مایكل نایتس
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
له هه‌ژده‌ی تشرینی یه‌كه‌مدا حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق وتارێكی له رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاو كرده‌وه‌و تیایدا ئیدانه‌ی راپرسییه ناشه‌رعیه‌كه‌ی كرد كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له مانگی رابردوو ئه‌نجامی دا، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر، تێڕوانینكی سۆزدارانه‌ی خسته روو له پێناو یه‌كێتیی عیراق له دوای تێكشكاندنی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. له‌و باره‌یه‌شه‌وه پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێت، كه هه‌ڵوه‌شانی عیراق له دوای نه‌مانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن-ه‌وه ساڵی 2003 ئه‌گه‌رێكی هه‌میشه ئاماده بووه، به‌ڵام ئه‌و دابه‌شبوونه دوای 14 ساڵ رووی نه‌داو دوای شه‌ش ساڵیش له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته هه‌ر رووی نه‌دا. چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه واده‌كه‌ن هه‌ڵوه‌شانی عیراق قورس‌تر بێت له مانه‌وه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تێك.
بیرۆكه‌ی دابه‌شبوونی عیراق به‌سه‌ر سێ تایه‌فه‌و ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی جیادا، یه‌كێكیان عه‌ره‌بی شیعه‌و ئه‌وی تریان عه‌ره‌بی سوننه‌و سێیه‌میش كورد، هه‌میشه خهیاڵو زیاده‌ڕۆیی له ئاسان كردنیدا كراوه، به‌هۆی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاڵۆزی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقه‌وه. ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری دابه‌شبوونی عیراق بوون، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه عیراق هه‌رگیز ناتوانێ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز بێت‌و توانای به‌رده‌وام بوونی هه‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی فره ره‌گه‌زی‌و فره تایهفیو فره زمانی نائاسایی پێكهاته‌كانییه‌وه. وا دیاره ئه‌مانه ئاگایان له‌وه نییه كه هاووڵاتیانی ئهمریكاو ئه‌وروپاش له‌ژێر سایه‌ی فره نه‌ته‌وه‌و تایه‌فه‌ی جیاجیادا بوونه گه‌لێكی به‌هێز.
دۆخه‌كه‌ی ئه‌م دواییه سه‌باره‌ت به راپرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی دا، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه هه‌ڵوه‌شانی ئه‌و سێ پێكهاته‌یه‌ی گه‌لی عیراق‌و دابه‌ش بوونی بۆ چه‌ند هه‌رێمێكی ره‌گه‌زی‌و تایه‌فی قورسه. گه‌لی كورد له عیراق ده‌توانێ به‌هێزترین داواكارییه‌كانی سه‌باره‌ت به ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌رز بكاته‌وه، له‌وانه‌شه لكاندنی هه‌ندێك له خاكی كورد به باكووری عیراقه‌وه عهیبدارترین بڕیاری راشكاوانه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بێت له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
به‌ڵام كه‌ركوك كه ناوچه‌یه‌كی تێكه‌ڵه بخرێته چوارچێوه‌ی ئه‌و راپرسییه‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی دا، یه‌كێك بوو له به‌ربه‌سته مه‌ترسیداره‌كان، كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی دراوسێكانی كورد واته عیراقی فیدڕاڵ‌و ئێران‌و توركیا گه‌مارۆ بخه‌نه سه‌ریان. كێشانی هێڵه‌كانی دابه‌ش بوونی ناوخۆیی پێوه‌ری یهكلاكهوهرهوهیه، به تایبه‌ت كه هێڵی دابه‌ش كردن وه‌ك لاسیك وایه‌و ده‌كشێ، ئه‌گه‌ری پێكهاته‌كانی عهرهبو كورد‌و توركمان‌و مهسیحیو ئێزدییهكانو كه‌مینه بچووكه‌كان كارێكی وا بكه‌ن رێكه‌وتنی ئاشتی دایتۆن كه بووه هۆی دابه‌شبوونی یۆگسلافیا، وه‌ك مه‌ته‌ڵی وێنه پچڕپچڕهكانی منداڵان بێته به‌رچاو.
