سەرەکی » ئاراستە » پۆلێك له‌ و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌پێناو ئاشكراكردنی راستیدا گیانیان به‌ختكردوه‌

پۆلێك له‌ و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌پێناو ئاشكراكردنی راستیدا گیانیان به‌ختكردوه‌

ئومێد عوسمان

– له‌مێژووی كاری رۆژنامه‌وانی ئیستقسائی (investigative) دا كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووسی ناودار له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ده‌ركه‌وتوون و دواتر له‌پاش به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كاره‌كانیان یاخود له‌سه‌ر ره‌خنه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی راستی و زانیارییه‌كان رووبه‌ڕووی رفاندن و زیندانیكردن و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌.
لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ژماره‌یه‌ك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌پێناو باوه‌ڕوونیان به‌و كاره‌ی كه‌ كردویانه‌ گیانی خۆیان بۆ به‌خت كردوه‌ و له‌ئێستاشدا بوونه‌ته‌ سیمبوڵی ئازایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له‌نێو كایه‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌وانیدا .

– (دروسی كیلگالن- (Dorothy Kilgallen
ده‌ستپێده‌كه‌ین.دروسی كیلگالن،یه‌كێك بوو له‌و ژنه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ كاری به‌دواداچوونی له‌سه‌ر كه‌یسی كوژرانی جۆن كنێدی سه‌رۆكی پێشووتری وڵاته‌كه‌ی كرد،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌دوای گه‌شتن به‌كۆمه‌ڵێك زانیاری و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی كوژرا.
دروسی كیلگالن ( 1913-1965) ، له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك په‌یامنێر بۆ رۆژنامه‌ی نیویۆرك كاریكردوه‌و دواتر بوه‌ته‌ ستووننووسی رۆژنامه‌كه‌، پاشان له‌ساڵی 1950 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ستافی به‌نارمه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی My Line .

– نۆربه‌رت زۆنگۆ(1949-1998
یه‌كێكی له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ له‌سه‌رهه‌مان رێباز گیانی خۆی به‌ختكرد نۆربه‌رت زۆنگۆ بوو، ناوبراو له‌كانوونی یه‌كه‌می 1998، له‌بۆركینا فاسۆ ، نۆربرت به‌چه‌ند گولله‌یه‌ك خه‌ڵتانی خوێن كرا ، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌دواداچوونێكی ئیستقسائی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكارانی نێو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌مه‌ی وڵاته‌كه‌ی زنجیره‌یه‌ك به‌دواداچوونی رۆژنامه‌وانی بڵاوكرده‌وه‌.
ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌بۆركینا فاسۆ رۆژنامه‌ی (L>Indépendant) به‌رێوه‌ده‌برد، ناوبراو یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی داكۆكی له‌مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كردو به‌شدارییه‌كی كاراشی هه‌بوو له‌دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌وڵاته‌كه‌یدا.
زۆنگۆ له‌پاڵ كاری رۆژنامه‌نووسی كاری ئه‌ده‌بیشیكردوه‌ ، رۆمانی (Le Parachutage) یه‌كێكه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی،كه‌ تیایدا ره‌خنه‌ی له‌سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌و ده‌مه‌ی تۆگۆ (گناسینگبی ئیادیما) گرتوه‌.
له‌ساڵی 1991 ، ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌رۆژنامه‌ی(La Clef) كاریكردوه‌ كه‌یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ بووه‌ له‌وڵاته‌كه‌یدا ره‌خنه‌ی ئاشكرای له‌حكومه‌ت گرتووه‌.

– ئانا پۆلیتكۆ ڤسكایا(1958-2006)
ژنه‌ رۆژنامه‌نووس (ئانا پۆلیتكۆ ڤسكایا) له‌تشرینی یه‌كه‌می 2006 ،له‌مۆسكۆی پایته‌ختی روسیا ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سیاڵیادی له‌دایكبوونی ڤڵادیمیر پۆتین.
كوژرانی ئانا دوای ئه‌وه‌ هات،كه‌ به‌دواداچوونی كرد بۆ جه‌نگی روسیا له‌چیچان كه‌ ئه‌و كات پۆتین ببوه‌ سه‌رۆكی روسیا.
به‌ نه‌یاری سیاسه‌ته‌كانی پۆتین و دژایه‌تیكردنی جه‌نگی وڵاته‌كه‌ی له‌چیچان ده‌ناسرا. له‌پاش ساڵی 1999 وتارو بڵاوكراوه‌كانی له‌باره‌ی چیچانه‌وه‌ له‌رۆژنامه‌ی (نۆڤیا گازیتا)ی روسی بڵاوده‌كرده‌وه‌ .ئه‌و ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی جیهانی بوو له‌وانه‌ خه‌ڵاتی (گییرمۆكانو)ی یونسكۆ،كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئازادی رۆژنامه‌وانی كه‌ له‌دوای مردنه‌كه‌ی له‌ساڵی 2007 خه‌ڵاتكرا.
ئانا ده‌رچوونی ساڵی 1980ی كۆلیژی راگه‌یاندن بوو له‌زانكۆی مۆسكۆ ، له‌سه‌ره‌تای كاركردنی وه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌رۆژنامه‌ی (ئیزڤیستیا) كاریكردوه‌ و له‌ماوه‌ی ژیانیشیدا بۆ چه‌ند جارێك هه‌وڵی كوشتنی دراوه‌ ،كه‌دواترینیان سه‌ریگرت و كۆتایی به‌ژیانی هێنا.

