌س له‌ ساڵی‌ 2011وه‌ بێسه‌روشوێن كرابن.
هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی‌ سوریا ده‌ڵێن، به‌شار ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن روسیاوه‌ ناچار كراوه‌ ئه‌و شێوازی‌ ئاگادار كردنه‌وه‌‌و ناردنی‌ هه‌واڵی‌ مه‌رگی‌ زیندانیان بۆ كه‌س‌و كاریان بگرێته‌به‌ر، ئه‌ویش بۆ خافڵاندن‌و چاره‌سه‌ری‌ هه‌ندێك بابه‌ت، تا روسیا ده‌گاته‌ رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا‌و ناوچه‌كه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ سوریا‌و دابین كردنی‌ پاره‌ بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی‌ سوریای‌ وێران، ئه‌م بۆچوونه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رژێم هه‌ندێك سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ست هێنا له‌ ده‌وروبه‌ری‌ دیمه‌شق‌و باشووری‌ سوریا‌و پارێزگای‌ ئیدله‌ب‌و ده‌وروبه‌ری‌ له‌ باكوور. به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر له‌ خه‌ڵكی‌ سوریا پێیان وایه‌ رژێمی‌ سوریا ده‌یه‌وێ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ ناوی‌ كوژراوه‌كانی‌ زیندان كۆتاییه‌كی‌ دڵڕه‌قانه‌ بۆ شه‌ڕی‌ سوریا دابنێت، دڵڕه‌قانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م حه‌وت ساڵه‌دا دژی‌ رژێم جه‌نگاون‌و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ پێناو رزگاربوونیان له‌ 50 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌سه‌د.
نامه‌ی‌ رژێم بۆ دانیشتوانی‌ شاری‌ داریا كه‌ نزیكه‌ی‌ چوار ساڵ بۆردومان كرا‌و له‌ ساڵی‌ 2016دا چۆڵ كرا، زۆر روون‌و ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌ڵێ: ده‌بێ هه‌موو شتێك له‌ده‌ست بده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ من كۆكیون‌و كه‌سیش نییه‌ لێپێچینه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا بكات كاتێك سزاتان ده‌ده‌م.
هه‌واڵی‌ مردنی‌ باوكی‌ یاسه‌مین خێزانه‌كه‌ی‌ وێران كرد، ئه‌وان هه‌ر كاتێك هه‌وڵیان بدایه‌ بزانن له‌ زیندانی‌ سه‌یده‌نایا ماوه‌ یان مردووه‌، به‌رپرسانی‌ رژێم پێیان ده‌وتن، له‌بیری‌ بكه‌ن. جارێكیان كه‌ چووبوون بۆ هه‌واڵی‌ باوكیان، پێیان وتبوون، هه‌ر باسی‌ مه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی‌ خاوه‌نی‌ تانكه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر كۆمیدی‌ بوو، چونكه‌ باوكی‌ یاسه‌مین سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ رێگه‌ی‌ ئاشتیانه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕێ‌و داوای‌ ئازادی‌ بكات، جگه‌ له‌وه‌ش خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ داریا تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ باوكی‌ یاسه‌مین ده‌ستگیر كرا به‌ شێوه‌ی‌ ئاسیانه‌ ده‌كران. یاسه‌مین ده‌ڵێ: ئه‌سه‌د كه‌سه‌ دیاره‌كانی‌ خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه‌ی‌ كوشت، به‌مه‌ش ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، ئه‌وانه‌ی‌ به‌ ئاشتی‌ خۆپیشاندانیان ده‌كرد زۆر زیاتر رژێمیان بێزار كردووه‌ له‌وانه‌ی‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌. یاسه‌مین‌و براكه‌ی‌ تا ئێستاش له‌و باوه‌ڕه‌دان براكه‌ی‌ له‌ زینداندا مابێت‌و نه‌كوژرابێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ناوی‌ ته‌واوی‌ خۆی‌ نه‌وت، چونكه‌ نایه‌وێ ناوی‌ براكه‌شی‌ له‌ لیستی‌ كوژراوه‌كاندا ببینێت.
ساڵی‌ 2012 حكومه‌تی‌ سوریا مازن ده‌روێش-ی‌ پارێزه‌ری‌ ده‌ستگیر كرد، مازن له‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤدا كار ده‌كات‌و خاوه‌نی‌ چه‌ندان خه‌ڵاتی‌ تایبه‌ت به‌ ئازادی‌ راده‌ربڕینه‌‌و كه‌سێكی‌ زۆر چالاكه‌، تا ساڵی‌ 2015 له‌ زینداندا بوو، پاشان ئه‌ڵمانیا مافی‌ په‌نابه‌ری‌ پێ به‌خشی‌‌و ئێستاش وه‌ك پارێزه‌رێك كار بۆ قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ رژێمی‌ سوریا ده‌كات له‌ دادگاكانی‌ فه‌ره‌نسا‌و ئه‌ڵمانیادا. مازن ده‌روێش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌سه‌د هه‌میشه‌ ئاماده‌ بووه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا بكات، كه‌ ده‌بوو خۆیان راده‌ست بكردایه‌.