زۆر جار لایه‌نگرانی دابه‌شبوون ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ده‌كرێ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی هه‌رێمیی بۆ عه‌ره‌بی سوننه ببێته هاوتا بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نیمچه سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕه هه‌ر كاتێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی ئه‌م بیرۆكه‌یه له عیراقدا كردبێت، سه‌لماندویانه كه ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك له خۆیان رانابیننو ناشزانن له‌سه‌ر ئاستی پراكتیك ئاسته‌نگه‌كانی سبه‌ی كه رووبه‌ڕووی هه‌رێمێك ده‌بێته‌وه له عیراق چی ده‌بێت. ئه‌مه‌ش واته دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی نوێی وه‌ك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، یاساكان، وه‌زاره‌ته‌كان، هێزی ئاسایش، ده‌ستوور، كه حكومه‌تی فیدراڵی به ئاسانی ده‌توانێ گرفتیان بۆ دروست بكات. به‌غداش له‌وه ده‌ترسێ ئه‌گه‌ر سوننه هه‌رێم پێك بهێنێت، شیعه‌ش له‌و ناوچانه‌ی باشوور كه ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت هه‌رێمێك بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن، كه هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت وه‌ك ئه‌بو زهبیو یان كوێت‌و ناوچه‌كانی تری عیراق بۆ هه‌ره‌سێكی قوڵی ئابووری جێ ده‌هێڵێت.
له راستیدا رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تاكه لایه‌نی كارا بوو كه هه‌وڵی دا هه‌رێمێكی سوننه له عیراق دابمه‌زرێنێت، ساڵی 2014 هه‌وڵێكی بوێرانهشی دا بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له ناو ده‌وڵه‌تی عیراقدا، رایشی گه‌یاندن كه باوه‌ڕی به تێكشكاندنی سنووری سایكس پیكۆ هه‌یه، كه سووری ئێستای عیراق‌و سوریای كێشاوه، ئه‌وه بوو دوای كه‌وتنی موسڵ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به توندی به‌رگری له عیراق كرد‌و تا ئێستاش پابه‌نده به سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌وه، هێزه هاوبه‌شه‌كان به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا پێشنیازی مانه‌وه ده‌كات له عیراق دوای رزگار كردنی سه‌رجه‌م شاره‌كانیشی، بۆ ئه‌وه‌ی له قۆناغی دواتردا هاوكاری عیراق بكات له ریشه‌كێش كردنی شانه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، له حهشارگهكانو ناوچه گوندنشینه‌كان.
یه‌كێك له‌و راستیانه‌ی كه لایه‌نگرانی لابردنی سنووری سایكس پیكۆ پشتگوێ‌یان خست ئه‌وه‌یه كه، سنوور ناگۆڕدرێت تا هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له هه‌ردووی سنووره‌كه له‌سه‌ری رێك نه‌كه‌ون، یان ده‌بێ هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه. بارودۆخێكی له‌م جۆره‌ش له هیچ سنوورێك له سنووره‌كانی عیراقدا نییه. هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تر هه‌یه كه واقیعی تره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سنووری عیراق ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام یه‌كڕیزی ناوخۆی وڵاته‌كه هه‌ره‌س ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی ئیداری ره‌سمی روو نه‌دات، نابێته له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتووش نابێت.