– چونسی بیلی( 1949-2007)
چونسی بیلی – Chauncey Bailey ، یه‌كێكی تره‌ له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌مریكاییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كه‌یسی ره‌وه‌ندی ئه‌مریكی به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریقی كاری ده‌كرد. ماوه‌ی كاری رۆژنامه‌وانی چۆنسی نزیكه‌ی 37 ساڵ بوو، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌كو په‌یامنێر كاری كردوه‌ بۆ رۆژنامه‌كانی (THE DETROIT NEWS ، THE OAKLAND TRIBUNE) و چه‌ند ناوه‌ندێكی تری راگه‌یاندن كاری كردوه‌و بووه‌ته‌ بێژه‌ری BAY AREA له‌ رادیۆی KDIA دوا پۆستیشی سه‌ر نووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئۆكلاند پۆست بووه‌ له‌ئۆكلاندی سه‌ر به‌ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2007 له‌ناوه‌ڕاستی شاری ئۆكلاند ده‌سترێژی گولله‌ی لێكراو كوژرا.
له‌پاش مه‌رگی هاوپیشه‌كانی له‌نێویشیاندا نوێنه‌ری كۆمیته‌ی داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نووسان كۆبونه‌وه‌و ته‌به‌نی پرۆژه‌یه‌كیان كرد به‌ناونیشانی پرۆژه‌ی چۆنسی بیلی بۆ درێژه‌دان به‌كاره‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌نووس و گه‌ڕان به‌دوای بكوژانیدا كه‌دواتر چه‌ند كه‌سێك له‌له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ی ده‌ستگیركراون و له‌كوژرانی چۆنسی تێوه‌گلابوون.
وه‌ك هاوپیشه‌كانی ئاماژه‌یان پێكردوه‌، چۆنسی سه‌رگه‌رمی به‌دواداچوون بووه‌ له‌باره‌ی دیار نه‌مان و دزینی بڕێكی زۆر له‌پاره‌ی پرۆژه‌یه‌كی لۆكاڵی ناسراو به‌ نانه‌واخانه‌ی موسڵمانه‌ ره‌شه‌كه‌.
یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ گلابوو ،فه‌رمانبه‌رێكی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بوو به‌ناوی (دیفاگندر برۆسارز) كه‌ له‌دوای ده‌ستگیركردنی ددانی به‌تاوانه‌كه‌یدا نابوو كه‌ به‌رمانی به‌رێوه‌به‌ری پرۆژه‌كه‌ی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامدابوو..
رۆبه‌رت رۆزنتال، بریكاری داواكاری گشتی ئه‌وه‌ی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌ی چۆنسی بیلی رۆڵی‌ خۆی گێڕاوه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ بۆ ئیدانه‌كردنی تۆمه‌تباره‌كان.

– سۆكراتیس جیولیاس(2010-1973)
ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ یۆنانیه‌ له‌ته‌موزی ساڵی 2010 له‌ ئه‌سینای پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی رۆژنامه‌نووسیكرد له‌باره‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی له‌بواری بازرگانیدا له‌ئارادابوون.
سۆكراتیس وه‌ك رۆژنامه‌نووس و بێژه‌ر له‌ به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كاندا كاریده‌كرد ، هه‌رچه‌نده‌ ناسنامه‌ی بكوژه‌كانی ئاشكرا نه‌بوون به‌ڵام ئه‌و چه‌كه‌ی كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی له‌نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ئه‌سینا پێكوژراوه‌ هه‌مان ئه‌و جۆره‌ چه‌كه‌یه‌ كه‌ چه‌په‌ توندڕه‌وه‌كانی یۆنان به‌كار ده‌هێنن له‌هێرشه‌كانیاندا دوای تێپه‌ڕبوونی 25 ساڵ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین رووداوی له‌و جۆره‌ بوو كه‌ تیایدا رۆژنامه‌نووسێك له‌و وڵاته‌ بكوژرێت.
سۆكراتیس دوا پۆستی به‌رێوه‌به‌ری به‌شی هه‌واڵی رادیۆی (Thema FM) بوو،هه‌روه‌ها یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سایتی هه‌واڵی ترۆكتیكۆ .
به‌وته‌ی پۆلیسی یۆنانی كوژرانه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌دواداچوونانه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كامی گروپێكی چه‌پڕه‌وی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامیداون.

