سەرەکی » وەرزش » گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یمار بۆ بارسیلۆنا له‌ نێوان مانشێت و كاردانه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كاندا

گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یمار بۆ بارسیلۆنا له‌ نێوان مانشێت و كاردانه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كاندا

 ستادیۆم

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یمار له‌یانه‌ی پاریس سان جێرمانه‌وه‌ بۆ یانه‌ی بارسیلۆنا بۆته‌ باسی گه‌رم و ماشێت و هه‌واڵی گه‌رمی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی جیهان.
ئه‌م هه‌واڵه‌ش خۆی بۆخۆی كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی نه‌یمار خۆی تا ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌بێت.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كاتێك بڕیاری رۆیشتنی له‌یانه‌ی بارسیلۆنا دابوو بۆ پاریس سانجێرمان، هه‌مان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستای هه‌بووه‌ هیچی بۆ هه‌واڵه‌كانی ئه‌و رۆیشتنه‌ باس نه‌ده‌كرد.
ئه‌م هه‌واڵه‌ كه‌ئێستا هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ سه‌ره‌تا له‌رۆژنامه‌ی مۆندۆدیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنییه‌وه‌ دزه‌ی كردو ئه‌م ئه‌م گۆمه‌که‌ی شڵه‌قاند، له‌دوا دوو ژماره‌ی خۆیشیدا مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه‌ ئه‌م دوو مانشێته‌ بوون:
*نه‌یمار ئه‌سته‌م نییه‌ (واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بارسیلۆنا ئه‌سته‌م نییه‌).
*ئۆ كه‌ی نه‌ی (له‌م باسه‌شدا ده‌نگی ژوری خۆگۆڕینی یاریزانان و هانده‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یمار ئۆ كه‌ی بووه‌).
ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ئه‌م باسه‌ كه‌ ره‌نگه‌ زۆر بخایه‌نێت و ره‌نگیشه‌ نه‌یمار خۆی به‌ لێدوانێك هه‌موو شته‌كان پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ یان هه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت.

سایتی گۆڵ
یه‌كێك له‌سایته‌ باوه‌ڕپێكراوو ناوداره‌كان سایتی گۆڵه‌و به‌چه‌ندین زمان هه‌واڵ و راپۆرت بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌میش له‌لای خۆیه‌وه‌ راپۆرتێك هه‌بووه‌و تیایدا به‌كورتی ده‌ڵێت: یانه‌ی بارسیلۆنا بڕیاری داوه‌ رێگه‌به‌ نه‌یمار بدات له‌پاریس سانجێرمانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لایان، ئه‌م یاریزانه‌ به‌رازیلییه‌ هاوینی ساڵی 2017 له‌بارساوه‌ چووه‌ یانه‌ پاریسییه‌كه‌، ئه‌وپرۆسه‌یه‌ش به‌ ئاسانی نه‌بوو، به‌ڵكو یانه‌ پاریسییه‌كه‌ ته‌نیا به‌رێگه‌یه‌ك توانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو بكات ئه‌ویش (كه‌سری عه‌قد) ی یاریزانه‌كه‌ بوو كه‌ بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو.
هه‌ر ئه‌و سایته‌ باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌ رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئه‌وه‌ی بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ نه‌یمار نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌و له‌یانه‌ پاریسییه‌كه‌ ئاسوده‌ نییه‌ و ئیداره‌ی یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ش لارییان له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناكۆكی نێوان پی ئێس جه‌ی و بارسا تونده‌و ئه‌م رازیبوونه‌وه‌ی یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بارسا سوور ده‌زانێت نه‌یمار له‌و یانه‌یه‌ به‌رده‌وام نابێت و یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدیش له‌سه‌ر هێڵ و له‌كه‌میندایه‌وه بارسا نایه‌وێت نه‌یمار بچێته‌ ریاڵ مه‌درید.
هه‌ر ئه‌و سایته‌ ئه‌وه‌شی باس كردووه‌ كه‌ نه‌یمار له‌به‌رامبه‌ر قایل بوونی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بارسا ئاماده‌یه‌ بڕی موچه‌ی ساڵانه‌ی كه‌م بكاته‌وه‌.
هه‌رله‌ درێژه‌ی هه‌واڵ و راپۆرته‌كانی سه‌باره‌ت به‌م ده‌نگۆیه،‌ كادینا سێر-یش له‌لای خۆیه‌وه‌ راستی ده‌نگۆكانی دووپاتكردۆته‌وه‌و ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ كه‌ نه‌یمار په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سانی زۆر نزیكی خۆی له‌یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ كردووه‌و ئاره‌زوی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كامپ نو ئاشكرا كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ش جگه‌له‌ مانشێتی رۆژنامه‌و راپۆرتی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كاردانه‌وه‌ی جیاجیا هه‌بوو چ له‌ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه و‌ چ له‌ نێو راگه‌یاندكاره‌كانی ئیسپانیاو جیهانیش.
سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ میسییه‌وه‌ ده‌سپێبكرێت، چونكه‌ وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر هه‌موو یانه‌ی بارسیلۆنا له‌سه‌ر هاتنی یاریزانێك رێكبكه‌ون و له‌به‌رامبه‌ردا میسی ره‌تی بكاته‌وه‌و به‌دڵی نه‌بێت، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ یانه‌كه‌ دروست ده‌بێت.
له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن پێیان وایه‌ میسی رێگر نابێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ زۆریشی پێخۆشبێت، به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتی خۆی و ساڵێك دوای رۆیشتنی نه‌یمار، پرسیار له‌میسی كراوه‌ ئایا تۆ پێتخۆشه‌ نه‌یمار بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسا؟ ئه‌وه‌یش له‌وه‌ڵامدا ووتویه‌تی : ئه‌گه‌ر شته‌كه‌ به‌ده‌ستی من بێت؟ حه‌زده‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ یاریزانێكی لێهاتووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ شتێكی باش ده‌بێت به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی ئاسان نابێت، ئێستا ده‌یڵێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست منبێت به‌ڵێ ئه‌مه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسا.
هیلینا كۆندیس كه‌ نووسه‌رێكی وه‌رزشی سایتی كادینا كوبی-یه‌، ئه‌میش له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت: بۆ بارسا گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یمار قورسه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی بارساو پی ئێس جه‌ی خراپه‌و خلیفی سه‌رۆكی یانه‌ پاریسییه‌كه‌ هه‌روا به‌ئاسانی قایل نابێت و جگه‌له‌وه‌ش نه‌یمار كێشه‌ی 26 ملیۆن یۆرۆی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بارسا هێشتا له‌دادگایه‌و یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌.
رۆجه‌ر سابیراس یه‌كێكی تره‌ له‌ڕاگه‌یاندكاره‌ ناوداره‌كانی ئه‌وروپاو له‌ پێگه‌ی (راك 1) كارده‌كات، ئه‌میش له‌و رووه‌وه‌ ده‌ڵێت:ئه‌م وه‌رزه‌ بارتۆمیۆ له‌گه‌ڵ كاپتن و یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی یانه‌كه‌ كۆبۆته‌وه‌و پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردوون كه‌ ئایا ئه‌وان رازین نه‌یمار بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسیلۆنا، له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌ڵامی ئه‌وان ئه‌رێنی بووه‌و هه‌موویان ووتیوانه‌ به‌ڵێ.
بیلیتی یاریزانی به‌رازیل و پێشووی یانه‌كه‌ش كه‌ئێستا باڵیۆزی یانه‌كه‌یه‌ له‌م رووه‌وه‌ ووتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر نه‌یمار بگه‌ڕێته‌وه‌ لالیگا ئه‌وا به‌بێ هیچ دوو دڵییه‌ك ده‌ڵێم درێسی بارسا له‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌.