حكومه‌ته نوێیه‌كانی عیراق دوو رێگایان به‌كار هێناوه بۆ یه‌كخستنی وڵات ئه‌وانیش، كڕینی هاوكاری پێكهاته جیاجیاكانی دانیشتوان له رێگه‌ی دابه‌ش كردنه‌وه‌ی سامانی نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌تی مهركهزییهوه، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی هێزی سهربازیو ده‌زگای هه‌واڵگریی كه خه‌رجییه‌كانیان هه‌ر له داهاتی نه‌وته، بۆ فشار خستنه سه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌ره‌نگاریی ده‌كه‌ن. رێگه‌چاره‌ی یه‌كه‌م كڕینی دانیشتوانه، كه ورده ورده له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وتدا كاریگه‌ریی نامێنێت، چونكه پێداویستییه‌كانی عیراق بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و داواكارییه‌كانی دانیشتوان له داهاته‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت. هه‌رچه‌نده سوپای عیراق ره‌نگه به‌هێزتر ببێت، به‌ڵام رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی كاریگه‌ریی كه‌م بۆته‌وه، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌شه كردنی سه‌ربازی نه‌یاره‌كاندا، وه‌ك پێشمه‌رگه‌و یاخیبوونی به‌رده‌وامی سوننه، جگه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی ئه‌م جۆره رێگهچارانهدا نییه.
كه‌واته دوا جێگره‌وه كه به ده‌سته‌وه مابێت، ئه‌و تێڕوانینه ورده‌یه كه ئه‌مریكا له ساڵی 2003دا هه‌وڵی دا به‌سه‌ر عیراقی‌دا بسه‌پێنێت ئه‌ویش، دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی، كه عیراق هان بدات سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئهندامو نوێنه‌ریان هه‌بێت. ئه‌گه‌ره‌كانی ئاشته‌وایی له نێوان ره‌گه‌زو تایهفهكانداو یه‌كخستنی سه‌ركردایه‌تی، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت وه‌ك بیرۆكه‌یه‌ك له هه‌ڵبژاردنی گشتی داهاتووی عیراقدا ده‌ربكه‌وێت، كه بڕیاره‌ی له مانگی نیسان، یان ئایاری 2018 ئه‌نجام بدرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركرده سیاسییه‌كانیش ئه‌م بابه‌ته یه‌كگرتووانه له‌خۆ نه‌گرن به مه‌به‌ستی به‌هێز كردنی خۆیان‌و رۆڵیان له حكومه‌تدا دوای هه‌ڵبژاردن، هێشتا باشتره له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێك بكرێت تیایدا وروژاندنی ئاڵۆزییه ره‌گه‌زی‌و تایه‌فییه‌كان به‌كار بهێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی تری عیراقدا كراوه له ساڵی 2003وه.
له دوای تێكشكانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ده‌رفه‌تێكی زۆر باش هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنێك كه یه‌كێتی عیراق به‌دی بهێنێت، له‌وانه‌شه یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بێت له وڵاته‌كه‌دا كه بابه‌كان له‌خۆ بگرێت، نه‌ك ناسنامه. زیانیشی پێ ده‌گات ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رفه‌ته بگۆڕێته‌وه به هه‌ڵبژاردنێك ئاڵۆزییه‌كان له‌خۆ بگرێت له نێوان هه‌رێمی كوردستانی دوای راپرسی له‌گه‌ڵ عیراقی فیدراڵ‌دا، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌م شێوازه له كۆتاییدا به قازانجی ئه‌و میلیشیایانه بێت كه ئێران پشتیوانی‌یان لێ ده‌كات، كه له‌وانه‌یه درزی نێوان ره‌گه‌زه‌كان بقۆزنه‌وه، بۆ له‌ناو بردنی میانڕه‌وه‌كانی وه‌ك حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیر. پێویسته ئهمریكاو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش به توندی پشتیوانی له ده‌ست پێ كردنی پرۆسه‌یه‌كی گفتوگۆ بكه‌ن له نێوان به‌غداو كورده‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی عیراق نه‌ك هه‌ر به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه، به‌ڵكو بۆ به‌كار هێنانی ئه‌و میكانیزمانه‌ی عیراقییهكانو كوردیش پێیان باشه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو ببێته لایه‌نێكی كارا‌و سه‌قامگیرو باش له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی خۆرهه‌ڵاتی خواروو
100 جار بینراوە