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی‌ شاری‌ داریای‌ كرد، هه‌ڵبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وێران كرا‌و كه‌سی‌ تێدا نه‌ما، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا گاڵته‌ی‌ به‌و ئازادییه‌ ده‌هات كه‌ خه‌ڵك داوایان ده‌كرد‌و به‌ ئازادییه‌كی‌ درۆیینه‌ی له‌قه‌ڵه‌م دا، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ به‌ شۆڕشگێڕه‌كانی‌ ده‌وت به‌كرێگیراون.
راگه‌یاندنی‌ ناوی‌ چالاكوانه‌ كوژراوه‌كان مازن ده‌روێشی‌ تاساند، چونكه‌ 17 ناوی‌ تێدا بوو كه‌ هاوڕێ‌و هاوكاری‌ خودی‌ مازن بوون به‌ برایانی‌ شه‌ربه‌چی‌-شه‌وه‌. مازن ده‌روێشی‌ ته‌مه‌ن 44 ساڵ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: هه‌ندێكیانم له‌ 2001وه‌ ناسیوه‌، پێكه‌وه‌ خه‌ونمان به‌ شۆڕشه‌وه‌ ده‌بینی‌، یه‌كێك له‌وان له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ناوخۆیی بوو كه‌ به‌ ئێڵ سی‌ سی‌ ناسرابوو، ئه‌و لیژنه‌یه‌ تۆڕێك بوو بۆ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كان له‌ داریا، یه‌حیا شه‌ربه‌چی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ بوو. مازن ئه‌وه‌ی‌ بیر كه‌وته‌وه‌، كه‌ شه‌ربه‌چی‌‌و هاوڕێكانی‌ چۆن گروپێكی‌ ئیسلامی‌ توندڕه‌ویان له‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌ركردووه‌. ده‌ستگیر كردنی‌ شه‌ربه‌چی‌‌و چالاكوانه‌ مه‌ده‌نی‌و ئاشتییانه‌كان وای‌ كرد گروپی‌ له‌و جۆره‌ بچنه‌ داریا‌و شاره‌كانی‌ تریشه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك مازن ده‌روێش ده‌ڵێ، ئه‌وانه‌ی‌ ئاشتیانه‌ خۆپیشان ده‌كرد، نوێنه‌رایه‌تی‌ سوریایه‌كی‌ دیموكراسی‌‌و به‌رچاوڕوون‌و میانڕه‌ویان ده‌كرد.
مازن ده‌روێش‌و یارا به‌در-ی‌ هاوسه‌ری‌‌و ده‌یان هاوڕێی‌ مازن له‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2012دا ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ رژێم هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر نووسینگه‌كه‌یان‌و ده‌ستگیری‌ كردن. دوای‌ ده‌ستگیر كردنی‌ ئه‌وانیش پیاوه‌كانی‌ رژێم شاڵاوێكی‌ كوشتن‌و بڕینیان له‌ داریا ئه‌نجام دا‌و 500 كه‌سیان له‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ كوشت. له‌ پایزی‌ 2012وه‌ تا مانگی‌ ئابی‌ 2016 رژێم گه‌ماری‌ داریای‌ دا‌و به‌رده‌وام بۆردومانی‌ ده‌كرد، له‌و مانگه‌دا به‌ ته‌واوی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرته‌وه‌، به‌ڵام چۆڵ‌و وێران، له‌ مانگی‌ ئه‌یلولدا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌ی‌ كرد‌و ئه‌وه‌ بوو گاڵته‌ی‌ به‌ شۆڕش‌و ئازادی‌‌و خواسته‌كانی‌ خه‌ڵك‌و قوربانییه‌كانیش كرد.
مازن ده‌روێش ده‌ڵێ: تاكه‌ شتێك كه‌ دڵدانه‌وه‌ بێت بۆ كه‌س‌و كاری‌ كوژراوه‌كانی‌ ناو زیندان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و نامه‌ی‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ده‌ینێرێت بۆ كه‌س‌و كاریان، ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌‌و له‌ دادگاكانی‌ ئه‌وروپادا به‌كار دێت، بۆ تاوانبار كردنی‌ كه‌سه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ رژێمی‌ ئه‌سه‌د. مازن به‌ نیازیشه‌ له‌ داهاتوودا هه‌موو ئه‌و لیست‌و تۆماری‌ ناوی‌ كوژراوانه‌ به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ جنێڤ‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ له‌ نیویۆرك، داوا بكات دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی‌ جه‌نگ له‌ سوریا دۆسێیه‌ك بكاته‌وه‌ دژی‌ سه‌رانی‌ رژێم.
مازن ده‌روێش جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاشتی‌ له‌ سوریادا به‌رقه‌رار نابێت، تا لێپێچینه‌وه‌ له‌ رژێم نه‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و تاوانانه‌ به‌ ته‌نها خه‌ڵكی‌ سوریا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بێده‌نگه‌ی‌ لێ بكرێت، ئه‌وا مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی‌ ده‌بێت.
ده‌ره‌ج

print

 49 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*