چۆنییه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی
دیاره‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌یماریش بۆ بارسا هه‌روا ئاسان نییه‌ و رووبه‌ڕوی كێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه‌، ده‌بێت ئیداره‌ی یانه‌كه‌ قوربانی زۆر بدات، له‌و رووه‌شه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی جیهانی چه‌ندین سیناریۆو رێگه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ده‌توانێت له‌رێگه‌ی یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌توانێت نه‌یمار بباته‌وه‌ ریزه‌كانی.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیش له‌لای خۆیه‌وه‌ له‌راپۆرتێكیدا نووسیویه‌تی: مه‌رجێكی بۆنده‌كه‌ی نه‌یمار له‌گه‌ڵ پی ئێس جه‌ی رێخۆشكه‌ره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بارسا، وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ روونی كردۆته‌وه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ی نێو به‌نده‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یمار له‌هاوینی داهاتوودا 2019- ده‌توانێت بچێته‌ یانه‌یه‌كی تر، به‌و مه‌رجه‌ی یانه‌ی كڕیار 215 ملیۆن یۆرۆ بداته‌ یانه‌ پاریسییه‌كه‌.
هه‌رچی رۆژنامه‌كانی تره‌ ده‌ڵێن نه‌یمار ناتوانێت تا ساڵی 2020 باسی رۆیشتن له‌ یانه‌ پاریسییه‌كه‌ بكات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له‌بۆنده‌كه‌یدا هاتووه‌ ده‌بێت نه‌یمار 3 وه‌رز له‌و یانه‌یه‌ ته‌واو بكات، ئه‌گه‌ر رۆیشتیش ئه‌وا یانه‌ی كڕیار ده‌بێت بڕی 215 ملیۆن یۆرۆ بدات.
رۆژنامه‌یه‌كی فه‌ره‌نسیش باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ راكیتیچ و دیمبلی و بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بكاته‌ قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یمار بباته‌وه‌ ریزه‌كانی خۆی.
له‌لای خۆشییه‌وه‌ رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی راپرسییه‌كی له‌ ژوری خۆگۆڕینی یاریزانان و له‌نێو خوێنه‌رانی خۆیشیدا كردووه‌ و راپرسییه‌كه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له‌ بووه‌و له‌هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ش ناڕه‌زایه‌تی یه‌كجار كه‌م هه‌بووه‌، هه‌موو پێیان خۆشه‌ نه‌یمار بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسیلۆنا به‌مجۆره‌:
*تۆ ئاره‌زو ده‌كه‌یت نه‌یمار بێته‌وه‌ بارسیلۆنا، %65:4 به‌ڵێ و %35:53 نه‌خێر بووه‌.
*پرسیاری دووه‌میش ئه‌وه‌بووه‌(تۆ پێتوایه‌ نه‌یمار باشی كرد بارسای جێهێشت؟، وه‌ڵامیش %92:94 پێیان وابووه‌ نه‌خێر شتێكی خراپی كرد، %7:5 یش له‌وان پێیان وابووه‌ هه‌نگاوێكی باشی ناوه‌.

 32 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*