– مایكل هاستیگنز(1980-2013)
ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌مریكاییه‌(Michael Hastings) به‌هۆی رووداوی هاتووچۆوه‌ له‌لۆس ئه‌نجلوس گیانی له‌ده‌ستدا، كه‌یه‌كێك بوو له‌ رۆژنامه‌نووس و په‌یامنێره‌ جه‌نگییه‌كان و رووماڵی شه‌ڕه‌كانی عیراق و ئه‌فغانستانی ده‌كرد . ساڵی 2008یه‌كه‌مین كتێبی چیرۆكێك بوو به‌ناونیشانی (I Lost My Love in Baghdad) بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تیایدا باس له‌ یاخیبون و توندوتیژییه‌كانی عیراق و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خۆشه‌ویستیه‌ی خۆی ده‌كات ،كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندریا بارهاموڤیچی ده‌ستگیرانی هه‌یبوو، كه‌ ئه‌ویش وه‌ك كارمه‌ندی رێكخراوێكی مه‌ده‌نی له‌عیراق كاری ده‌كردو له‌بۆسه‌یه‌كدا ساڵی 2007 له‌م وڵاته‌ كوژرا.
مایكل هاستیگنز رووماڵی شه‌ڕه‌كانی بۆ گۆڤاری نیوزویك ده‌كردو له‌ساڵی 2010شدا خه‌ڵاتی جۆرج پۆلكی پێدرا له‌به‌رامبه‌ر راپۆرتێكی له‌دژی ژه‌نه‌راڵ ستانلی ماكریستاڵ یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌نێو ریزه‌كانی سه‌ربازانی ناتۆ له‌ئه‌فغانستان، كه‌دواتر به‌هۆی ئه‌و راپۆرته‌وه‌ ماكریستاڵ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند. ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ ئیداره‌ی باراك ئۆباماو دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گرت به‌تایبه‌تیش ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی كه‌ ئیداره‌ی ئۆباما خستبوویه‌ سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌وانی.
له‌ساڵی پاردا بریان داین له‌تارێكیدا كه‌ له‌ سایتی(www.wsws.org) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ گومان له‌رووداوی مردنه‌كه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ویكلیكس به‌شی هه‌واڵگری ئه‌له‌كترۆنی له‌ ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مریكا (CIA) كه‌ ناسراوه‌ به‌(Cyber Intelligence) له‌توانایدا هه‌یه‌ دزه‌ بكاـه‌ نێو سیستمی لێخوڕینی ئۆتۆمبیله‌ نوێكان و ئه‌مه‌ش گومانی له‌سه‌ر رووداوی مردنه‌كه‌ی مایكل هاستیگنز په‌یامنێری Rolling Stone زیاتر كردوه‌ ،،كه‌ راپۆرتێكی بووه‌ هۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی سوپای ئه‌مریكا له‌ئه‌فغانستان، له‌كاتێكدا خێرایی رۆیشتنی ئۆتۆمبیلی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ته‌نیا 100 میل بووه‌ له‌كاتژمێرێكدا. وه‌ك بریان داین له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی مایكل هاستیگنز به‌ر له‌مردنی سه‌رقاڵی به‌دواداچوون بوه‌ له‌باره‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ره‌كی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا، هه‌ربۆیه‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ده‌ستكاری ئۆتۆمبیله‌كه‌ كرابێت.

– پاڤڵ شارمێت (1971-2016 )
رۆژنامه‌نووس پاڤڵ شارمێت كه‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی وڵاتی روسیای سپی بوو،هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی بكالوریۆسی به‌شی مێژوو بوه‌و ،دواتریش له‌كۆلیژی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان درێژه‌ی به‌خوێندن داوه‌و تا ساڵی 1992 له‌ بانك كاری كردوه‌.
پاشان وه‌ك راوێژكاری به‌رنامه‌یه‌كی ئابووری و بێژه‌ر كاری له‌ته‌له‌فیزیۆنی بیلا روسیا كردوه‌.دواتر بووه‌ته‌ سه‌ر نووسه‌ری رۆژنامه‌ی بیلاروسیا دیلۆفایا.
وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی ئازاو بوێر خه‌ڵاتی ئازادی رۆژنامه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی پێدراوه‌و له‌ 22ی نیسانی ساڵی 2002شدا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی په‌رله‌مانیی سه‌ر به‌ رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری له‌ئه‌وروپا خه‌ڵاتێكی تایبه‌ت به‌رۆژنامه‌وانی و دیموكراسی پێبه‌خشراوه‌.
پاڤڵ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك فیلمی دۆكیومێنته‌ریه‌ له‌وانه‌ : رۆژانه‌ی چیچان،وایڵد هانت ، ئیمپراتۆریه‌تی ساڵی پار. له‌ساڵانی دوایشدا له‌رۆژنامه‌ی (هه‌قیقه‌تی ئۆكرانیا-ئۆكرایسنا براڤدا) كاریكردوه‌، كه‌یه‌كێكه‌ له‌و رۆژنامانه‌ی نه‌یاری سه‌رسه‌ختی هه‌ژموونی روسیابوو.
له‌ 20-7-2016 له‌رێگه‌ی مینرێژكردن و ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی له‌شاری كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا پاڤڵ شارمێت كوژرا.

– دافنی كاروانا گالیزیا (1964-2017)
ئه‌م خاتوونه‌ یه‌كێك بوو له‌بلۆگه‌ره‌ ناوداره‌كانی دوورگه‌ی ماڵتا كه‌ به‌دواداچوون و وتاری له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌،كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و كاربه‌ده‌ستانی نزیك به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵتا تێوه‌یگلابوون. دافنی كه‌دایكی سێ منداڵ بوو، یه‌كێكیان ئه‌ندامی تیمی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی ئیستقسائییه‌ و له‌به‌رامبه‌ر به‌دواداچوونه‌كانیدا خه‌ڵاتی پۆلیتزری پێدراوه‌ . دافنی له‌ساڵی 1987 و له‌ماوه‌ی نه‌وه‌داكاندا ستوونی بۆ زۆرێك له‌رۆژنامه‌كانی ماڵتا نووسیوه‌و له‌16ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی پاریس وتارێكی بڵاوكرده‌وه‌ ،كه‌تیایدا ره‌خنه‌ له‌به‌رپرسێكی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێت .
به‌ر له‌وه‌ی له‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017 ئۆتۆمبیله‌كه‌ی بته‌قێنرێته‌وه‌و له‌و رووداوه‌دا گیان به‌خت بكات، له‌ساڵی 3013شدا بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانی ده‌كرێت ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر وتارێكیدا له‌دژی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵتا كه‌ ئه‌و ده‌م ئۆپۆزسیۆن بووه‌.
گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئه‌مریكی له‌ پۆلێنكردنێكیدا دافنی كاروانا گالیزیای له‌ریزبه‌ندی 28ه‌مینی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌دا داناوه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی راپۆرته‌كانیه‌وه‌ ئه‌وروپای جوڵاندووه‌.

– ڤیكتۆریا مارینۆڤا (1988-2018)
ئه‌م ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ بوڵگارییه‌ كه‌ له‌ كه‌ناڵی Tvnی وه‌ك بێژه‌رو پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی (دیكتاتۆر) كاریكردوه‌ له‌دوا هه‌ڵقه‌ی به‌رنامه‌كه‌یدا باسی له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ كردوه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ سندوقی په‌ره‌پێدانی سه‌ر به‌یه‌كێتی ئه‌وروپا.
رۆژی 7ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ته‌رمی ئه‌م ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ به‌خنكێنراوی له‌ نێو باخچه‌یه‌كی كه‌ناری رووباری دانوب دۆزرایه‌و پۆلیسی بولگاریش دوا به‌دوای پشكنینی ته‌رمه‌كه‌ ئاشكرایكرد كه‌ ئه‌و ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ به‌ر له‌كوشتنی ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌رو پاشان خنكێنراوه‌. دواتر پۆلیسی بولگاری ده‌ستگیر كردنی بكوژی ئه‌و ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ی راگه‌یاند و ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌هۆكاری كوشتنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
تێبینی : نه‌مویستوه‌ له‌بری وشه‌ی ئیستقسائی، بنكۆلكاری به‌كاربهێنم كه‌ له‌كوردیدا ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ دانراوه‌ له‌كاتێكدا بنكۆڵكردن دووره‌ له‌پیشه‌و كاری رۆژنامه‌وانی كه‌ پێویستی به‌هێزی زهنی و جه‌سته‌یی هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌:
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌كۆمه‌ڵێك سایت و وتاری رۆژنامه‌نووسانی بیانی وه‌رگیراوه‌

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*